پەرلەمانی ئیسرائیل "كنێست" ئەمڕۆ داوای لە سەرجەم ئەندامەكانی و هەموو ئەو كارمەندانەی لەوێ كار دەكەن كرد، نەیەنە باڵەخانەی پەرلەمان و لە ماڵەكانیان بمێننەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەندامێكی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە.
پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ پێنجشەم چواری حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، لە بەیاننامەیەكدا پەرلەمانی ئیسرائیل رای گەیاند، لەبەرئەوەی ئەندامێكی لە لیستی عەرەبەكان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، بۆیە داوا لە ئەندامەكانی و ئەوانەی لەوێ كاردەكەن، لە ماڵەكانیان بمێننەوە و نەیەنە باڵەخانەی پەرلەمان.
زیاتر روونی كردەوە، سامی ئەبوشەحادە كە لە لیستی عەرەبەكانە، تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، ئەو ئەندام پەرلەمانەیش لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، دوای ئەوەی پشكنینم كردووە، لە ئەنجامدا دەكەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنام، بۆیە داوا لە هەموو ئەوانە دەكەم كە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو تێكەڵی من بوون، بچن پشكنین بكەن نەك ئەوانیش تووش بووبن.
لەوەتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە دنیادا بڵاو بووەتەوە، تا ئێستە لە ئیسرائیل 17 هەزار و 300 كەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون، لەناویاندا 290 كەس گیانیان لە دەست داوە. لەكاتێكدا نۆ ملیۆن كەس ژمارەی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەیە.