دڵشاد به‌رزنجی
ئاشكرایه سه‌دان ساڵه كورد خه‌بات ده‌كات و رووبارێك خوێنی رشتووه و ماڵ نییه قوربانی بۆ رزگاربوون و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نه‌دابێت، ئێسته په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌ی نوێی له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی سه‌ربه‌خۆیی خاك و وڵاته‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای بیری پووچ ئه‌وپه‌ڕی شه‌رمه‌زارییه, سه‌یری هه‌ندێك كه‌ناڵی میدیا و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ن، یه‌كسه‌ر ده‌زانی خه‌ڵك به چ ئاراسته‌یه‌كی مه‌ترسیدار براوه، وای لێ كراوه هه‌ر باسی كوردایه‌تی و ده‌وڵه‌تی كوردستانی سه‌ربه‌خۆ له‌لای هه‌ندێك بووه‌ته عه‌یب و ده‌یانه‌وێت خه‌ڵك وا تێبگه‌یه‌نن ئه‌م ده‌وڵه‌ته ته‌نیا بۆ بارزانی یان چه‌ند به‌رپرسێكی پارتییه و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانیش بۆ هه‌مان ئارمانجه.
ئه‌م جۆره كاركردنه بۆ په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌ی نوێی و هه‌و‌ڵدان بۆ به‌لاڕێدانی رای گشتی شه‌قامی كوردی، ئێسته بووه‌ته به‌ڵا به‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه كه ئه‌م جۆره كارانه ده‌كه‌ن ناتوانن بڕیار بده‌ن، پێشتر میدیاكانیان و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئاراسته‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد به‌بیانووی بوونی مه‌رجی پێشوه‌خت و نه‌بوونی بنه‌مای یاسایی بۆ ریفرادۆم باسی دژایه‌تی خۆیان ده‌كرد بۆ ریفراندۆم و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، ئێسته كه د‌ه‌ڵێن فه‌رموون مه‌رجه‌كانی سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان لابران و له ناو په‌رله‌مان كار بكه‌ن بۆ دروستكردنی بنه‌مای یاسایی بۆ ریفراندۆم وه‌ك باستان ده‌كرد، كه‌چی له جیاتی هاوكار بن ئێسته ئه‌وان مه‌رجیان هه‌یه بۆ پشتوانی ریفراندۆم و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان نازانن چ به خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌ندامان و كادرانی خۆیان بڵێن، هه‌و‌ڵ ده‌ده‌ن به قۆستنه‌وه‌ی بارودۆخی گوزه‌رانی خه‌ڵك و كه‌میی مووچه و قورسی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ تیرۆرستان، ململانێ له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به یه‌كجاری، كار بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه بكه‌ن له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵك و پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌مه‌ش زۆر هه‌ڵه‌یه نه‌ك پارتێكی سیاسی، به‌ڵكو میله‌تی كورد به‌گشتی تێیدا زیانمه‌نده، ئه‌گه‌ر ریفراندۆم بۆ پارتییه، ئه‌وا ده‌نگی خه‌ڵك له دوو مانگ دواتری هه‌ڵبژاردن ده‌توانێت ئه‌و لایه‌نه سزا بدات ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی پارتییان پێ باش نییه.
بزووتنه‌وه‌ی گۆران وه‌ك حزبێكی په‌رله‌مانی نێو كایه‌ی سیاسیی كوردستان، پێویسته تێڕوانینی بۆ بابه‌تی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان زۆر ڕوون بێت، نابێت رۆژێك بڵێت بۆ پشتیوانی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی ده‌ست به‌كاربوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بێ مه‌رج و ئێسته‌یش بڵێت بۆ پشتیوانی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی مه‌رجم هه‌یه بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، به قۆستنه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه و به‌كارهێنانی هه‌ستی تۆڵه‌كردنه‌وه كار بۆ پاڵپشتی ده‌نگه ناشاز‌ه‌كانی نه‌خێر بكات.
دانوستان بریتییه له كرداری پێدان و به‌خشین پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌رمی ته‌واوی نواندووه بۆ ده‌ست به‌كاربوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان، به‌ڵام له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه ره‌ت كرانه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر بڕیاره یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵی لایه‌نی سێیه‌م ببینێت، ده‌بێ چۆن سازشی له پارتی وه‌رگرت، له گۆڕانیشی وه‌ربگرێت, ئه‌گه‌ر گۆڕان سازش ناكات، ده‌بێت یه‌كێتی هه‌ڵوێستی هه‌بێت، چونكه بیرۆكه‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه هی خۆیان بووه.
گۆڕان و ده‌نگه ناشاز‌ه‌كانی نه‌خێر پێیان وایه پارتی له پێناوی ریفراندۆم ئاڵای سپی هه‌ڵده‌كات و زوو یان دره‌نگ هه‌موو سازشێك ده‌كات, رووداوه‌كانی پێش 19ی ئابی 2015 بیر بخه‌ینه‌وه كه چۆن پارتی بۆ رێككه‌وتن هه‌موو سازشێكی كرد، ته‌نانه‌ت داوای كرد دوو رۆژ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان دوا بخه‌ن, به‌ڵام نه‌یانكرد و پێیان وا بوو پارتی به ته‌نیا ماوه‌ته‌وه و ئیتر ده‌بێ تا دوایین هه‌ناسه فشاری له‌سه‌ر بكرێت تا گه‌یشته باره‌گا سووتاندن.
نه‌رمی نواندنی ئه‌وكاتی پارتی له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بوو له پێگه‌یه‌كی لاوازدایه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو نه‌گه‌ینه ئه‌م دۆخه‌ی ئه‌مڕۆ، ئێسته‌یش خه‌ریكن هه‌ڵه‌ی ئه‌وكات دووباره ده‌كه‌نه‌وه و پێیان وایه پارتی له پێناوی ریفراندۆم ئاڵای سپی هه‌ڵده‌كات و هه‌رچی بیانه‌وێت به ده‌ستی دێنن، راسته پارتی و بارزانی بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی به‌وپه‌ڕی نیه‌تپاكی كار ده‌كه‌ن، هیچیش له‌و سازشانه جوانتر نییه كه حزب له‌پێناو ده‌وڵه‌ت بیكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نیاز خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی پارتی بێت، پێم وایه جارێكی تر كارتی ده‌ستی خۆیان ده‌سووتێنن و به ده‌ستی به‌تاڵ لێی ده‌رده‌چن. ئه‌وكاتیش ئۆباڵی به‌رپرسیارێتییه‌كه له ئه‌ستۆی بزووتنه‌وه‌ی گۆرانه، پێش ده‌نگه ناشاز‌ه‌كانی نه‌خێر.
ئه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان مه‌رجی داناوه، به هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌به‌ست تێیدا كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان نییه, چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ته‌مه‌نی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان له رۆژه‌كانی كۆتایدایه و گۆڕان باش ده‌زانێ به‌و ماوه كورته ئه‌م هه‌موو مه‌رجانه پێك نایه‌ت، له كاتێكدا مه‌رجه‌كانیان بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ته‌نیا داواكاری خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی پارتییه بۆ حه‌ز و ئاره‌زووی حزبی و ناوچه‌گه‌رێتی هه‌ندێ كه‌س كه گیرۆده‌ی گرێی ده‌روونی مێژوویی بوونه و هه‌موو سه‌ركه‌وتنی خۆیان له شكستی پارتیدا ده‌بیننه‌وه.
ئه‌مڕۆ هه‌رێمی كوردستان له به‌رده‌م قۆناغێكی مێژوویی چاره‌نووسسازدایه، هه‌ر ئه‌نجامێكی نه‌رێنیی ڕیفراندۆم ماڵوێرانییه‌كی گه‌وره به‌دوای خۆیدا دێنێت. بۆیه سه‌ره‌ڕای ڕه‌خنه و تێبینی جیاواز له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم، پێویسته هه‌موو ئه‌و ڕاستییه بزانین كه نابێت گره‌و له‌سه‌ر شكستی ئه‌م پرۆسه‌یه بكرێت.
پرۆسه‌ی ریفراندۆم ده‌رفه‌تێك نییه بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی سیاسی، بۆیه ده‌بێت هه‌موو نه‌یار و ده‌نگه نه‌شازه‌كان چیتر سه‌نگه‌ر له‌م پرۆسه‌یه نه‌گرن، چونكه دژایه‌تیكردنی ئه‌م پرۆسه‌یه هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێت، "گۆڕان" و ئه‌و ده‌نگه نه‌شازانه ئێسته هه‌ست به‌و هه‌ڵه نیشتمانییه ناكه‌ن، به‌ڵام له داهاتوودا هه‌ستی پێ ده‌كه‌ن و مێژوو دادگایی‌یان ده‌كات.