گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رای گەیاند كە فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان چەندان گورزی ئاسمانیان لە ئامانجەكانی داعش وەشاندووە، جیا لە بەڕێوەچوونی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی هێزەكانی عێراق، بەوهۆیەوەش دەیان چەكداری داعش كوژراون.
عەمید یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە، دەزگەی دژەتیرۆری عێراق بە فەرمانی فەرماندەی گشتی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەی ئۆپراسیۆنی هاوبەش و هێزی ئاسمانی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، چەند كردەیەكیان لە دژی چەكدارانی داعش لە چەند ناوچەیەك ئەنجام داوە.
زیاتر گوتی، هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 26 گورزی ئاسمانیان لە ئامانجەكانی داعش لە چیای قەرەچووغ لە باشووری شارۆكەی مەخموور وەشاند، بووەتە هۆی وێرانكردنی 46 ئەشكەوت و كوشتنی 19 چەكداری داعش، جیا گرتنی دوو چەكداری داعش لە شارۆكەی حەویجە، لە پارێزگای ئەنباریش سێ بارەگای داعش وێران كران.
هەر ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا، سیروان بارزانی، بەرپرسی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ و مەخموور رای گەیاند، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانوویانە توونێلێكی داعش لەو ناوچەیە بۆردمان بكەن كە 12 چەكداری داعشی تیادا بووە، كە دوای هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە ئەو توونێلە لە چیای قەرەچووغ بەرانبەر گوندی عەلی رەش ئاشكرا بووە، بۆیە شەوی رابردوو هاوپەیمانان دووجار بۆردمانیان كردووە.