یوسف لەتیف
كۆمەڵگە لە تاك دواتر خێزان و هۆز و چەند هۆزێك و شارێك دێت، لەبەرئەوەی مرۆڤگەل كائینێكی كۆمەڵایەتین، ناتوانن بە تەنیا بژین، بۆ پێكەوەژیان دەبێ هەندێ پڕەنسیپ و نەریت و یاسا هەبن كە تاكەكان لەسەری كۆك بن بۆ ئەوەی بتوانن پێكەوە هەڵبكەن و بژین. دواتر لەگەڵ پێكەوەژیان، كێبەركێ و تێپەڕینی كات و داهێنانی زیاتر لە مرۆڤەوە، یاساگەلی زیاتر دانرا، چەندان تەرز و سیستەمی كۆمەڵایەتی بۆ بەڕێوەبردن هاتە ئاراوە، بە هەوڵ و تێكۆشانی زۆر لە ئەوروپا، ئاین لە دەوڵەت جیا كرایەوە، هەموو شتێك رێك خرا، ئازادی بوو بە جێگرەوەی هەموو شتێك، بە مەرجێك سنووری ئازادی تاك كاریگەریی نەرێنیی نەبێ لەسەر ئازادی ئەوانی تر. یاسای جەنگ، دیل نەكوشتن، هەموو رەگەزێك تەنانەت ئاژەڵیش، هەموو ئەمانە لەگەڵ پێشكەوتنی هۆشیاری تاك هەڵكشان و یاسای بۆ رێك خرا.
شۆڕشی فڕەنسا ساڵی 1789 كاریگەریی زۆری لەسەر ئەوروپا هەبوو بەتایبەت، چونكە فڕەنسا ناوجەرگەی ئەوروپا بوو، ئەو بەها بەرزانە دواتر كاریگەریی لەسەر كۆی مرۆڤ دانا. هۆكەی ئەوەبوو چەندان بیرمەندی گەورە لە پشتییەوە بوون. بۆیە زوو زوو وەك تنۆكێك مەرەكەب بڕژێنیتە ناو سەتڵێ ئاوەوە، بڵاو بووەوە، كەچی دوای ئەو هەموو ساڵ و ئەزموونە كردارییە تازە كۆمەڵگەی ئێمە لە نووكەوە تێهەڵچووەتەوە و گەڕاوەتەوە خاڵی سفر واتە تاك، خێزان و هۆز.
ئاگامان لێیە لەمپەڕی چەپەوە تا ئەوپەڕی ئیسلامی و نەتەوەیی، هەر هەموویان مژوڵی هۆزپەرستین، فێستیڤاڵ رێك دەخەن و جلی ئاڵوواڵا دەپۆشن و چریكەی دەنگی تەقاندنی بڕنەوە و لە گا تا دەگاتەوە كەڵەشێر و مەڕ و بزن و ئاژەڵی كێوی و ماسی سەر دەبڕن و برێشكە و ئاشەبەتەنوورە و خواردنی فۆلكلۆری تیادا خەسار دەكرێ، دواتر خوێندنەوەی بروسكەی پیرۆزبایی هۆزەكانی تر، هاوكات سوپاسگوزاری تایبەتی خۆیان دەردەبڕن بۆ حزبی تایبەتی كە لە حەقوناحەقدا پشتیوانیان دەكات، زۆر جاران سەرۆكی نوێی هۆز دێتە هەڵبژاردن. بە تایبەت ئەگەر سەرۆك هۆزی پێشوو ئینتیمای تەواوی بۆ حزبێكی فەرمانڕەوای دەڤەرەكەی لە دەست دابێ.
بێكەسی شاعیر دەڵێ:
تف لە عیلم و سەنعەت و سەد كارەبا
مەرحەبا ئەی جەهل و وەحشیەت مەرحەبا
بۆیە ئەم گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر زۆر هۆی هەیە، رەنگە لە هەموویان زیاتر پێوەست بێ بە ئامادە نەبوون بۆ خۆگۆڕین و خۆئامادەكردن بۆ دەستپێكی ژیانی نوێ و دداننان بە مافەكان و رێكخستنەوەی بە یاسا و چاند و پەروەردەكردنی تاك بۆ پێوەستبوونیان بە ئینتیمای نیشتمانیی و پیشە و حەز و ئارەزوو. كۆی ئەمانە لە ناوبەر و ڤایرۆسن بۆ هۆزگەرایی.
لە شەستەكاندا پارتی دیموكراتی كوردوستان رابەرایەتی ئەم بەشەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی دەكرد، باڵی مەكتەبی سیاسی رەخنەی رژدیان لە سەركردایەتییەكەیان هەبوو بەوەی خەریكی عەشیرەتبازی و پەنابردنن بۆ هۆز و سەركردەكانیان، تا گەیشتنە ئەوەی لێی جیا بوونەوە، كەچی سەیر لەوەدایە لەگەڵ یەكەم بانگەوازی خۆیشیاندا، پەنایان بردەوە بەر هۆز و سەرۆك عەشیرەتەكان و پێوەندی دروستكردن لەگەڵیاندا، سەركردەی شۆڕش زووتر تێگەیشتبوو كە كۆمەڵگەكە لەوكاتەدا هۆز بەڕێوەی دەبات و جوان سوودی لێ بینین بۆ فراوانكردنی خەباتی كوردایەتی، بەڵام جیابووەكان وەك ئەوەی هیچ نەبووبێ و نەگوترابێ، هەموو هەوڵیان خستە گەڕ بۆ كۆكردنەوەی ناوی گەورە و عەشیرەتی گەورەتر.
ئێستەیشی لەگەڵدابێت، پەی بەوە نەبرا ئاخۆ كۆمەڵگە ئەوەیە و ئەوەی دەوێ، یا حزبەكان بۆ كارئاسانی خۆیان و بێبەرنامەییان ئەو كارەیان هەڵبژاردووە، بەڵام هەرچییەكیان بێ هەریەكە. حاڵی حازر ئەوە لە برەودایە، پڕۆفیسۆرێك كە دەیەوێ راستەوخۆ لەناو كۆمەڵگە خۆی بپاڵێوێت، لە پێش ناوی خۆی ناوی هۆزەكەی دەنووسێ. ئەم چەقبەستوویییەی كۆمەڵگە كە زۆر قورس لەسەر هەمووی دەكەوێ، ژیان وا سادە دەكرێتەوە دەتگەڕێنێتەوە خاڵی سفر.
پرسەیلی تایبەت بە كێشەكانی ئافرەت و زەوی و موڵكداری. مۆری دیوەخانی پێوە نەبێ، هەر لە سەرەتادایە و ئاگرەكە ژیلەمۆیە و هەر كاتێك بێ هەڵدەگیرسێ. بۆیە نائارامی و كێشمەكێشی حزبایەتی لەسەر راكێشانی ئینتیمای زۆرینە بۆ خۆیان، دەستیان نەوی كردووەتەوە بۆ عەشیرەت، عەشیرەتیش یاساگەلی خۆی دەسەپێنێ، نەك یاسای وڵات و بەڕێوەبردن، ئەم گەڕانەوەیە دروست نییە و هەیبەت و هەیكەلی حوكمداری لەكەدار دەكات و هیچ بەسەر هیچەوە ناهێڵێ، بۆیە تاكە چارەسەر ئەوەیە مامەڵە لەگەڵ تاكدا بكرێ و مافی هاووڵاتیبوون بۆ هەموو كەس هەبێت و كەس پەراوێز نەخرێ.