ئیسماعیل ته‌ها
به‌شێك له مرۆڤ پێڕه‌وی له سروته ئاینییه‌كان ده‌كه‌ن و بۆ كۆمه‌ڵێك پرسی رۆژانه‌یان بۆ ئاین ده‌گه‌ڕێنه‌وه، به‌وه‌ش ئاین پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه له ژیانی مرۆڤدا، وه‌ك چۆن هه‌ندێك كه‌س كه له ئاینداری دوور ده‌كه‌ونه‌وه، تووشی هه‌ندێك لادان ده‌بن و دواجار ده‌بێته زیان بۆیان، به‌هه‌مانشێوه به‌شێكی تر له ئه‌نجامی پابه‌ندییان به ئاین و هه‌ڵه تێگه‌یشتنه‌وه تووشی لادان و توندڕه‌وی ده‌بن، له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه زیاتر توێژی گه‌نج تووش ده‌بن.
كورد مێژوویه‌كی هه‌یه له‌گه‌ڵ دینداری، به‌گشتی كه‌سی دیندار خۆشه‌ویست بووه له‌ناو كورددا، به‌ڵام سروشتی دینداری له‌ناو كورد سه‌ده‌ی رابردوو به‌هۆی هاتنی هه‌ندێك فكری تازه‌باو رووی له لاوازی كردبوو به‌تایبه‌ت له‌ناو گه‌نجان، ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكی دیندار بوون زیاتر كه‌سانی به ته‌مه‌ن بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵكی گه‌نج هه‌بوو پابه‌ندی دینداری بوو، بۆیه ئه‌گه‌ر كه‌سێك له ته‌مه‌نی گه‌نجیی دیندار بووایه، هاتوچۆی مزگه‌وتی بكردایه، ئه‌و گه‌نجه لای خه‌ڵك كه‌سێكی خۆشه‌ویست بوو، چونكه رێژه‌یه‌كی كه‌می گه‌نج هاتوچۆی مزگه‌وتیان ده‌كرد، ئه‌گه‌ر كه‌سێك هاتوچۆی مزگه‌وتی بكردایه ئه‌و كه‌سه لای خزم و خوێش و دراوسێكانی خۆشه‌ویست بوو، هه‌موویان لێی ئه‌مین بوون، هیچ كات هه‌ست به مه‌ترسی نه‌ده‌كرا له قسه و هه‌ڵسوكه‌وتی.
به‌ڵام دواتر قۆناغێك دێته پێشه‌وه دۆخه‌كه پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه، له‌بری هه‌ستكردن به ئارامی هه‌ستكردن به مه‌ترسیی دروست ده‌بێت، بۆیه دۆخی ئێسته‌ی دینداری گه‌نجان پێچه‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می زوو.
كاتێك كه‌سێك گه‌نجێكی هاتوچۆی مزگه‌وت ده‌كات هه‌رزوو له‌بری ئه‌وه‌ی ماڵباته‌كه‌ی لێی ئه‌مین بن، تووشی دڵه‌ڕاوكه ده‌بن. ئه‌و دۆخه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی سه‌له‌فیه‌ت ئاراسته‌كه‌ی گۆڕا، چونكه كاتێك گه‌نجێك روو له ئاین ده‌كات له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته جێی ره‌زامه‌ندی، ده‌بێته جێی مه‌ترسی.
