زانیاری لەسەر رێكخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەران

:: PM:06:59:04/06/2020 ‌
بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، بەپێی یاسای چاكسازی، دەرماڵەی ئەوانە دەبڕێ‌ كە نایاسایین یان بە زیاد دراوە بە فەرمانبەران، به‌ڵام دەستكاریی دەرماڵەی جێگیر ناكرێ‌.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری حوزەیران، محەمەد سەعدەدین بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە" باسی لەو بڕگەیە كرد كە لە یاسای چاكسازی دەرماڵەكانی پێ ڕێكدەخرێتەوە و دووپاتی لەوە كردەوە كە " پێویستە فەرمانبەران ترسیان نەبێت و دەرماڵەی فەرمانبەری ئاسایی نابڕدرێ‌".

مووچەی پلە باڵاكان كەم دەكرێتەوە تا ئەو ئاستەی كە جیاوازی زۆر لەنێوان مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان نەمێنێت
پەرلەمانتارەكەی كوردستان دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەو دەرماڵانەی كە بەپێی یاسا دانەنراون و بەشێوەیەكی زیاد دەدرێ‌ بە هەندێك فەرمانبەر ئەوە دەبڕدرێ‌.

هەروەك باسی لەوە كرد كە مووچەی پلە باڵاكان كەم دەكرێتەوە تا ئەو ئاستەی كە جیاوازی زۆر لەنێوان مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان نەمێنێت.

ئەو لێدوانەی پەرلەمانتارەكەی كوردستان لەكاتێكدایە كە دوێنێ‌ د.جووتیار عادل گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە رێكخستنەوەی دەرماڵەكان لە قازانجی ئەو فەرمانبەرانە دەبێت كە مووچەیان كەمە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم