ئیسماعیل ته‌ها
كوردستان به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌قۆناغی ته‌ندروست تێنه‌په‌ڕیوه، بۆیه حزبه‌كانی به ته‌ندروست دروست نه‌بوون، هه‌ر حزبه‌ی به چه‌ندان هه‌وراز و نشێوی سیاسی‌دا تێپه‌ڕیوه، زۆربه‌ی حزبه‌كان له كاردانه‌وه‌ی به‌شێكی حزبه‌كه‌ی دروست بوو، له‌و ماوه‌یه‌شدا كه حزبه‌كان دروست بوونه، هه‌وڵیان داوه هه‌رچی ناشیرینی خۆیان هه‌یه بیخه‌نه ئه‌ستۆی ئه‌و حزبه‌ی لێی جیا بوونه‌ته‌وه، بۆیه ده‌بینی حزبه‌كان تا ئێسته‌یش نه‌یانتوانیوه ببن به حزبێك له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م بگونجێن، هه‌رزوو كاریان له‌سه‌ر كاردانه‌وه بووه.
پارتی دیموكراتی كوردستان یه‌كێكه له‌و حزبانه‌ی كۆمه‌ڵێك هه‌وراز و نشێوی بڕیوه، دوای كۆچی دوایی مه‌لا مسته‌فا بارزانی، مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكایه‌تیی پارتی گرته ده‌ست. ئه‌وه شتێكی زۆر ئاساییه له پارتی، هیچ كاتێك نه‌بووه‌ته‌وه هۆی پاشكه‌وتنی ئه‌و حزبه، به‌ڵكو زۆرجار بووه به خاڵی به‌هێز و توانیویه‌تی به‌سه‌ر زۆر كۆسپدا زاڵ بێت، به‌تایبه‌ت بووه‌ته هۆی دروستبوونی سه‌نته‌ری بڕیار، له به‌رانبه‌ریشدا زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامانی ئه‌م حزبه /ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌مووی/ شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌ن كه سه‌رۆكه‌كه‌یان له بنه‌ماڵه‌ی بارزانی باوكه، هیچ لارییان له‌م سهرۆكایهتییهش نییه و نیگه‌ران نین و پێشیان نه‌نگی نییه كه سه‌رۆكی حزبه‌كه‌یان له بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه، پارتی تاكه حزبه به‌م شێوه‌یه نایشارێته‌وه.
پێچه‌وانه‌ی پارتی، یه‌كێتی یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه زۆر شانازی پێوه ده‌كرد، بریتی بوو له‌وه‌ی كه ئه‌وان جیاوازن له پارتی و پارتی حزبێكه بنه‌ماڵه‌ییه، مام جه‌لال له كتێبی "دیداری ته‌مه‌ن" به‌روونی باسی ئه‌و بابه‌ته ده‌كات، له وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌گه‌ر باسی جیاوازی نێوان یه‌كێتی و پارتی بكه‌یت، چۆنی ده‌نووسیته‌وه؟
یه‌كه‌م جیاوازی، پارتی حزبی بنه‌ماڵه‌یه، پارتی حزبی بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه، سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوێتی تێیدا پشتاوپشته (وراسیه) له باوكه‌وه بۆ كوڕ و به‌و جۆره. ئه‌وه‌ی بڕیارده‌ری سه‌ره‌كییه، له ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه.
یه‌كه‌م، یه‌كێتی حزبێكه له كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌وه هاتووه و حزبكی مۆدێرنه.
دووه‌م، سروشتی پێكهاته‌ی پارتی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی یه‌كێتی جیاوازه.
سێیه‌م: پارتی به‌خۆی ده‌ڵێت حزبێكی دیموكرات و نیشتمانی، یه‌كێتی به خۆی ده‌ڵێت: سۆسیال و دیموكرات.
چواره‌م: ئینجا دێته سه‌ر خه‌ڵكه‌كانی، كادره‌كانی، ئه‌ندام و دۆسته‌كانیان كه هه‌ریه‌كه‌یان شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه و ئیتر نامه‌وێت زۆرتری له‌سه‌ر بڕۆم.*
ئه‌گه‌ر سه‌یری رووداوه‌كان بكه‌ین، ئێسته ئه‌و دۆخه‌ی له‌ناو یه‌كێتی ده‌گوزه‌رێت، رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قسانه‌ی مام جه‌لاله، له‌گه‌ڵ نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال، هه‌رزوو كه‌سه نزیكه‌كانی كه‌وتنه وه‌رگرتنی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و گرتیانه ده‌ست، رۆژ له دوای رۆژ باڵاده‌ستی بنه‌ماڵه‌ی مام جه‌لال زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت.