هۆی ئه‌و مه‌ترسییه له چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، زۆرجار ئه‌و گه‌نجانه‌ی هاتوچۆی مزگه‌وت ده‌كه‌ن كۆمه‌ڵێك بابه‌تی خیلافی و ساده فێر ده‌كرێن، به‌ر له هه‌موو كه‌س ناكۆكی له‌گه‌ڵ ماڵه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، هه‌رزوو خۆی لێ ده‌بێت به موفتی، ده‌ست ده‌كات به فه‌توادان، ئه‌وه كوفره، ئه‌وه شیركه، ئه‌وه بیدعه‌یه، ئه‌وه واجبه، ئه‌وه حه‌رامه. له مزگه‌وتیش به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ كه‌سانێكی به ته‌مه‌ن ده‌ست ده‌كاته‌وه به‌هه‌مان ململانێ و مشت‌ومڕ، له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه و هه‌ندێك پرسی لاوه‌كی وه‌ك په‌نجه جووڵاندن و بابه‌تی تر، كه چه‌ند فه‌رمووده‌یه‌ك له‌به‌ر ده‌كات، تووتی ئاسا ده‌یڵێته‌وه. له هه‌مووی مه‌ترسیدارتر رۆیشتنی ئه‌و جۆره گه‌نجانه‌یه بۆ ناو گرووپه توندڕه‌وه‌كان و گۆڕینی ئاراسته‌ی چه‌كه‌كانیان بۆ كه‌سه نزیكه‌كه‌یان، ئایه هۆكاره‌كه ته‌نیا په‌روه‌ده‌یه‌كی سه‌له‌فییانه‌یه یاخۆ هۆكاری تریش هه‌ن؟
هۆی سه‌ره‌كی ئه‌و جۆره په‌روه‌رده‌یه، به پله‌ی یه‌كه‌م په‌روه‌رده‌یه‌كی سه‌له‌فییانه‌یه، سه‌له‌فیه‌ت له كاركردنی به دوو ئاراسته كار ده‌كات:
ئاراسته‌ی یه‌كه‌م، هه‌رچی بیركردنه‌وه‌ی وه‌ك خۆی نه‌بێت، كۆمه‌ڵێك ناوی بۆ داده‌تاشێت و ده‌یانخاته ده‌ره‌وه، یا لایه‌نی كه‌م به لاده‌ر و گومڕایان ده‌زانێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و تێگه‌یشتنه باوه‌ی له بابه‌تی عه‌قیده‌ی ئیسلامی كه مه‌لای كورد زیاتر "ئه‌شعه‌ری"یه له عه‌قیده، له فیقهـ شافعییه، كه‌متر له مه‌زه‌و ده‌رده‌چن، ئه‌وه‌ش وایكردووه ئاسانتر سه‌له‌فیه‌ت كار بكات له‌سه‌ر ناشیرنكردنی، به‌تایبه‌تیش له ساڵانی نه‌وده‌كان به ئاشكرا قسه به مه‌لا ده‌گوترا، فلان مه‌لا قه‌بر په‌رسته، ڕیشی نییه، ده‌روێشه، سۆفییه‌كی گومڕایه، ئێسته‌یش ئه‌و جۆره گوتاره به‌رده‌وامی هه‌ر هه‌یه.
ئاراسته‌ی دووه‌می كاركردنی سه‌له‌فیه‌ت، خۆنمایشكردنه وه‌ك حه‌قیقه‌تی ره‌ها، كاتێك سه‌له‌فیه‌ت باس له رێبازی خۆی ده‌كات، وه‌ك حه‌قیقه‌تی ره‌ها ده‌یخاته ڕوو، پێی وایه ئه‌وه‌ی ئه‌و پێڕه‌وی ده‌كات حه‌قیقه‌تی ره‌های ئاینه و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هه‌رچی هه‌بێت جێی قبووڵكردن نییه، چونكه پێی وایه ئه‌وانه‌ی تر له راسته‌رێی ئاین لایان داوه.
بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌یری سه‌له‌فییه‌كان بكه‌ین، جگه له چه‌ند كه‌سێكی دیار زیاتر كاریان له‌سه‌ر هه‌رزه‌كار بووه، ئه‌و كه‌سانه‌یان له ده‌وری خۆیان كۆ ده‌كرده‌وه كه تازه پێگه‌یشتوون، هیچ ئه‌زموونێكی قووڵیان نه‌بوو له فێربوونی زانسته شه‌رعییه‌كان.
سه‌رسامكردنی گه‌نج به ئه‌زموونی فێركاری سعوودیه یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی سه‌له‌فییه‌كان كاریان له‌سه‌ر ده‌كرد، به پشتبه‌ستن به نامیلكه بچووكه‌كانی زانایانی سعوودیه. به‌و دۆخه‌وه سه‌له‌فیه‌ت توانی زه‌وینه‌سازییه‌كی فراوان بۆ خۆی دروست بكات، لێره‌وه ئاراسته‌ی كه‌سه‌كان ده‌گۆڕا و له‌بری ئه‌وه‌ی ببن به مرۆڤی نه‌رمونیان، ده‌بوون به كه‌سێك ئه‌گه‌ر ده‌وروبه‌ر له شه‌ڕیشیان ئه‌مین بووایه، له ده‌مه‌ده‌م و گفتوگۆیان ئه‌مین نه‌بوو، ئه‌و جۆره گفتوگۆیه تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامه.
