لە حەوت مانگدا تمەن 38% بەهای خۆی لە دەست داوە

:: AM:11:49:13/06/2020 ‌
نرخی تمەن كە دراوی فەرمیی ئێرانە، رۆژ بەڕۆژ لە دابەزیندایە و خەریكە دیسان ژمارەی پێوانەیی لە داشكانی نرخ تۆمار دەكات. ئێستە هەر دۆلارێك بە نزیكەی 18 هەزار تمەن دەفرۆشرێت لە كاتێكدا حەوت مانگ لەمەوبەر 11 هەزار تمەن بوو.

نرخی تمەنی ئێرانی دوو ساڵ لەمەوبەر هەر دۆلارێكی كەمتر لە چوار هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەكرا، بەڵام كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكی و سەپاندنی سزا ئابوورییەكان بۆ سەر ئێران، هۆكار بوون لەوەی تمەن بەرێژەیەكی بەرچاو دابەزێت.

ساڵی 2018 سێ مانگ دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی، تمەن زۆر بەخێرایی دابەزی و هەر دۆلارێكی ئەمەریكی گەیشتە 19 هەزار تمەن، بەڵام دواتر ئێران بە گرتنەبەری هەندێك رێوشوێنی بانكیی، توانی تا ئاستێك دۆخەكە ئاسایی بكاتەوە و پایزی رابردوو نرخی هەر دۆلارێك تا خوارووی 11 هەزار تمەنیش دابەزی.
ئێستە هەر دۆلارێك بە نزیكەی 18 هەزار تمەن دەفرۆشرێت

لەو كاتەوە دیسان تمەن رووی لە دابەزین كردووەتەوە و ئێستە هەر دۆلارێك بە نزیكەی 18 هەزار تمەن دەفرۆشرێت كە نرخێكی زۆر نزمە و ئەگەر دۆخی ئابووری ئێران هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێشبینی دەكرێ نرخی دراوی ئێرانی زیاتر دابەزێت.

كەمتر لە دەیەیەك لەمەوبەر هەر هەزار تمەنی ئێرانی زیاتر لە هەزار دیناری دەكرد، بەڵام ئێستە 100 هەزار تمەنی ئێرانی بە كەمتر لە حەوت هەزار دیناری عێراقی ئاڵوگۆڕ دەكرێ، لێرەدا دەردەكەوێت تمەنی ئێرانی تووشی چ دۆخێكی نالەبار بووە.



وشە - سلێمان تاشان