هونەرمەندێكی رووسی زنجیرەیەكی سینەمایی بەرهەم دێنێت

:: PM:01:08:04/06/2020 ‌
گوتەبێژی خانەی سینەمای "ئۆنلاین" لە پێگەی ئەلیكترۆنیی " Premier"ی رووسیایی رای گەیاندووە، لەلایەن هونەرمەندێكی كۆمیدیی رووسی زنجیرەیەكی سینەمایی دێتە بەرهەم كە لە 10 چیرۆكی تایبەت بە كەرەنتین پێكدێت.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ پێنجشەم چواری حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، گوتەبێژی خانەی سینەمای "ئۆنلاین" لە پێگەی ئەلیكترۆنیی " Premier"ی رووسیایی رای گەیاندووە، ئەو زنجیرە سینەماییە كە بڕیارە بێتە بەرهەم، بەناوی "رۆژانی نەفرەتلێكراو"ـە و هونەرمەندی كۆمیدی رووسی "سیمیۆن سلیباكۆف" بەرهەمی دێنێت.

زیاتر روونی كردووەتەوە، زنجیرە سینەمایی "رۆژانی نەفرەتلێكراو" لە 10 چیرۆك پێكدێت و رۆشنایی دەخەنە سەر ئەوكاتانەی كەسەكان لە رووسیا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ناتوانن بۆ جێی كارەكانیان بڕۆن و ناچارن لە ماڵەوە كارەكانیان بەڕێوە ببەن، واتە لەكاتی كەرەنتیندا كارەكانیان بەڕێوە دەبەن.

لەبارەی چیرۆكەكان و كردنیان بە فیلمی سینەمایی، ئەوە روون كراوەتەوە ئەو هونەرمەندانەی رۆڵی سەرەكی لە فیلمەكاندا دەبینین، نموونەیان ئانا میخالكۆفا، ڤیۆدۆر بۆندارچۆك، باڤێڵ دێریفینكۆ و چەندان ئەكتەری تر.

تەواوی چیرۆكەكان لە نووسین و سیناریۆی سیمیۆن سلیباكۆف خۆیەتی بە هاوكاریی دەرهێنەر مەكسیم توخانین بەكۆتای هێناون.

بەپێی پێگە عەرەبییەكە، سیمیۆن بۆ ئاژانسی "تاس"ی رووسیایی گوتوویەتی، پێشتر پێنج چیرۆكی لەبارەی ئەوانە نووسیوە كە لە قۆناغی كۆرۆنادا لە دەرەوە كارەكانیان بەڕێوە دەبن، پێنج چیرۆكەكەی تریش لەبارەی ئەوانەیە كە لە ماڵدا خۆیان كەرەنتین كردووە و هاوكات كارەكانیان بەڕێوە دەبەن كە ئەوەیش پێوەندی بە جۆری كارەكانەوە هەیە.

لەدوای تەواوبوونی فیلمەكان، لەڕێی ئینتەرنێتەوە پێشانی خەڵك دەدرێن.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د