دڵشاد به‌رزنجی
ئه‌نجامی نافه‌رمی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن كۆمیسۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسیی كوردستانه‌وه راگه‌یه‌نرا و به‌پێی ئه‌نجامه‌كان، هه‌مان تابلۆی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقه كه پارتی دیموكراتی كوردستان پله‌ی یه‌كه‌م، یه‌كێتیی نیشتمانی پله‌ی دووه‌م و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پله‌ی سێیه‌میان گرتووه. به‌ڵام سه‌یره نه‌مانبینی هیچ ئه‌نجامێكی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن به‌ره‌ی ئه‌و پارتانه‌ی خۆیان به ئۆپۆزسیۆن له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن قبووڵ بكرێت، ئه‌مجاره‌ش وه‌ك هه‌موو جاره‌كانی تر ئه‌نجامه‌كانیان ره‌ت كردووه له بن ناوی بوونی ساخته‌كاری.
ئه‌گه‌ر سه‌یری سكاڵاكان بكه‌ین كه له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دراون، به‌پێی لێدوانی به‌رپرسانی كۆمیسۆنی هه‌ڵبژاردن، زیاتر له هه‌زار سكاڵایه، نزیكه‌ی 228 سندووقی ده‌نگدان قردێله‌ی سووریا‌ن لێ دراوه، ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ده‌نگی ناو سندووقه قردێله سووره‌كان هه‌ژمار بكرێت، ده‌كاته نزیكه‌ی 65 هه‌زار ده‌نگ كه یه‌كسانه به سێ یان چوار كورسی، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ئه‌تۆی نابێت بۆ راستكردنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز له‌ناو په‌رله‌مان به لای ئه‌و هێزانه‌ی خاوه‌ن سكاڵان، به‌ڵام ئه‌مه واتای ئه‌وه نییه ساخته‌كاری نه‌كراوه و نابێت سكاڵا بكرێت، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ بڵێم ده‌ره‌نجامی سكاڵاكان پارسه‌نگی هێز ناگۆڕێت، ئه‌گه‌ر به به‌رژه‌وه‌ندی خاوه‌ن سكاڵاكانیش ته‌واو بێت.
كه‌واته به‌ده‌ستخستنی ئه‌م ئه‌نجامه له‌لایه‌ن به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن، ته‌نیا پێوه‌ست نییه به ساخته‌كاریی پارته‌كانی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو ده‌بێ به فراوانتر سه‌یری بكرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن شكستی هێناوه له سه‌رخستنی ئه‌و پڕۆژه سیاسی و چاكسازییه‌ی كه رایان گه‌یاندبوو، له‌لایه‌ك به‌هۆی بوونی كێشه‌ی ناوخۆیی ئه‌و پارتانه و له‌لایه‌كی تر ئه‌و گوتاره سیاسییه‌ی هه‌ڵیانگرتبوو كه بنه‌ماكه‌ی نیشاندانی هه‌رێمی كوردستان بوو وه‌ك تابلۆیه‌كی ره‌ش، ئه‌مه‌ش بێ ئومێدیی خه‌ڵكی زیاتر كرد.
پێڕه‌وكردنی ئه‌و سیاسه‌تانه له‌لایه‌ن پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كان، كاریگه‌ریی نه‌رێنی خسته‌سه‌ر كه‌میی به‌شداری هاووڵاتییان له پرۆسه‌ی ده‌نگدان، ته‌نانه‌ت به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان ئه‌و پارتانه نه‌یانتوانیوه ده‌نگده‌رانی خۆیشیان ببه‌نه سه‌ر سندووقی ده‌نگدان.
ئێسته دوای راگه‌یاندنی ئه‌م ئه‌نجامانه، خوێندنه‌وه و په‌یامی هه‌ڵه هه‌یه بۆ ئه‌نجامه‌كان، به‌شێكی زۆر له به‌رپرسانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێن قۆناغی خه‌باتی په‌رله‌مانی لای ئه‌وان كۆتایی هاتووه، چونكه هیچ ئه‌نجامێكی بۆ گۆڕانكاری نه‌بوو. كه‌واته ئه‌گه‌ر خه‌باتی مه‌ده‌نی په‌رله‌مانی ناكه‌یت، چی ده‌كه‌یت؟ له كاتێكدا په‌یامه‌كانی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردن بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كان زۆر روون و ئاشكرایه و ده‌ڵێت:
یه‌كه‌م/ بۆ پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كان، ئه‌و پڕۆژه سیاسییه‌ی هه‌ڵتان گرتبوو شكستی هێنا.
دووه‌م/ هه‌ندێك له وڵاتانی ناوچه‌كه و به‌ره‌ی شیعه، پشتیوانی مانه‌وه‌ی پێگه‌ی یه‌كێتی ده‌كه‌ن له سلێمانی.
سێیه‌م/ پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی زۆری وڵاتانی ناوچه‌كه و حكوومه‌تی شیعه‌گه‌را و هه‌ندێك لایه‌نی ناوخۆیی هه‌رێم بۆ لاوازكردنی، به‌ڵام خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هێشتا هیوایان پێیه‌تی.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێسته هه‌یه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و راستییانه‌یه كه خه‌ڵك ده‌ستنیشانی كرد به ده‌نگی خۆی و په‌یامه‌كانی هه‌ڵبژاردن خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی بۆ ده‌كرێت، پارته‌كانی ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێن: شكستی ئێمه له ئه‌نجامی ساخته‌كاریكردنی پارته‌كانی ده‌سه‌ڵات بووه له هه‌ڵبژاردن. یه‌كێتی ده‌ڵێ: سه‌ركه‌وتنی من له ئه‌نجامی سیاسه‌ته‌كانی خۆم بووه. به‌ڵام ده‌ركه‌وت پرۆسه‌ی دیاریكردنی سه‌رۆك كۆماری نوێی عێراق، به پشتیوانی گه‌لی كوردستان و هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان نه‌بوو، به‌ڵكو بوونی (دكتۆر به‌رهه‌م) به سه‌رۆك كۆمار به هه‌وڵی وڵاتێكی ناوچه‌كه و ده‌ره‌وه‌ی فراكسیۆنه كوردییه‌كان بوو، واته پڕۆژه‌یه‌كی عه‌ره‌بی مه‌زه‌وی بوو. پارتیش ده‌ڵێ: سه‌ركه‌وتنی من له ئه‌نجامی هه‌ڵه‌ی سیاسه‌تی پارته‌كانی ئۆپۆزسیۆن و راستگۆیی خۆم بووه.
جێی داخه هه‌ست ده‌كرێ تابلۆی سیاسی و ململانێكان له گۆڕه‌پانی سیاسی دووباره ده‌بێته‌وه، بگره ململانێ له ئه‌نجامی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له یه‌كتر توندتر ده‌بێت، هه‌ر له ئێسته‌وه باس له بڕوانه‌مان به خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی په‌رله‌مانی ده‌كرێت، له‌لایه‌كی تره‌وه باس له به‌كارهێنانی شه‌قام ده‌كرێت دژی یه‌كتر، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر پێگه‌ی كورد له عێراق و ناوچه‌كه‌دا، به‌تایبه‌تی كه كوردستان تازه له تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك پرۆسه‌ی ریفراندۆم و رووداوه‌كانی خیانه‌تی نیشتمانیی 16ی ئۆكتۆبه‌ر هاتووه‌ته ده‌ره‌وه.