یوسف له‌تیف
كچه رۆژنامه‌نووسێكی مه‌غریبی كه له ئه‌ڵمانیا ده‌ژی، نهێنیی پێشكه‌وتنی ئه‌و وڵاته ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێ، نهێنیی پێشكه‌وتنی ئه‌ڵمانیا له به‌روبوومی فۆسفات و ماسی و كشتوكاڵ و كانزا و نه‌وت.. هتد نییه، به‌ڵكو نهێنیی پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی له په‌روه‌رده و خوێندندایه، ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسانی ئه‌وتۆ رێكخراوه كه منداڵی خاوه‌ن كۆمپانیایه‌كی زه‌به‌لاح و منداڵی پاككه‌ره‌وه‌یه‌ك، له‌سه‌ر هه‌مان ته‌خته‌ی دانیشتنی پۆلێك داده‌نیشن و فێركردن بۆیان وه‌ك یه‌كه.
ئێمه میله‌تێكین لافی هه‌موو جۆره پێشكه‌وتنێك لێ ده‌ده‌ین، هه‌موو جۆره ته‌رزێكی سیاسی له ئیسلامییه‌وه بگره تا نه‌ته‌وه‌یی و چه‌پ و سۆسیال دیموكرات له‌سه‌ر خۆمان تاقی ده‌كه‌ینه‌وه، پاساو دێنینه‌وه و ده‌ڵێین میله‌تان ده‌وڵه‌تیان هه‌یه و پێش ده‌كه‌ون و دیارن، به‌ڵام ئێمه به 27 ساڵی نیمچه سهربهخۆییمانهوه زۆر هه‌نگاوی دژوارمان بڕیوه كه ده‌وڵه‌تان به سه‌تان ساڵ پێوه‌ی گیرۆده بوونه، به‌ڵام ئه‌مانه هه‌مووی پێچه‌وانه‌كانیان راستن.
وڵاتان حیساب بۆ سه‌نتێكی داهاتیان ده‌كه‌ن، نهخشهڕێیان هه‌یه و له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ژماره‌ی دانیشتووانیان رێكی ده‌خه‌ن و ده‌زانن سبه‌ی چی‌یان پێویسته و له سهنتێكیش له هاووڵاتیی خۆیان خۆش نابن، خۆ ئه‌گه‌ر هاووڵاتییه‌ك دوای بخات، ئه‌وا حه‌قی دواكه‌وتنه‌كه‌یشی لێ وه‌رده‌گرن و ئه‌مه‌یشیان به یاسا رێكخستووه. وڵاتیش له به‌رانبه‌ردا ژیانێكی ئارام و خزمه‌تگوزاریی شایسته‌ی به یه‌كسانی بۆ فه‌راهه‌م كردوون. هه‌زاران كارگه‌ی جۆراوجۆریان هه‌یه له گه‌یاندنی كارمه‌ند و نیشته‌جێ و كاتی ئیش و چۆنیه‌تیی به‌روبووم و زیادكردنی و تا دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆنهكهیان حیسابی بۆ كراوه و رێكخراوه.
لای خۆمان باسی ژێرخانی ئابووری هه‌ر مه‌كه، هاوڕێیه‌كم كه له سوێد ده‌ژی و بۆی گێڕامه‌وه، له نێوان خانووه‌كه‌ی و هاوسێ پیره‌ژنه‌كه‌ی هه‌ندێ داری ناڕێك چێنرابوو و رووی رووناكی لێ بڕیبوون، هه‌ستاوه به بڕین و پاككرنهوهیان، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر له ناو ماڵدا نه‌بێ، داربڕین وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندیی ده‌وێ، دواتر پیرێژنه‌كه هاتووه‌ته لای و پێی گوتووه پاره‌ی ئه‌و ئیشه به‌شی خۆی ده‌دا و قبووڵی نه‌كردووه تا پاره‌كه‌ی خستووه‌ته سه‌ر ژماره حیسابییهكهی. كه‌چی خۆم چاوپێكه‌وتنێكی عادل عهبدولمههدیم بینی كه چاكهكهیانه، له وه‌ڵامی پرسیارێكدا گوتی "راسته من جێگرم دوو ملیۆن دۆلار له به‌رده‌ستمدایه". له وه‌ڵامی چۆنیه‌تیی خهرجكردنیشی فه‌رمووی "من هه‌مووی ده‌ده‌م به هه‌ژاران". له كاتێكدا به‌و حوكمه‌ی ئه‌و باشهكهیانه و له ئه‌وروپا خوێندوویه‌تی و ژیاوه، ده‌یتوانی ئه‌و پاره به‌لاشه ره‌ت بكاته‌وه. گریمان قسه‌كه‌یشی راست بوو و به هه‌ژارانی دا، ئه‌ی ئه‌و كه‌مئه‌ندام و هه‌ژارانه‌ی كه ئه‌و نهیانیبینی چی بكه‌ن، بۆیه پێویسته ژیان له میزاج و به فیڕۆدانی سامانی ده‌وڵه‌ت بوه‌ستێ و به یاسا رێك بخرێت.
هه‌رچۆنێك بێت، هه‌ر ئه‌و ئاوه پیسه‌یه ئه‌وانه‌ی لای خۆیشمان پێی تێ ده‌خشێنن، تۆ بڵێی وڵاتی ئێمه له ئه‌ڵمانیا ده‌وڵه‌مه‌ندتر بێ، یا وه‌زیر و په‌رله‌مانتاری ئێمه له‌وان پڕ ئیشتر و لێهاتووتر بن كه ئه‌وان نه خانه‌نشینی مۆڵ وه‌رده‌گرن و نه ئۆتۆمبێلی گرانبه‌ها و نه شوقه و ڤێلای نیشته‌جێبوون، دوای ته‌واوبوونی كاری په‌رله‌مانتاری، ده‌چنه‌وه سه‌ر كاری پێشتریان. تا ته‌مه‌نیان شمولی خانه‌نشینی ده‌كات، بۆ پیاو 65 ساڵ و ژنیش 62 ساڵ. كه‌چی لای ئێمه بۆی هه‌یه له ته‌مه‌نی 28 ساڵییه‌وه خانه‌نشین بكرێیت به مووچه‌ی مۆڵی موفتهوه.
له كاتێكدا وڵاته‌كه‌مان به حاڵه‌تێكی زۆر ناخۆشدا رادهگوزهرێ و سه‌ختی دارایی زۆربه‌ی سێكته‌ره‌كانی په‌ك خستووه، پاشه‌كه‌وت تا ئێسته ماوه و ساڵیش بۆ وه‌رگرتنی مووچه دوانزه مانگ نییه، ئه‌مه له كاتێكدا ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژیش له چوار ساڵه‌كه ده‌وامیان نه‌كرد، كه‌چی پڕۆژه‌ی چاكسازی خرایه به‌رده‌ستی په‌رله‌مان كه حكوومه‌ت بۆی پێشنیار كردبوون، گرفتیان بۆ دروست كرد و یاساكه‌یان په‌ك خست بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌ی ناحه‌قیه‌ی گه‌نده‌ڵی وه‌ربگرن، له كاتێكدا ده‌بوو په‌رله‌مانتارانی پارتی ره‌تی بكه‌نه‌وه، چونكه ئه‌و پڕۆژه‌یه پارتی خۆی به ساحێبی ده‌زانێ و ئێسته‌یش پارتی زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی هێناوه له‌م خوله‌دا، ده‌توانێ چاكسازی تێپه‌ڕێنێ و بڕیار له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵك و راستی بدات.