ئەحمەد سەفار: داڕووخانی نرخی نەوت لاوازیی ئابووری عێراقی پێشان دا

:: PM:10:28:06/06/2020 ‌

ماوەی چەند مانگێكە تەواوی دنیا بەدەست تەنگژەی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و لێكەوتەكانیان دەناڵێنێت، عێراق یەكێكە لە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت كە بودجەی ساڵانەی لەسەر بنەمای نرخی فرۆشتنی نەوت دیاری دەكات، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە داڕووخانی نرخی نەوت، لاوازی و فشۆڵی ئابووری عێراقی دەرخست.
هەلێكە چاو بە سیاسەتی دارایی عێراق بخشێندرێتەوە
ئەحمەد سەفار، ئەمڕۆ شەموو لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، پێم وایە لە ماوەی داهاتوودا پەرلەمانی عێراق بودجەیەكی نیوساڵی بۆ 2020 پەسند دەكات كە گرنگی تەنیا بە خەرجییەكانی بەكارخستن دەدات، بێ ئەوەی بودجەی وەبەرهێنان لەخۆ بگرێت، چونكە داهاتی گشتی تەنیا ئەو بەشەی بودجە پڕ دەكاتەوە. 

زیاتر گوتی، تەنگژەی داڕووخانی نرخی نەوت، لاوازی و فشۆڵی ئابووری عێراق و شكستی سیاسەتە ئابوورییەكانی لە 2003ەوە پێڕەو كراوە دەرخست، كە ئابووری عێراقی كردە پشتبەستوو بە داهاتی نەوتی ناسەقامگیر لە رووی نرخەوە، بەهۆی خواست و خستنەڕووەوە.

سەفار روونی كردەوە، لە عێراق كێشەمان لە كەمی سەرچاوەی داهات نییە، بەڵكو لە خراپی بەڕێوەبردن هەیە، بۆیە دەكرێت سوود لەو تەنگژەی ئێستە ببینین بۆ چاوخشاندنەوە بە سیاسەتەكانی دارایی و ئابووری لە عێراق و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و بەكارهێنانی داهاتی نەوت لە وەبەرهێنانكردن لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیدا. 

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمان، پێی وایە تەنگژەی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران دوو تا سێ مانگ بەردەوام نابێت، چونكە وا خەریكە نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و كرانەوە لە ئابووری دنیا روودەدات و گەیشتنی نرخی نەوت بۆ 40-45 دۆلار، بەشی دابینكردنی مووچە و خەرجییە پێویستییەكان دەكات.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل