پارێزگاری هەولێر: چەند كەسێك بۆ كاری قاچاخ كاری دەروازەكانیان شل كرد

:: AM:11:40:09/06/2020 ‌
پارێزگای هەولێر ڕای دەگەیەنێت، چەند كەسانێك لەپێناو قاچاخ، كاریان لە دەروازەكان شل كرد، ئەوەش وایكرد ڤایرۆسەكە لەناو خەڵكدا بڵاو بێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیران، فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەتای خۆپارێزی سەركەوتنی بەدەست هێنا لە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەرۆكی حكوومەت ڕۆژانە خۆی چاودێری دۆخی كۆرۆنای دەكرد.

پارێزگاری هەولێر گوتی، بەداخەوە كۆمەڵێك لایەنی سیاسی پرسەكەیان بە سیاسی كرد، ئەوەیش وایكرد دۆخەكە خراپ بێت، بۆیە ئێستە كاتی ئەوەیە لەوانە بپرسن ئەو بابەتەیان كردە ململانێی سیاسی كە بۆ ئەوەیە مووچە نەدرێت، بۆ ئەوەیە كە خۆپێشاندان نەكرێت؟ ئێستە با وەڵامی خەڵك بدەنەوە كە ئەو دۆخە لێی بەرپرسن.

ئەوانەی لەپێناو قاچاخ كاریان لە دەروازەكان شل كرد، ئەوەش وایكرد خەڵك تووشی ڤایرۆسەكە بێت 
باسی لەوەش كرد، ئەوانەی لەپێناو قاچاخ كاریان لە دەروازەكان شل كرد، ئەوەش وایكرد خەڵك تووشی ڤایرۆسەكە بێت و بڵاو ببێتەوە، بەداخەوە كە ئێستە لە دۆخی مەترسیداین، ئێمە لە هەوڵی خۆمان بەردەوام دەبین.

ڕوونی كردەوە، لەسێ‌ ڕۆژی ڕابردوودا بۆ ئەوەی كاریش بكرێت و خۆشمان بپارێزین، نزیكەی 700 شوێن سزا دراون تا هەموومان پابەندی ڕێنوێنییەكان بین، هەروەها وەك پارێزگای هەولێر لەگەڵ داخستنی شوێنەكان نین، بەلام هەر كەسێك ببێتە مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییان سزا دەدرێت.

"لە دەستپێكی كۆرۆناوە تا ئێستە 90 هەزار پشكنین لە سنووری هەولێر كراوە، 13 هەزار پشكنین لە بازگەكان بووە و هەشت هەزار و 846 لەسەر شەقامەكان بووە، 964 خاڵی پشكنین هەبووە، هەروەها 27 ئۆتێل بۆ كەرەنتین بووە و پێنج هەزار هاووڵاتی لە سنوورەكە كەرەنیتن كراون". پارێزگای هەولێر وای گوت.






وشە - رامیار جەواد