گوتاری سه‌له‌فیه‌ت له یه‌ك ئاستدا ناوه‌ستێت، ورده ورده تێگه‌یشتنی توندتری به‌دواوه دێت، دواتریش له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی گرووپه تونده‌ڕه‌وه‌كان به‌شێك له‌وانه به پاڵنه‌ری تونده‌ڕه‌ویان له بیكردنه‌وه چوونه ناو ئه‌و گرووپانه.
ئه‌و جۆره پرسانه پێویستی به چاره‌سه‌ری به‌رده‌وام هه‌یه، چاره‌سه‌ری ئه‌و جۆره تێگه‌یشتنانه به‌وه نابێت چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی تیڤی چه‌ند كه‌سێك كه لای خه‌ڵكی دیندار جێی متمانه نین بێ قسه له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی ئه‌و جۆره تێگه‌یشتنه بكه‌ن و تێگه‌یشتنی به‌دیل بخه‌نه ڕوو، به‌ڵكو ده‌بێت كه‌سانێك بن شاره‌زایی قووڵیان هه‌بێت و له ناوه‌نده ئاینییه‌كاندا ژماره بن و به‌گشتی خه‌ڵك گوێ بۆ قسه‌یان بگرێت، ئه‌وكات ده‌توانرێ ورده ورده كاریگه‌ری دروست بكرێت.
پێدانی مزگه‌وت به هه‌موو جۆره كه‌سێك به‌شێكه له زیادكردنی ئه‌و جۆره كێشانه، كاتێك به‌ناوی دژایه‌تی ئیسلامی سیاسی زۆرجار رێ خۆش كراوه بۆ سه‌له‌فیه‌ت و مزگه‌وتیان پێ دراوه، جارێكی تر هه‌مان ئه‌زموونی پێشوو دووباره ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌گوترێت سه‌له‌فیه‌تی مه‌دخه‌لی نه‌شچن بۆ ناو گرووپه تونده‌ڕه‌وكان، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌ترسین.
سه‌له‌فیه‌تی مه‌دخه‌لی له په‌نای گوته‌گه‌لێكی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتدار وه‌لی ئه‌مری مسوڵمانانه و گوێڕایه‌ڵی وه‌لی ئه‌مر واجبه، زۆرجار مه‌ترسی گه‌وره‌یان بۆ سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی ئاینی دروست كردووه، گوتارێكی توندیان به‌رهه‌م هێناوه، به‌تایبه‌ت له هه‌ردوو مانگی مه‌ولوود و ره‌مه‌زان ئه‌و جۆره بیكردنه‌وانه ده‌رده‌كه‌ون كه له باسی سه‌رفیتره و جائزبوونی مه‌ولووددا، فه‌وزایه‌كی فراوان دروست ده‌كه‌ن.
له مانگی مه‌ولوود ساڵانه خه‌ڵك به لاده‌ر و ئه‌هلی بید‌عه وه‌سف ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان له فه‌تواكاندا ده‌ڵێن: ئه‌و شیرینییه‌ی له مانگی مه‌ولوود دابه‌ش ده‌كرێت، خواردنی حه‌رامه. ئه‌و جۆره گوتاره ساڵانه دووباره ده‌بێته‌وه.
له مانگی ره‌مه‌زانیش كاتێك رێژه‌ی سه‌رفیتره دیاری ده‌كرێت، هه‌میشه گوتاری سه‌له‌فیه‌ت پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی باوی زانایانه و داوا ده‌كه‌ن، خه‌ڵك له‌بری پاره برنج بدات، به‌مه‌ش فه‌وزایه‌ك دروست ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌و جۆره گوتاره بكه‌ین گوتارێكی به‌ر‌هه‌مهێنه‌ری توندوتیژییه، سه‌له‌فیه‌ت له گوتاری خۆی پێی وایه دژایه‌تی توندوتیژی ده‌كات، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا گوتارێكی باوی هه‌یه كه به‌هه‌موو پڕه له سووكایه‌تی، له‌سه‌ر هه‌ندێك شتی بچووك خه‌ڵكی به لاده‌ر وه‌سف بكه‌یت، جۆرێكه له دروستكردنی فه‌وزا و توندوتیژی، چونكه گوتارێكه توندڕه‌وی تر به‌رهه‌م دێنێت، دژایه‌تی له خێزاندا دروست ده‌كات و ناكۆكی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.