بڕیاری نوێ‌ بۆ چێشتخانە و چایخانەكانی هەولێر دەرچوو

:: AM:11:33:04/06/2020 ‌
پارێزگاری هەولێر ڕای دەگەیەنێت، پێویستە سەرجەم ئەو شوێنانەی كراونەتەوە وەك چێشتخانە و چایخانەكان، پابەندی ڕێنوێنییەكان بن، ئەگەرنا سزا دەدرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری حوزەیران، فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، پێویستە بزانرێت ئێستە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناو كۆمەڵگایە و ناچارین ژیان بەردەوام پێ بدەین، بەڵام بە پابەندبوون بە ڕێنوێنییە تەندروستییەكان.

خاوەنی چێشتخانە و چایخانە و هەموو ئەو شوێنانەی كە قەرەباڵغی تێدا دروست دەبێت، دەبێ پابەندبن بە بەكارهێنانی دەمامك و دەستكێش
پارێزگاری هەولێر گوتی، ژمارەیەك لە تووشبووان لە هەولێر دۆخیان خراپە و ژیانیان لە مەترسیدایە، بۆیە ڕێ نادەین خەڵك سەرپێچی ڕێنوێنییەكان بكەن و ژیانیان بكەوێتە مەترسی.

باسی لەوەش كرد، هەر شۆفێرێكی تاكسی و سەرنشینەكەی بەبێ ماسك و دەستكێش بن، راستەوخۆ بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ غەرامە دەكرێت، هەروەها خاوەنی چێشتخانە و چایخانە و هەموو ئەو شوێنانەی كە قەرەباڵغی تێدا دروست دەبێت، دەبێ پابەندبن بە بەكارهێنانی دەمامك و دەستكێش و پاراستنی دووریی نێوان دوو كەس، هەر شوێنێكیش پابەند نەبێت جارێك یان دوو جار، سزا دەدرێت و دواتر شوێنەكەی دادەخەین.

ڕوونی كردەوە، دەمانەوێت هاوسەنگی لە نێوان ژیان و كار و كاسبی خەڵك و تەندروستی هاووڵاتییان دروست بكەین، بۆیە بڕیاری كردنەوەی شوێنەكانمان داوە.



وشە - رامیار جەواد