ده‌وڵه‌ته‌كه‌مان چۆن ده‌بێت؟

PM:01:34:17/09/2017 ‌
بێریڤان مه‌حموود

چه‌مكی ده‌سه‌ڵات له‌ چه‌ندان روانگه‌وه‌ پێناسه‌ ده‌كرێ. بۆ نموونه‌ هه‌ندێك بۆچوون وا ده‌یخه‌نه‌ ڕوو كه‌ ده‌سه‌ڵات لایه‌نی (ئه‌لف)ه‌ به‌سه‌ر لایه‌نی (ب)دا. یان هه‌ندێك نووسه‌ر و فه‌یله‌سووف له‌ نموونه‌ی ماكس ڤێبێر باوه‌ڕیان وایه‌, ده‌سه‌ڵات بریتییه‌ له‌ چانسی  چه‌ند تاكێكی كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌ركه‌وتنیان و پاشان ئاراسته‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ رووه‌ سیاسییه‌كه‌وه‌. بۆچوونێكی تر هه‌یه‌ ده‌ڵێ، ده‌سه‌ڵات بریتییه‌ له‌ دامه‌زراوه‌یی بوون به‌و مانایه‌ی ده‌وڵه‌ت خاوه‌نی توانا و ده‌سه‌ڵاته‌ و له‌ رێی یاساكانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌سه‌پێنێت, ئه‌وه‌ش له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌رده‌می دواتردا و به‌ دیاركراوی لای  تۆماس هۆبز فه‌یله‌سووفی به‌ریتانی, ده‌سه‌ڵات به‌ پێوه‌ندی نێوان كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌وڵه‌ت خۆی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت له‌سه‌ر بنامه‌ی چه‌ند رێككه‌وتنیكی كۆمه‌ڵایه‌تی.

هۆبز كه‌ بیری فه‌لسه‌فه‌ی ده‌وڵه‌ت دێنێته‌ كایه‌وه‌ و بڕوای وایه‌ بوونی ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت كۆتای به‌و دۆزه‌ بێنێت كه‌ مرۆڤ له‌ دۆخی سروشتیدایه‌ و به‌هۆی دۆخی سروشتییه‌وه‌ مرۆڤ له‌ چوارچێوه‌ی ژیانێكی ئاژه‌ڵیدایه‌.

لای هۆبز با ده‌وڵه‌ت سته‌مكار یان چه‌وسێنه‌ر بێ گرنگییه‌كی نییه‌, به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ده‌وڵه‌تێك هه‌بێ و كۆتا به‌ قۆناغی ژیانی سروشتی مرۆڤ بێت. ئه‌م فه‌یله‌سووفه‌ به‌ ژیانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و وه‌حشیگه‌رێتییه‌ی ئه‌و سه‌رده‌می ئه‌وروپا و ئه‌و هه‌موو شه‌ڕ و كوشتاره‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ وای لێ كردبوو, بوونی ده‌وڵه‌ت به‌ گرنگ بزانێت ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ته‌كه‌ سته‌مكاریش بێ.

دواتر و به‌هاتنی جۆن لۆك كه‌ ئه‌میش فه‌یله‌سووفی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیه‌تی, ناكۆكی قووڵی فكری له‌گه‌ڵ هۆبزدا بۆ دروست ده‌بێ له‌سه‌ر چه‌مكی ده‌وڵه‌ت و چۆنیه‌تیی پێكهاته‌كه‌ی. جۆن لۆك بڕوای وایه‌ ته‌نیا ده‌وڵه‌تبوون پێویست نییه‌, به‌ڵكو ده‌وڵه‌تێك پێویسته‌ كه‌ ئازادی و مافی هاووڵاتییانی خۆی دابین بكات, له‌ كاتێكدا ئازادیبوون و مافی هاووڵاتیبوون مافێكی سروشتی تاك خۆیه‌تی نه‌ك ده‌وڵه‌ت پێی ببه‌خشێت, بۆیه‌ ده‌بێت ده‌وڵه‌ت رێز له‌ بنه‌ماكانی مافی هاووڵاتیبوون بگرێ.

ئێسته‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ دیكتاتۆرانه‌ی له‌ رۆژهه‌ڵات و به‌شێك له‌ ئه‌فه‌ریقا و دنیای سێیه‌م به‌ گشتی هه‌ن, ده‌وڵه‌ته‌ هۆبزییه‌كه‌ن, به‌و مانایه‌ی له‌ دۆخی سروشتییه‌وه‌ گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌تبوون, ئه‌گه‌ر نا به‌ مانا جۆن لۆكییه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تێك نین ماف و ئازادییه‌كانی مرۆڤی تێدا پارێزراو بێ. جیاوازییه‌كه‌ چییه‌، له‌ بیره‌ هۆبزییه‌كه‌دا ده‌وڵه‌ت وه‌ك چوارچێوه‌ی یاسایی و سنوور هه‌یه‌ و سیسته‌م و ده‌ستووره‌كه‌ی له‌ هه‌ر كاتێكدا ده‌كرێ بۆ باشترین شێوه‌ی حوكمڕانی بێنه‌ گۆڕین. ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ لووتكه‌ی ژیان و دیموكراسیدان، خۆ شتێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر نین، بگره‌ به‌رهه‌می ئه‌قڵی مرۆڤ و كولتوورسازی و گرنگیدان به‌ په‌روه‌رده‌ن. به‌ڵام خۆ ده‌وڵه‌ت هه‌ر له‌ دروستبوونییه‌وه‌ ئه‌وه‌ بێ كه‌ جۆن لۆك داوای ده‌كات، هه‌زار جار باشتر و خۆشگوزه‌رانتر.

بۆیه‌ ده‌پرسین ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه‌ چاوه‌ڕوانین له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست ببێت، ده‌وڵه‌ته‌ هۆبزییه‌كه‌ ده‌بێ یان ده‌وڵه‌تی جۆن لۆكی؟ ئێمه‌ی مرۆڤی كورد نابێ هیچ گومان و دوودڵییه‌كمان هه‌بێت له‌وه‌ی ده‌وڵه‌تمان ده‌وێ یان نا، ئه‌مه‌ مافی ئاسایی و سه‌ره‌تایی، به‌ڵام ده‌بێ رژد بین و بیر بكه‌ینه‌وه‌ ده‌وڵه‌تێكی چۆن دروست ده‌كه‌ین كه‌ شیاوی خه‌ڵكی كوردستان بێت، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی هه‌مووی به‌شدار بووه‌ له‌ دروستكردنی ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ و قوربانی بۆ داوه‌ تا بگات به‌ سه‌ربه‌خۆیی، گرنگترین ئه‌وه‌یه‌ سه‌ربه‌خۆیییه‌كه‌ ژیان و به‌ڕێوه‌بردنێكی چۆنمان بۆ دروست بكات، چۆن پێداگر بین له‌سه‌ر مۆدێرنترین ده‌ستوور.

ده‌وڵه‌ت دروست ده‌كه‌ین, تكایه‌ با ده‌وڵه‌تی ماف و ئازادی بێت, نه‌ك ده‌وڵه‌تی چه‌ك و بێ یاسا و بێ سیسته‌م، كورد ده‌بێت ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ نموونه‌یی بێت، وه‌ڵام سه‌تان ساڵ و ملیۆنان هاووڵاتی ئاواته‌خوازی سه‌رفرازی بداته‌وه‌. هاووڵاتی سه‌نته‌ری گرنگیدان و ژیان پێشینه‌ی بیركردنه‌وه‌ی به‌رپرسانی بێت.