یوسف له‌تیف
میله‌تێك 100 ساڵ خه‌باتى چه‌كدارى و مه‌ده‌نى و دیمو‌كراتى كردووه بۆ ئه‌وه‌ى ئازاد بێ، چه‌ندان هاوپه‌یمانى و نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیى له پێناو هاوسه‌نگیدا به‌جێ گه‌یاندووه، هه‌ر شۆڕشێك و دێڕێكى تر‌ى به ده‌سه‌ڵات زیاد كردووه، ئه‌وه‌ش له عه‌بدولكه‌ریمه‌وه بگره تا نهۆ كه ده‌ستووره (كورد و عه‌ره‌ب هاوبه‌شن) له عێراقدا. دواینیان عێراقى فیدراڵ كه تیایدا ئازادى زیاتر فه‌راهه‌م ده‌كا بۆ میله‌تى كورد. ئه‌وه‌ى كۆتا وه‌نه‌بێ له ویژدان و بڕواى ده‌سه‌ڵاتى عێراقه‌وه بووبێ، بگره له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه كه عێراق له 2003دا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه داگیر كرا وه‌ك نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان ناوى لێ ناوه.
ئۆپۆزسیۆن ئه‌وانه‌ى ئێسته له ده‌سه‌ڵاتدان له عێراق، جگه له كورد بستێكى خاكى عێراقیان پێ ئازاد نه‌كرابوو، هه‌رچى كورده په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و پێشمه‌رگه‌ى هه‌بوو، وێڕاى ئه‌وه‌ى له 60%ی خاكه‌كه‌شى ئازاد كردبوو له ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئیداره‌ى خۆیدا بوو. كورد هاوكارى ته‌واوى ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ى كرد تا له‌سه‌ر عه‌رشى ده‌سه‌ڵات دابنیشن، هه‌ر ئه‌و لاوازییه‌ى ئه‌وان بوو ئه‌و دێڕه‌ى فیدراڵییه‌ى به ده‌سه‌ڵاتى عێراق زیاد كرد. دواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له عێراق، كێرڤى ده‌سه‌ڵاتى عێراق به‌رامبه‌ر به‌كورد گۆڕا و هیواش هێواش له كزى ده‌دا، له خۆدزینه‌وه و خۆ نه‌بانكردن له به‌جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140ه‌وه بگره تا له‌شكركێشییه‌كه‌ى بۆ ناوچه‌ى خانه‌قین و گوڵاڵه و قه‌ره‌ته‌په.
داعش هات بینه‌قاقاى به‌غداى گرت، دیسانه‌وه له‌به‌ر نه‌په‌رژانیان تۆزێك نه‌رمییان نواند، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان ئێران راسته‌وخۆ خۆى به‌بازاڕى شێواویاندا كرد، له جیاتى گارنه‌ر و كێ و كێ، ئێران خۆى سه‌ردار قاسم سوله‌یمانى وه‌ك بڕیارده‌رى ئه‌م وڵاته ده‌ستنیشان كرد، هه‌ڵبه‌ته زه‌وینه‌كه‌ش زیاتر له‌باره و ئۆپۆزسیۆنه‌كانى پێشتر كه ئێسته له ده‌سه‌ڵاتن، به‌خۆیان هه‌ر له ئێران بوون و زۆربه‌شیان شیعه مه‌زه‌ون، بۆیه مردوو له‌مه پاكتر ناشۆرێته‌وه و ئێران داره‌راى ئه‌و هیلالى شیعییه‌ى مه‌به‌سته كه له ساڵى 1979ه‌وه رێگرى لێ كرا له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى سه‌دام حوسێنه‌وه، ئێسته به خۆشى نه‌بێ ئه‌وا به عێراقییه‌كانى ده‌كا. ئه‌وه‌ى بچڕانێكى بۆ به‌جێگه‌یاندنى ئه‌م كاره ده‌كرد، له دواى پرۆسه‌ى ئازادییه‌وه ته‌نیا كورد بوو، له‌م دواییه‌ش كه‌م بووه‌وه بۆ به‌شێكى كورد، دیاره ئه‌ویش به‌ته‌نیا باڵ ئه‌و هه‌موو رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى پێ ناكرێ، ده‌كه‌وێته به‌ر شه‌پۆلى ئه‌و ته‌وژمه به‌هێزه، بۆیه له 2014ه‌وه بودجه‌ى بڕى، دایه به‌ر گه‌مارۆى ئابوورى و دواینیان رێككه‌وتنى سێقۆڵى عێراق و ئێران و توركیا به ئابڵۆقه و له‌شكركێشى سه‌ربازى زۆر ناهاوتا.
هه‌رچه‌نده زۆرن ره‌خنه‌ى ئه‌وه ده‌گرن گوایه ریفراندۆم نه‌كرایه، ئه‌و كاره نه‌ده‌كرا، به پێچه‌وانه‌وه ره‌نگه خێراترى كردبێ، ده‌نا ئه‌و كاره به قۆناغ و به به‌رنامه كرا، پێشتر روونمان كرده‌وه له ساڵی 2007ه‌وه كه ده‌بوو گشتپرسى له كه‌ركووك و سه‌رجه‌م جێناكۆكه‌كانى تر بكرێ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌رێم یا بۆ سه‌ر ناوه‌ند. كه ده‌زانرا ئه‌نجام رووى له گه‌ڕانه‌وه‌یانه بۆ كوردستان، سه‌تان كێشه‌ى بۆ ده‌نرایه‌وه و به قه‌رز ده‌یاندا به ئاینده و به بڕیارى نوێترى بۆ ده‌رده‌كرا، كه‌واته بته‌وێ به شێوه‌یه‌كى دیموكراسییانه خه‌بات بكه‌ى له ژینگه‌یه‌كى نادیموكراسیدا، ئه‌وا ئاسنى سارد كوتانه.
كه‌واته میله‌تى كورد ده‌یه‌وێ مافى یه‌كسانبوونى خۆى به شێوه‌یه‌كى دیموكراسى وه‌ربگرێ و نایدرێتێ. ئه‌و بڕگانه‌ى كه له ده‌ستوور و یاساكانى پێشترى عێراقدا بوونیان هه‌بووه، هه‌مووى كارى پێ نه‌كراوه و كورد دووچارى قڕكردن هاتووه، له عێراقى نوێ‌دا كورد ده‌یه‌وێ بێ خوێنڕشتن و به شێوه‌یه‌كى دیموكراسى كه مافێكى سروشتى خه‌ڵكه و به شێوازى ریفراندۆم یه‌كلا بكاته‌وه. دیسانه‌وه كوچك له ئاگر گه‌رمتر، ئۆپۆزسیۆنى جارانى هاوپه‌یمانمان سێ ده‌وڵه‌تى به گه‌له‌كۆمه‌كێ هێناوه و وه‌ك ئه‌وه‌ى كورد ماڵه‌كه‌ى رووخاندبێ، له‌شكركێشییه‌كى زۆر نابه‌رامبه‌رى هێناوه و به نوێترین چه‌كى ئه‌مه‌ریكى سه‌رده‌م كه بۆ ریشه‌كێشكردنى داعش پێى دراوه، كه‌وتووه‌ته كوشتن و قه‌تڵ و عامكردنى كورد، له كه‌ركووك فۆرمى هاوشێوه‌ى (تصحیح القومیه)ى رژێمى به‌عس به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا دابه‌ش ده‌كه‌ن ئایا ده‌نگى بۆ سه‌ربه‌خۆیى داوه، تا له‌سه‌ر كار دوورى بخه‌نه‌وه، ئێسته كورد تێیدا ماوه و به‌راستیش نازانێ چۆن و به چ شێوازێك له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته خۆى بگونجێنێ، نه به‌یاسا له‌گه‌ڵت دێن، نه به‌ده‌ستوور كێشه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه، نه مافى هاووڵاتیبوونى ئاساییت پێ ره‌وا ده‌بینن، به‌راستى تێیدا ماوین نازانین چۆن خۆمان بگونجێنین.