بوونی ده‌وڵه‌ت به‌هێزترین كۆڵهگهیه بۆ هه‌بوونی پشتیوانی به‌هێز، به‌هۆی كۆمه‌ڵێك فاكته‌ره‌وه كورد بۆی نه‌گونجاوه ببێت به خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی، له‌و ساته‌وه وه‌ك باڵنده‌یه‌كی بێلانه‌ی لێ هاتووه و كه‌س نایگرێته خۆی.
كه‌واته كورد ده‌بێ به‌دوای پاراستنی خۆیدا بگه‌ڕێت، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێ ستراتیجێكی روونی هه‌بێت، چونكه دیاریكردنی ستراتیج كرۆكی هه‌موو كارێكه، ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یه‌وێ كارێك بكات ده‌بێ خاوه‌نی ستراتیجێكی زۆر روون بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ چۆن یارییه‌كه ده‌كات، له چ شوێنێك پلانه‌كه‌ی سه‌رنه‌كه‌وت پلانه‌كه‌ی بگۆڕێت و به ئاراسته‌یه‌كی تر به‌ره‌و ستراتیجه‌كه‌ی بڕوات، وه‌ك ده‌ڵێن نیشتمان ئه‌و كه‌شتییه‌یه كه داهاتووی هه‌موومانی پێوه به‌نده.
له دنیای مۆدێرندا، راگه‌یاندن به‌هێزترین فاكته‌ری گه‌یاندنی په‌یامه، چونكه زۆرینه‌ی ره‌های خه‌ڵك چاوی له‌سه‌ر راگه‌یاندنه، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك راگه‌یاندنێكی یه‌كگرتووی نه‌بوو، تووشی په‌رته‌وازه‌یی و شڵه‌ژاوی ده‌بێت.
ئه‌مڕۆ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك به ئه‌ندازه‌ی كورد بێ ڕاگه‌یاندن نییه، كه ده‌ڵێم راگه‌یاندن مه‌به‌ستم بوونی گوتارێكی هاوبه‌شی نیشتمانییه كه كۆی ڕاگه‌یاندنی كوردی پێڕه‌وی لێ بكه‌ن و خزمه‌ت به دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان بكه‌ن، چونكه ئه‌گه‌ر گوتارێكی یهكگرتووت نه‌بوو، فه‌وزا جێی ئه‌و گوتاره یه‌كگرتووه ده‌گرێته‌وه و ئه‌وه‌ی ئێسته له ڕاگه‌یاندنی كوردستان ده‌گوزه‌رێت رێك ئه‌و فه‌وزایه‌یه، دواجار ئه‌وه‌ش به زیانی نه‌ته‌وه‌یی ده‌شكێته‌وه، هه‌ندێك جار راسته‌وخۆ باجه‌كه‌ی خه‌ڵك ده‌یدات، جار جاریش سیاسییه‌كان باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن.
لێره ئاماژه به چه‌ند شتێك ده‌كه‌م له ئه‌نجامی نه‌بوونی گوتاری ستراتیجی چ زیانێكی لێ داوین. له چه‌ند ساڵی رابردوودا جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان ساڵانه له كاتێكی دیاریكراودا گه‌نمیان راده‌ستی سایلۆ ده‌كرد، له كاتێكی دیاریكراویش پاره‌كه‌یان وه‌رده‌گرت، له دوای ساڵی 2015 هه‌ندێك راگه‌یاندنی كوردی به ناوی دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی، چه‌ند هه‌واڵێكیان بڵاو كرده‌وه گوایه به‌رپرسه بازرگانه‌كانی كورد، گه‌نمیان له وڵاتان هێناوه و له سایلۆ حكوومییه‌كان به گه‌نمی پله یه‌كی كوردستان راده‌ستیان كردووه.
ئه‌و هه‌واڵه زیاد له جارێك له چه‌ند ده‌زگه‌یه‌كی كوردی بڵاو كرایه‌وه، دواتریش كرایه عه‌ره‌بی، ئه‌وه‌یش بووه هۆی ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می عه‌بادی جارێكی تر حكوومه‌تی عێراقی دوو بڕیار بدات، بڕیاری یه‌كه‌م چیتر گه‌نم به‌و پاره‌یه وه‌رنه‌گرێت و پاره‌یه‌كی زۆری جووتیارانی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت، دواتریش ئه‌و پاره‌یه كراوه‌ته كارتێكی فشار بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه به‌شی زۆری پاره‌كه هی خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ته و چاوه‌ڕوانی ده‌كرد شتێكی پێ ببڕێت.
پرسی توركیا و ئه‌مه‌ریكا پرسێكی فره‌ڕه‌هه‌نده، ئه‌وان دوو وڵاتی زلهێزن و چه‌ندان به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شیان هه‌یه، هاوكات كۆمه‌ڵێك ناكۆكییان هه‌یه، راسته ناكۆكییه‌كان قووڵن، به‌ڵام چاره‌سه‌ری ناكۆكی قووڵ بۆ ئه‌و جۆره به‌رژه‌وه‌ندییه ئه‌وه‌نده قورس نییه و ده‌توانن به یه‌ك پێوه‌ندی ته‌له‌فۆنی كۆتا به هه‌موو ئه‌و ناكۆكییانه بهێنن.
ئه‌ردۆغان سیاسییه‌كی پراگماتیسته، هه‌موو كارێكی بۆ راكێشانی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه‌یه‌تی، ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین له پرسی خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه رووسییه‌كه، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م به نامه‌یه‌ك و داوای لێبووردنێك ئه‌و پرسه چاره‌سه‌ر كرا. كه‌واته ناكۆكی بۆ ئه‌وانه شتێكی زۆر سروشتییه و ناكرێ دڵی جه‌ماوه‌ر ئه‌وه‌نده خۆش بكه‌یت كه ناكۆكی له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كان به كۆتاهاتنی پێوه‌ندی حیساب بكه‌ی بۆ گه‌له‌كه‌ت، چونكه ئه‌و جۆره ناكۆكییه زۆر كاتییه و ئه‌وان ده‌توانن به ته‌له‌فۆنێك به‌كۆتای بێنن، چونكه ئه‌و دوو وڵاته گرێبه‌ستی چه‌ند ملیار دۆلاریان له نێواندایه، به‌تایبه‌ت پرسی كڕینی "ئێس400"، رووسیا بۆ فڕۆكه‌یه‌ك و فڕۆكه‌وانێك توركیا ناكاته دوژمنی خۆی.
له به‌رانبه‌ریشدا ئه‌مه‌ریكا هه‌روایه، راسته ئه‌و كاره‌ی توركیا پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكایه، به‌ڵام دواجار تره‌مپ ده‌ڵێت: ئێمه ده‌زانین ئیداره‌ی باراك ئۆباما هه‌ڵه‌یان هه‌بوو به‌رانبه‌ر توركیا.
له باشووری كوردستان ئه‌وانه‌ی وه‌ك چاودێری سیاسی قسه ده‌كه‌ن، پێیان وابوو له‌گه‌ڵ كڕینی "ئێس400"، ئه‌مه‌ریكا هه‌موو ده‌رگه‌كان به ڕووی توركیا داده‌خات، كه‌چی دواتر پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌رچوو، كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆ نه‌بوو، ته‌نیا پێدانی فڕۆكه‌ی ئێف 35 دواخراوه، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا پێی نه‌فرۆشێت، رووسیا ئاماده‌یه، ئه‌مه‌ریكایش ئه‌وه‌نده به ئاسانی پاشگه‌ز نابێته‌وه له فرۆشتن، به‌ڵام دواخستن پرسێكی تره.
له پرسی رۆژئاوای كوردستان، ئه‌و میدیایانه‌ی زیاتر نزیك بوون له پارته‌كانی رۆژئاوای كوردستان، زوو هه‌واڵی پێوه‌ندی و دروستبوونی متمانه‌ی به‌هێزی نێوان رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكایان بڵاو ده‌كرده‌وه، ته‌نانه‌ت گه‌یشته ئه‌و ئه‌ندازه‌ی توركیا له ناتۆ ده‌رده‌كرێت و "په‌یه‌ده" جێی ده‌گرێته‌وه، ئه‌و هه‌واڵه خه‌ڵكێكی زۆری دڵخۆش كردبوو و رۆژانه له دانیشتنه‌كان دووباره‌یان ده‌كرده‌وه.