هه‌رچی حزبه‌كانی تره، ئه‌وانیش به‌هه‌مان رێكچهی پارتیدا ده‌ڕۆن، هه‌ریه‌كه‌ی به جۆرێك له جۆره‌كان بنه‌ماڵه‌یی لێ ده‌رده‌كه‌وێت.
حزبی شۆسیالست بریتیه له حزبی دوو برا، ئه‌ندامانی تر هیچ كاریگه‌رییه‌كیان نییه.
بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی دوای كۆچی دوای مامۆستا مه‌لا عه‌لی كۆنگره‌ی ساڵی 2008 م محه‌مه‌د مه‌لا عومه‌ر كرا به رابه‌ر، دواتر مامۆستا مه‌لا سدیق ویستی نزیك بێته‌وه له كۆمه‌ڵ، به‌ڵام هێنایان كردیان به رابه‌ر و دواتر برازاكه‌ی كه‌وته ململانێ له‌گه‌ڵی، ئه‌وه‌بوو سه‌رئه‌نجام له كۆنگره به‌هه‌ر جۆرێك بێت مه‌لا سدیق لادرا و شێخ عیرفان كرا به رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، ئایندهی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی هیچ كات وه‌ك ئێسته نه‌بووه، چونكه ورده ورده كه‌سه‌كانی تر ئه‌و حزبه به‌جێ دێڵن.
ئێسته بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له كۆنگره نزیك ده‌بێته‌وه، ئایا تا چه‌ند شێخ عیرفان ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پۆسته‌ی ده‌بێت؟ به‌تایبه‌ت ئه‌و هێشتا گه‌نجه و ویستی بوون به رابه‌ری هه‌یه، له‌ولایشه‌وه كۆمه‌ڵێك كه‌سی تر خۆیان به كه‌سانی لێهاتوو و ماندوو ده‌زان و ده‌یانه‌وێ به‌ختی رابه‌رایه‌تییان تاقی بكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره كاك عیرفان ده‌رنه‌چوو، تۆ بڵێی قبووڵی بكات ركابه‌ره‌كانی له كۆنگره ببن به رابه‌ر؟ ئه‌م پرسیاره داهاتوو وه‌ڵامی ده‌داته‌وه.
كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئه‌گه‌رچی به‌هۆی ئه‌زموونی رابردوویان هه‌وڵیان داوه خۆیان دوور بگرن، به‌ڵام دانانی عه‌بدولستار مه‌جید به وه‌زیر و دواتر جارێكی تر بوونی به په‌رله‌مانتار، وه‌ك باس ده‌كرێت ده‌ستوه‌ردانی له هه‌ندێك كاروباری مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر، ئه‌م گومانه‌ی لای زۆر كه‌س تۆخ كرده‌وه، چاودێران لایان وایه ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وانیش راسته و هه‌موو كه‌سه نزیكه‌كانی عه‌لی باپیر كوتله‌یه‌كی به‌هێزیان پێكهێناوه و نایانه‌وێ كۆمه‌ڵ بكه‌وێته ده‌ست ئه‌وانیتر، ئه‌مه‌ش رۆژ له دوای رۆژ كێشه بۆ ناوخۆی ئه‌و حزبه زیاد ده‌كات، كادران نیگه‌ران ده‌كات و ئه‌و حزبه به‌جێ دێڵن.
یه‌كگرتووی ئیسلامی ویستی ئه‌زموونێك له گۆڕانكاری له ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات نیشان بدات له كۆنگره، به‌ڵام به‌هۆی دروستبوونی ناڕه‌زایی له ئه‌دای محه‌مه‌د فه‌ره‌ج، جارێكی تر سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دین گه‌ڕایه‌وه سه‌ر پۆستی ئه‌مینداریی، ئێسته‌یش ئایندهی گۆڕانكاری له كه‌سی یه‌كه‌می ئه‌و حزبه نادیاره، هه‌رچه‌ند قسه هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز دوای سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دین ویستی وه‌رگرتنی پۆستی ئه‌مینداری هه‌یه، به‌ڵام تا ئێسته ئاماژه‌كانی یه‌كگرتوو له‌ناو یه‌كگرتوو خۆیدا به‌و شێوه‌یه نییه.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كگرتوو ئێسته سه‌رقاڵی خۆڕێكخستنه‌وه‌یه، به‌هۆی دابه‌زینی رێژه‌ی زۆری كورسییه‌كانی كه ئه‌مه له رووی سیاسییه‌وه شكستێكی گه‌وره‌یه بۆ ئه‌و حزبه، دابه‌زینی كورسی به‌و رێژه‌یه بۆ حزبێكی وه‌ك یه‌كگرتوو كه خه‌ڵكێكی زۆری په‌روه‌رده كردووه، جێی پرسیاره.
دیداری ته‌مه‌ن لاپه‌ڕه: 274 به‌رگی دووه‌م.