نرخی نەوت دوای ئەو دابەزینە بەرچاوەی لە 24 سەعاتی رابردوودا تۆماری كردبوو، دووبارە بەهای بەرز بووەوە و سەرووی40 دۆلاری تۆمار كرد و سەرووی 5% گرانتر بوو.
نەوتی برێنت بە 40 دۆلار و 40 سەنت دەفرۆشرێت.
لە دوێنێ بەیانییەوە كە هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆرسە كراوەتەوە، نرخی نەوت لە هەڵبەز و دابەزدا بووە و تەنانەت تا نزیكەی 37 دۆلاریش دابەزی، بەڵام ئێستە رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت لە كاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵە بە 40 دۆلار و 40 سەنت دەفرۆشرێت.
بەگوێرەی
DAILYFX بەهای نەوتی تێكساسی ئەمەریكیش دوێنێ تا 34 دۆلار و 77 سەنت دابەزی، بەڵام ئێستە بە 37 دۆلار و 78 سەنت دەفرۆشرێت.
گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئەو هەوڵانە دەگەڕێتەوە كە وڵاتانی ئۆپێك پڵاس بۆ دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت گرتوویانەتەبەر. جگە لەم هۆكارە بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی ئەمەریكاش بۆ نزمترین ئاستی دووساڵی رابردووی دابەزیوە.
لە سەرەتای مانگی ئایارەوە نزیكەی 10 ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت كەم كراوەتەوە، لەو رووەوە هەریەك لە رووسیا و سعوودیە رۆڵی گرنگیان هەبووە.
بازاڕ پێویستی بەو نەوتە زۆرە نەبووە كە لە رابردوودا رژاوەتە بازاڕ، بۆیەش نرخی دابەزی. جگەلەمە كاریگەرییەكانی كۆرۆنا هۆكار بووە لە سستكردنی چەرخی پیشەسازی لە وڵاتانی دنیا.
عێراق و هەرێمی كوردستان كە داهاتەكەیان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، كاریگەرییەكی زۆریان لەو دابەزینە وەرگرتووە كە تووشی نەوت بووبوو، بۆیەش بەرزبوونەوی نرخی نەوت ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت و سووكبوونی تەنگژە داراییەكە.