كاتێكیش توركیا پرسی هێرشكردنه سه‌ر رۆژئاوای كوردستانی هێنا پێشه‌وه، له بری لێكدانه‌وه و حیسابی رژد، ده‌ستیان كرده‌وه به لێكدانه‌وه‌ی سه‌قه‌ت كه رۆژئاوا هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ریكایه و ئه‌مه‌ریكا خۆی هێزی له‌وێیه و توركیا بوێریی ئه‌وه ناكات هێرش بكاته سه‌ر رۆژئاوا و ئه‌گه‌ر توركیا ئه‌و كاره بكات گه‌وره‌ترین زیانی به‌رده‌كه‌وێت.
توركیا هێرشی كرد، تا ئێسته كاردانه‌وه‌ی وڵاته زلهێزه‌كان ته‌نیا به‌یاننامه و ناڕه‌زاییه، جگه له‌و وڵاتانه‌ی فرۆشتنی چه‌كیان هه‌ڵپه‌ساردووه، ئه‌وه‌ش ته‌نیا گرێبه‌ستی تازه واژوو ناكه‌ن، ئه‌گه‌رنا پێشتر چی كراوه، هه‌مووی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئه‌ركی راگه‌یاندن ئه‌وه نییه دنیایه‌كی خه‌یاڵی بۆ هاونیشتمانیانی دروست بكات، به‌ڵكو ئه‌ركه‌كه پێدانی زانیار و هۆشیارییه به وه‌رگر، هه‌ندێك جاریش پێویست ناكات هه‌موو زانیارییه‌ك بخرێته سه‌ر شاشه، چونكه دواجار دوژمنه‌كه‌ت ده‌یقۆزێته‌وه و بۆ خۆی سوودی لێ وه‌رده‌گرێت، بۆیه ده‌بوو راگه‌یاندنی كوردی زۆر هۆشیارانه ماڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسانه بكات، ئه‌گه‌رنا خه‌ڵك وه‌ك ئێسته تووشی شۆك نه‌ده‌بوو له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی توركیا، چونكه به‌شێكی ئه‌و شۆكه‌ی خه‌ڵكی به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌ریكا، پێوه‌سته به‌و هه‌موو هه‌واڵه دڵخۆشكه‌ره بێبنه‌مایانه‌ی پێشوو كه له سایته كوردییه‌كان له‌باره‌ی پێوه‌ندی به‌هێزی رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكا بڵاو ده‌بووه‌وه.
سیاسه‌ت به هه‌واڵی دڵخۆشكه‌ر ناكرێت، چونكه دواجار ئه‌نجامه‌كه‌ی له رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ ده‌رده‌كه‌وێت، ئێسته به‌هه‌مانشێوه‌ی رابردوو، هه‌ندێك سایت ده‌ستیان داوه‌ته‌وه هه‌مان ریتم.
به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی جه‌ماوه‌ر به‌رانبه‌ر داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان، به گوتاری هاندان و پشتبه‌خۆبه‌ستن ده‌بێت، نه‌ك به هه‌واڵی بێنه‌ما، چونكه هه‌ندێك هه‌واڵ هه‌ن ئه‌گه‌ر بۆ رۆژئاوا زیانیشی نه‌بێت، دوور نییه له داهاتوو ببێته زیان بۆ باشووری كوردستان، بۆیه نابێ به نیازی ئه‌وه بین توركیا ته‌واو ده‌ڕووخێت، ئه‌ردۆغانیش له‌سه‌ر كار لاچێت كێشه‌ی كورد له توركیا به‌كۆتا نایه‌ت، چونكه گوتاری توركی یه‌ك گوتاره به‌رانبه‌ر كورد.
تا ئێسته زلهێزه‌كان هیچ هه‌ڵوێستێكی رژدیان نییه به‌رانبه‌ر توركیا، نازانین چه‌ند رۆژی داهاتوو چی روو ده‌دات.