دوای دەست پێكردنی گفتوگۆكانی شاندی هەرێم لە بەغدا، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دووپاتی كردەوە، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی باشیان كردووە و لێكنزیكبوونەوەی باش لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە.
دۆخی خراپی دارایی عێراق كاریگەری لەسەر گفتوگۆكان دەبێت
ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی راگەیاند، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستە گفتوگۆی باشیان كردووە و لێكنزیكبوونەوەی باش لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، بۆیە ئەمجارە ئومێدێك بەدی دەكرێت و كۆبوونەوەكانیش ئەمشەو بەردەوام دەبن.
زیاتر گوتی، بە دڵنیاییەوە دۆخی دارایی عێراق كە ئێستا تێی كەوتووە، كاریگەری لەسەر گفتوگۆكان دەبێت، چونكە عێراق بە دۆخێكی خراپی داراییدا دەڕوات و پەرلەمانی عێراقیش نیازی دانیشتنی هەیە و نازانرێت چی دەبێت.
سەبری دووپاتی كردەوە، سبەی پەرلەمانی عێراق دانیشتن ساز دەكات و گفتوگۆ و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەوە دەكات، بۆیە نازانین سبەی چی روودەدات، بەڵام پرسەكە گرنگە و پەرلەمان سبەی بە دەنگدان یەكلای دەكاتەوە.
شایەنی یاسە ئەمڕۆ سێشەم، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەت، سەردانی بەغدای كرد بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەتی هەردوو پرسی مووچە و دۆسیەی نەوت.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی