عزەت دووری... نهێنی پاڵەوانی نوكتەكانی بەعس لە عێراق

:: PM:02:26:20/06/2020 ‌
هەرچەندە عزەت دووری بە لاوازترین پیاوی سەدام و بەعس دادەنرا لەڕووی كەسایەتییەوە، كەچی تا ئێستە دوای 17 ساڵ لە ڕووخانی ئەو رژێمە، لە ژیان ماوە و ئەمەیش وا دەكات بەردەوام پرسیار لە مانەوەی نهێنییەكانی دووری بكرێت، بە تایبەتی كە دەزانرێت 21 ساڵ لەمەوبەر تووشی شێرپەنجەی خوێن بوو.

عزەت ئیبراهیم دووری یەكێك بوو لە سەركردە بەناوبانگەكانی بەعس، ئەو پیاوە هەمیشە لە ریزی پێشەوەی سەركردایەتیی بەعس بووە، بەڵام لەناو خەڵكی عێراق وێنەی سەركردەیەكی بە شكۆی نەبووە، بەڵكو بە پێچەوانەوە بە كەسێكی لاواز و كۆیلەی سەدام وەسف كراوە، تەنانەت لە لایەن عێراقییەكان بە "تەڕتووڕ" ناو براوە واتە كەسێكی لاواز كە هیچ شتێكی بەدەستەوە نەبێت.

ئه‌و پیاوه‌ى عێراقییه‌كان گاڵته‌یان پێ ده‌كرد بووه‌ تا ئێسته‌ به‌ نهێنى ماوه‌ته‌وه‌
 لەوە سەیرتر ئەوەیە عزەت دووری بەگوێرەی چەندان بەڵگەوە لە ساڵی 1999وە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە، شەش مانگ جارێك پێویستی بە گۆڕینی خوێن هەبووە، ئەمەیش لە دوای رووخانی رژێمی بەعس و راكردن لە دەست ئەمەریكییەكان كارێكی ئاسان نییە، بۆیە تەنیا مانەوەی بەهۆی ئەم خاڵەوە كارێكی سەیرە.

عزەت دووری لە ساڵی 1942 لە دایك بووە، لە خێزانێكی هەژار بووە و خەڵكی دۆرە بووە. عزەت دووری لە خوێندن سەركەوتوو نەبووە، لە ساڵانی دەركەوتنی وەك سەركردەی بەعس خۆی وەك كەسێكی سۆفیی تەریقەتی نەقشبەندی ناساندووە.

 مێژوونووسان دەڵێن ئەو كاتەی بەعس كودەتای كرد لە ساڵی 1968 كە بەم كودەتایە بەعس 35 ساڵ لە دەسەڵاتی عێراق مایەوە،  عزەت دووری لە ناوچەی ئەعزەمییەی شاری بەغدا بینراوە سەهۆڵی فرۆشتووە. كەچی كاتێك دەسەڵاتی نوێی عێراق راگەیەنرا، عزەت دووری بە یەكێك لە سەركردەكانی ناسێنرا.

دوورى به‌ سێبه‌رى سه‌دام داده‌نرا
 عزەت دووری یەكێك بووە لەو كەسانەی 35 ساڵ بێ هیچ كێشەیەك لەگەڵ سەدام حسێنی دیكتاتۆر مایەوە، ئەو هەمیشە لەگەڵ رژێمەكەدا بوو و جێبەجێكاری سەرجەم بڕیارەكانی سەدام حوسێن بوو.

 عزەت دووری چەندان پۆستی گرنگی لە ناو بەعس هەبووە، چەندان جار كراوەتە وەزیر و دواجاریش جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش كە سەرۆكەكەی سەدام حوسێن بوو. هەرچەندە لەڕووی سیاسییەوە لەگەڵ بەعس جێگیر بوو و پێگەی خۆی پاراستبوو، كەچی لەڕووی خێزانداری و كۆمەڵایەتییەوە بەمشێوەیە نەبووە، پێنج جار هاوسەرگیری كردووە، بەشێوەیەك لە ئەنجامی ئەو هاوسەرگیرییانە 24 منداڵی هەبووە 11 كوڕ و 13 كچ. 

دووری كەسێك بووە زۆر لە سەدامەوە نزیك بووە و تەنانەت تەواوی فەرمانەكانی جێبەجێ كردووە و سەرسام بووە بە كەسایەتیی سەدام، لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە هەوڵی داوە لە خێزانی سەدام نزیك بێت، بۆیە كچێكی خۆی بە عودەی كوڕی سەدام دەدات و دوای ماوەیەكی كورت عودەی كچەكەی دووری تەڵاق دەدات.

 بەگوێرەی ئەو  راپۆرتانەی لە ساڵانی رابردوو لەسەر دووری بڵاو كراونەتەوە، دوور بەر لە كودەتاكەی 1968 لە ریزی بەعس بووە و تەنانەت لەسەر كارەكانی بەعس لەسەر دەستی دەسەڵاتی ئەوكات لە ساڵی 1966 گیراوە.

 نوكتەكانی تەڕتووڕ 

وەك لە سەرەوەیش ئاماژەی بۆ كرا، تەڕتووڕ ناسناوی عزەت دووری بوو لەلای عێراقییەكان، چەندان نوكتەشیان لەسەر دروست كردووە، یەكێك لەوانە لە كۆبوونەوەیەكی سەدام كە تایبەت بووە بە بابەتی سزاكانی عێراق، تەلەفۆنێك بۆ سەدام هاتووە و سەدام بە عەرەبی گوتوویەتی "أتمدد" لەو كاتەدا دەبینی عزەت دووری لەسەر زەوی رادەكشێ‌، كە تەلەفۆنەكە تەواو دەبێت سەدام دەڵێ‌، ئەوە چی بوو بۆ درێژ بووی یان راكشای؟ عزەت دووری دەڵێ‌ گەورەم تۆ وات گوت، كەچی لە تەلەفۆنەكە سەدام پرسیاری ئەوەی كردووە ئاخۆ سزاكان درێژ دەبێتەوە.. ئەمە بۆ دەرخستنی لاوازی و كۆیلەیی عزەت دووری گوتراوە.

 نوكتەیەكی تر ئەوەیە سەدام رۆژێك بە عزەت دووری دەڵێ‌ دەبێ فڵانە بەرپرس لە ناو ببەیت بەو دەمانچەیەی بە دیاریی بە تۆم داوە، یانیش ژەهری بۆ لەناو قاپێك بكە، دوای چەند رۆژێك بە دووری دەڵێ‌ ئەركەكەت جێبەجێ كرد؟ دەڵێ‌ بەڵێ‌ بەڵام نەمرد، سەدام دەڵێ‌ بۆچی، دووری لە وەڵامدا دەڵێ‌ پیلانەكەی تۆم هەردووك جێبەجێ كرد، دەمانچەكەم بۆ لەسەر قاپێك دانا.

 تەنیا دووری ماوەتەوە

 لەدوای كەوتنی رژێمی بەعس، زۆر لە سەرانی بەعس بە سەدام حوسێنیشەوە گیران، دووری داواكراوی ژمارە شەشە لە لیستی ئەمەریكا و 10 ملیۆن دۆلار بۆ دۆزینەوەی دانراوە. كەچی لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا چەندان هەواڵی سەیروسەمەرەی لەسەر بڵاو كراوەتەوە.

 دەگوترێ‌ لە تونس مردووە، لە سووریا، ئوردن، ئیمارات و سعوودیە بووە، هەندێكی تر دەڵێن لە بیابانەكانی عێراق لە شێوەی شوانێك دەركەوتووە، هەندێك جار دەڵێن كوژراوە و گیراوە، كەچی دواجار بە تۆمارێكی دەنگی مەزندە و هەواڵەكان رەت دەكاتەوە، ئەوەی سەیر بێت حزبی بەعس كە دوای نەمانی سەدام دووری سەرۆكایەتی دەكات، جارێكیان هەواڵی مردنی دووری بڵاو كراوەتەوە و دواتر رەتی كردووەتەوە، جارێكی تریش  لە 2015 حكوومەتی عێراق كوژرانی دووری راگەیاند گوایە لە ئۆپراسیۆنێكی سەر چیای حەمرین كوژراوە، تەنانەت هەندێك وێنەیشی بڵاو كردەوە، كەچی ئەمیش راست نەبوو.
 
دووری لە تەواوی تاوانەكانی بەعس بەشدارە

 لە ماوەی 35 ساڵی دەسەڵاتەكەی حزبی بەعس، چەندان تاوانی گەورە و نامرۆیی لە دژی كورد و عێراقییەكان كردووە، دووری بەرپرسی دووەم بووە لەو پارتەدا، لەو تاوانانەی بەعس لە دژی كوردی ئەنجامی داون، كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و  پرۆسەی جینۆساید كە بە ئەنفال ناسراوە، ئەنفالی بارزانییەكان، تێكدانی هەزاران گوند، راگواستن و دوورخستنەوەی دەیان هەزار خێزانی كورد، كوشتنی هەزارانی تر لە گرتووخانەكان.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل