ئومێد خۆشناو: ڕەنگە ماوەیەکی تر بڵێن فەیسبووك هی پاراستنە

:: PM:12:31:06/06/2020 ‌
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، داخستنی ئەو هەموو پەیج و ناوەندە چەواشەكارە لەلایەن كۆمپانیای فەیسبووك، ڕەنگە لە داهاتوو وابكات بڵێن كۆمپانیای فەیسبووكیش لە پاراستن دەردەچێت.

ئەمڕۆ شەموو شەشی حوزەیران، ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر ڕاپۆرتی كۆمپانیای فەیسبووك بۆ داخستنی كۆمەڵێك پەیجی ساختەی یەكێتی بڵاوی كردووەتەوە، 270 هەزار دۆلار لە كوێ هات و چۆنتان بەبا دا، ئاخر فرمێسكی تیمساحی ئێوە بۆ بژێوی نانی هەژارێك بوو، خەونی حوشتری ئێوە بۆ خەوی زڕاوی قەردارێك بوو، دە پێمان بڵێن ئەو هەزاران دۆلارەتان لە كوێ هێنا و چۆنتان خەرج كرد.

خۆشناو لە نووسینەكەی دەڵێت، 270 هەزار دۆلار خەرجی ڕۆژانەی چەند ڕۆژی هەزاران خێزانی هەژارە، ئێوە لە ئیرهابی فیكری و شكاندنی ئەم و ئەوتان خەرج كرد.

ئەوان هیچ بەهایەک بۆ پوول و پارە دانانێن، ئەگەرنا لە ئێوە پارەدارتر و چەورتریان دەست ناكەوێ 
باسی لەوەش كردووە، ئەو ڕاپۆرتەی بڵاو بووەتەوە نە قسەی پاراستنە نە لەشكری حزبە، ئەوان ڕاستی و ماهیەتی ئێوە دەزانن، ئەوان هیچ بەهایەک بۆ پوول و پارە دانانێن، ئەگەرنا لە ئێوە پارەدارتر و چەورتریان دەست ناكەوێ، بەڵام ئاكاری نەشیاوی ئێوە، لای ئەوان ڕەت كراوەتەوە.

ئەوەشی باس كردووە، من جگە لە باوەڕی سیاسی و باوەڕی فیكری و هەرچییەكی تر، یەكێكم لەوانەی زۆرم دەرهەق كرا و هەمیشەش بە دەنگی زوڵاڵ گوتم، باكم نییە و بێمنەت بن، چی لەدەستان دێت بیكەن، هەروەها ماوەیەكی كەمە هەرچی تەشهیر و ناو و ناتۆرەی ئێوە هەیە لای خۆم سەیڤ یان سكرینیان دەكەم، زیاتر لە دوو هەزار بابەت و كاریكاتێر و پۆست و جنێوی ئێوەم دەرهەق بەخۆم كۆپی كردووە.

لە كۆتایی نووسینكەی دەڵێت، خودا ڕووی خۆتان و باب و باپیرتان ڕەش بكات، بە قووت و پارەی خۆمان جوێنمان پێ دەدەن، هەركە ئەو ڕاپۆرتەم بینی دڵم داكەوت و ئارام بووم، كە ئێوەی ناپاك و دوور لە مۆڕاڵ و ئەخلاقی ئینسانی، ڕووی ڕاستی درۆ زلەكانتان بۆ هەموو لایەك دەردەكەوێ، هەروەها ڕەنگە لە داهاتوودا بڵێن كۆمپانیای فەیسبووك لەلایەن پاراستنەوە خاوەندارییەتی دەكرێت.

ئەو قسانەی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە كاتێكدایە، فەیسبووك ڕاپۆرتێكی لەبارەی پەیج و ئەكاونتە فەیكەكان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك و ئینستاگرام بڵاو كردووەتەوە كە لە هەرێمی كوردستان دایخستوون، ژمارەیان دەگاتە 400 پەڕە و ئەكاونت و سەر بە دەزگای زانیاری و لاهوور شێخ جەنگین، ئەو پەیج و ئەكاونتانەی لاهوور شێخ جەنگی درۆ و پروپاگەندەیان دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و ماڵباتی بارزانی بڵاو كردووەتەوە.



وشە - رامیار جەواد