ناوی كاندیدانی كورد بۆ هەردوو وەزارەتی دەرەوە و دادی عێراق دراوەتە پەرلەمان

:: PM:09:43:04/06/2020 ‌
 
دوو ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بارەی دانیشتنی پەرلەمان و دەنگدان بە كابینە تەواو نەكراوەكەی مستەفا كازمی، باس لەوە دەكەن كە لە دانیشتنی هەفتەی داهاتوو، دەكرێت دەنگ لەسەر كاندیدی وەزارەتە تەواو نەكراوەكان بدرێت و دووپاتی دەكەنەوە، كاندیدی دوو وەزارەتی كورد دیاریكراوەن.

رێزان شێخ دلێر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقمان بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام بە پێی ئەو لیستەی كە دراوەتە پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر كابینە تەواو نەكراوەكەی مستەفا كازمی دەدریت.
یەكێتی و پارتی كێشەیان لەسەر كاندیدان نییە
زیاتر گوتی، بە پێی لیستەكە و ناوی كاندیدەكان، بۆ هەردوو وەزارەتی دەرەوە و داد، كە پشكی كورد و بەركەوتەی پارتی و یەكێتین، بۆ وەزارەتی دەرەوە ناوی فوئاد حوسێن هاتووە، بۆ وەزارەتی دادیش ناوی حاكم سالار هاتووە، كە وەك یەكێتی هیچ كێشەمان لەگەڵیدا نییە و خەڵكی كەركووكە و ئێمە لاریمان لێی نییە و كێشەیش دروست نابێ لە كاتی دەنگدان.

ناسر یووسف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، تاكە كاندیدمان بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە، فوئاد حوسێنە و ئەو لە لیستەكەدا هاتووە بۆ ئەو وەزارەتە، لە ئێستەوە هیچ قسەمان لەسەر بوونی كێشە نییە و چاوەڕێی كۆبوونەوەكە دەكەین كە ئەنجام دەدرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل