قوربانییه‌كانی گه‌لی كورد چ له باشوور چ له ڕۆژئاوای كوردستان، به‌ڵگه‌ی زیندووی سه‌رخستنی پرۆسه‌ی له‌ناوبردنی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعشن له ناوچه‌كه و دنیا، ئێسته‌یش كه ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به گۆڕانكاریی زۆر خێرادا تێده‌په‌ڕێت، ململانێی جه‌مسه‌ره‌كان ئاڵۆز بووه و هه‌ڵوێستی توند دێته ئاراوه، هه‌وڵ ده‌درێت گه‌لی كورد له دابه‌شكردنی كێكه‌كه‌ی دوای له‌ناوبردنی ته‌واوی داعش بێبه‌ش بكه‌ن.
ئه‌وانه‌ی له نزیكه‌وه چاودێری ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن، كردنه ئامانجی ڕیازی پایته‌ختی سعوودیه به مووشه‌كێكی بالیستی پێشكه‌وتووی ئێرانی له‌لایه‌ن حووسییه‌كانی یه‌مه‌نه‌وه، به كۆتای قۆناغێك و ده‌ست پێكردنی قۆناغێكی نوێ ناو ده‌به‌ن كه ڕه‌نگه ناونیشانه‌كه‌ی گۆڕینی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سنوور و هاوكێشه‌ی هێزه‌كان بێت، چونكه ئه‌وه یه‌كه‌م جاره مووشه‌كی حووسییه‌كان به وردییه‌كی له ڕاده‌به‌ده‌ر بگات به ئامانجه‌كه‌ی كه فڕۆكه‌خانه‌ی (مه‌لیك خالید) بووه له شاری ڕیاز.
ئاراسته‌كردنی مووشه‌كی بالیستی بۆ ناو جه‌رگه‌ی سعوودیه و توندبوونی هێزی په‌لاماردانه‌كانی ناو سووریا و ماراسۆن بۆ گرتنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی بنده‌ستی داعش و ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی كتوپڕی سه‌عد حه‌ریری له سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی لبنان و گۆڕینی هاوسه‌نگی هێز له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و وه‌ده‌رنانی ته‌واوه‌تی داعش له عێراق و سزادانی قه‌ته‌ر و گرتن و سزادانی ژماره‌یه‌ك له میره‌كانی سعوودیه و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر پاره‌و سه‌رمایه‌كانیان كه به 88 ملیار دۆلار دێته خه‌مڵاندن، هه‌مووی نیشانه‌ی ئه‌م قۆناغه نوێیه‌ی ناوچه‌كه‌یه. له لایه‌كی تره‌وه، داواكاری ئه‌مه‌ریكا بۆ وڵاتانی دنیا بۆ قبووڵنه‌كردنی ته‌حه‌دییه‌كانی ئێران و مانه‌وه و هێزه‌كانی رووسیا له سووریا، پێ ده‌چێت به‌ره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكایی له ناوچه‌كه دروست بكات.
وا ده‌رده‌كه‌وێت سه‌ره‌تای قۆناغه‌كه له لبنانه‌وه ده‌ست پێ بكات، ئێرانیش چاودێری ئه‌و جموجوڵانه ده‌كات، بۆیه په‌له‌یه‌تی له ناوچه‌ی نفوزی خۆی له عێراق، هه‌رێمی كوردستان، یه‌مه‌ن، لبنان و سووریا هێزه‌كانی نزیك له خۆی رێك بخاته‌وه. ره‌نگه ئه‌و شكسته گه‌وره‌یه‌ی به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرت، به‌خێر بشكێته‌وه و له ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕ و ئاگرێكی گه‌وره له ناوچه‌كه، ئه‌وه‌ی ڕووی دا له جۆرێك باڵكردن و دوورخستنه‌وه‌ی كورد ده‌چێت له ململانێی جه‌مسه‌رگیرییه ناوچه‌یییه‌كان.
تۆمه‌تباركردنی ئێران به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه له‌لایه‌ن ڕای گشتیی دنیای به پێشه‌نگایه‌تی ئه‌مه‌ریكا كه تاران لایه‌نی سه‌ره‌كی هانده‌ر و پیلانداڕێژه‌ری جارێكی تر داگیركردنی شاری كه‌ركووك بوو له رێی میلیشیاكانی حه‌شدی شیعی كاریگه‌ری ئه‌رێنی هه‌بوو له ڕاگرتنی هێرشه سه‌ربازییه‌كانی حكوومه‌تی ناوه‌ندی عێراق به ڕابه‌رایه‌تی حه‌شدی شیعی بۆ سه‌ر كوردستان و له‌ناوبردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه ده‌بێت گه‌لی كورد له باشوور ته‌حه‌مولی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌م ئاراسته گۆڕانكارییه‌كان بڕوات به ئه‌رێنی كێشه‌كانی ناوچه‌كه به لای گه‌لی كورددا ده‌شكێته‌وه، ته‌نیا ئه‌وه‌ی ده‌مێنێت چۆنیه‌تیی خۆئاماده‌كردنی كورده بۆ قۆناغی نوێی ناوچه‌كه.
ویستمان به ئه‌نجامدانی ریفرادۆم داخوازییه‌كانی خۆمان به‌جێ بگه‌یه‌نین كه زه‌وینه‌ی له‌باریش هه‌بوو بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پرۆسه‌یه، به‌ڵام به پیلانێكی ناوچه‌یی و ده‌ستی خیانه‌تی ناوخۆیی، وایان كرد وه‌ك سه‌ره‌تا گه‌لی كورد نه‌گاته ئامانجی ته‌واوه‌تی خۆی، به‌ڵام گرنگترین خاڵ بۆ له‌مه‌ودوا ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر گه‌لی كورد له باشوور به‌م شێوه‌ی ئیسته سیاسه‌ت بكات و به‌سه‌ر جه‌مسه‌ر و به‌ره‌كانی شه‌ڕدا دابه‌ش بن، ئه‌وا له قۆناغی نوێشدا جارێكی تر به‌ده‌ستبه‌تاڵی ده‌رده‌چین، بۆیه تاكه ڕێی قۆستنه‌وه‌ی ئه‌م گۆڕانكارییه خێرایانه‌ی ناوچه‌كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان، وه‌رگرتنی به‌شه كێكی خۆمان له سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌سه‌ر داعشدا گه‌ره‌نتی ئه‌مه‌ش ته‌نیا یه‌كریزی ماڵی كورده و سزادان و دادگاییكردنی خائینانی گه‌له‌كه‌مان بۆ قۆناغێكی تر هه‌ڵبگرین.
ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشییه كه له خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، دیار بوو ئه‌نجامدانی خیانه‌ته‌كه به بڕیاریكی مه‌ركه‌زی نه‌بوو، بگره ته‌نیا چه‌ند هه‌رزه سیاسییه‌ك بوون له پێناوی به‌ده‌ستهێنانی هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سایه‌تیی خۆیان. ده‌بێت ئه‌وه‌ش به مه‌ترسی گه‌وره بزانین، ڕاسته خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر به بڕیاریكی مه‌ركه‌زی نه‌بوو، به‌ڵام زۆر له ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندن و كه‌سایه‌تی هه‌ن له زۆنی سه‌وز و نیلی پشتیوانیی ئه‌و ڕه‌وته ده‌كه‌ن و كار ده‌كه‌ن به هاوكاری پیلانی ناوخۆیی و ناوچه‌یی كوردستان پارچه بكه‌ن.