راپەڕین كۆبڕیار و یەك چارەنووس

PM:02:17:17/03/2017 ‌


راپەڕینی ساڵی 1991 ئاراستەی جۆری خەباتی رزگاریخوازی گۆڕی، واتە لە شەڕی شاخەوە خەباتی گواستەوە بۆ ناو شار، ئەمەش چەند هۆكارێك پاڵنەری بوون كە وای كرد وەستان لەو جۆرە خەباتە بكرێ‌ كە زیاتر لە نیو سەدە بەردەوامی هەبوو. یەكەم كیمیاباران لەلایەن رژێمەوە لە بالیسان و گۆپتەپە و دواتریشیان هەڵەبجە كە لە چەند چركەیەكدا هەزاران قوربانی و شەهیدی لێ كەوتەوە، بەدوایشیدا كارەساتی ئەنفال واتە قڕكردنی میلەتێك بە گشتی. لێرەدا ناچارییەك دێتە پێشەوە كە جۆری خەباتت پێ‌ دەگۆڕێ‌، چونكە بە هیچ شێوەیەك بە چەكی سووكی دەستی پێشمەرگە وەڵامی ئەو شەڕە نابەرامبەرە نادرێتەوە
.

ئەمە وای خواست كورد بۆ بەردەوامی و مكوڕی لە مافی رەوای خۆی جۆری خەباتی بگۆڕێ‌، لە چەند مەفرەزەیەكەوە بۆ خەباتی میلەتێك بە گشتی، روونیشە شەڕی كەنداو و تێكشكانی سوپای عێراق لە كوێت لەلایەن هێزی هاوپەیمانەوە بەناوی "گەردەلوولی سپی"، رێگە درێژەكەی كورتتر كردەوە و بەهۆیانەوە هەلی زێڕینی چەخماخەی راپەڕین زیاتر بڵێسەی سەند. خەڵكانێكی زۆر بە هەر هۆكارێك بووبێ‌ چەكیان بۆ رژێم هەڵگرتبوو، بوون بە پاڵپشتی جەماوەر و لە شەو و رۆژێكدا كورد هەموو بوو بە پێشمەرگە، ئەم هۆكارانە بوون بە هەوێنی سەركەوتن و لە ماوەی كەمتر لە 20 رۆژدا كوردستان بە گشتی بە كەركووكی دڵی كوردستانیشەوە ئازاد كران.

ئەم كۆبڕیارە بۆ یەك چارەنووس تا نهاش گڕوتینی هەر ماوە و ئەو راچڵەكانە وای كرد جارێكی تر هیچ هێز و رژێمێك بیر لە نەمان و قڕكردنی میلەتی كورد نەكاتەوە، هەروەها ئەو كۆبڕیارەش كۆ بڕیاری تری لێ كەوتەوە، واتە دوای ئازادكردنی كەركووك، رژێم هێزە تێكشكاوەكەی كۆ كردەوە و دڕندانەتر پەلاماری كوردستانی دایەوە و زاڵمانەتر پەلاماری شار و شارۆكەكانمانی دا، لێرەدا میلەت بە گشتی كۆبڕیارێكی تری دا بەوەی یەك چارەنووسی هەڵبژارد، ئەوەش بڕیاری كۆڕەو بوو، واتە یان كوردستانی ئازاد یان كۆڕەو. ئەمەش ویژدانی سەرجەم وڵاتانی زلهێزی دنیای راچڵكاند و بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری قەدەغەكردنی هێزی ئاسمانی بۆ دەركرد و بنكەیەكی سەربازی بە ناوی "چەكوشی ئامادە" لە ئەنجەرلیك لە توركیا بۆ دامەزراند و هێڵی 36ی خستە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە.

ئەم كۆبڕیارە ئەو لێكەوتە مەزنەی هەبوو و هۆكارێكی تری گەورە بوو كە كوردی لە كۆ بڕیاری كۆتای نزیكتر كردەوە، ئەوەش بڕیاری كۆتایە واتە بڕیاری دەوڵەت، بۆیە بە هەموو كەموكورتییەكانیەوە بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی لە پاش ڕاپەڕینەوە داوە. خەبات بەردەوام دەبێ‌ تا ئەو مافە سروشتییە بە ئەنجام دەگات، هەرچەندە بە بەردەوامیش تا نها چەندان بەربەستی بۆ پەیدا دەكرێ‌ و چەندان رۆژ و ساڵ دوا دەخرێ‌، چەندان ئاستەنگی بۆ دێتە پێش، بەڵام نكوڵی لەوە ناكرێ‌ ویستی میلەت لە هەر قۆناغێكدا بێ‌، دەبێ‌ رێزی لێ بگیرێ‌ و بەو مافە سروشتییەی خۆی بگات كە چەندان ساڵە خەباتی رەوای بۆ دەكات و وەك گەڵای دار قوربانی بۆ داوە. ئەویش تەنیا رێزگرتنە لە كۆبڕیاری میلەتێك كە خاوەنی كولتوور و زمان و شوێن و خەڵك و خاكی خۆیەتی كە بڕیاری دەوڵەتی بۆ خۆی داوە.


یوسف لەتیف