نووسینگەی ڕۆژنامەوانی فازڵ میرانی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە

:: AM:09:45:05/06/2020 ‌
نووسینگه‌ى تایبه‌تى فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتى كوردستان، لەبارەی بەشداربوونى لە کۆبوونەوەیەکی "میت" ڕوونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە.

ئەم ئاژانسانە بیر لە میسداقیەتی خۆیان بكەنەوە و چیتر خەڵك بە هەواڵی بێ بنەما چەواشە نەكەن
لە ڕوونكردنەوەیەكدا نوسینگەی ڕۆژنامەوانی فازڵ میرانی ڕەت كردووه‌ته‌وه‌ سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، بەشداری كۆبوونەوەیه‌كى كردبێت لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) لە شاری دهۆك.

لە ڕوونكردنەوەكه‌دا هاتووه‌، "بەشی توركی ئاژانسی "فوڕات نیوز"ی سەر بە پەكەكە، هەواڵێكی بڵاو كردووەتەوە گوایە فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشداری كۆبوونەوەیەكی كردووە لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) لە شاری دهۆك بە مەبەستی ئامادەكردنی هێزێكی 200 كەسی كە جلوبەرگی پەكەكەیان لەبەردا بێت و چەندان شوێن و دەزگای هەستیاری وەكو پۆلیس و ئاسایش بكەنە ئامانج بۆ بیانوگرتن بۆ لێدانی دەنگی ناڕازیی ناوچەی بادینان و چەند ناوچەیەكی ترى كوردستان دواتریش بەم بیانوەوە پەكەكە بكرێتە ئامانج و لە بارەگاكانی بدرێت."

نوسینگەی فازڵ میرانی ئاشكراى كردووه‌، "وێڕای بەدرۆخستنەوەی سەرلەبەری هەواڵەكە، بە پێویستمانزانی ڕوونی بكەینەوە كە فازڵ میرانی بەشداریی هیچ كۆبوونەوەیەكی لەم جۆرەی نەكردووە. داوایش دەكەین ئەم ئاژانسانە بیر لە میسداقیەتی خۆیان بكەنەوە و چیتر خەڵك بە هەواڵی بێ بنەما چەواشە نەكەن، خۆشیان لە هەواڵی بێ بنەما بەدور بگرن."


وشە - محەمەد میران