فه‌ڕوخ نیعمه‌تپوور
بیری دوالیستی مێژوویه‌كی دێرینه‌ی هه‌یه. هه‌ر له بیره كۆنه ئاینییه‌كانه‌وه بگره هه‌تا فه‌لسه‌فه‌ی نوێ. بۆ وێنه بڕوانه ئاینی زه‌رتۆشت كه دووانه‌ی تاریكی و رووناكی، رۆڵی سه‌ره‌كی تێدا ده‌گێڕن.
له بیری دوالیستیدا دوو شتی دژ به‌یه‌ك، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا وابه‌سته و گیرۆده‌ی یه‌كتر پێكه‌وه رێ ده‌كه‌ن. دوو شت كه به بێ یه‌كتر بوونیان نییه و له هه‌مان كاتدا سڕینه‌وه‌ی هه‌ر كامیان به مانای له‌ناوچوونی ئه‌وی تریانه. بڕوانه بیری ماركس كه ده‌ڵێ له ئه‌گه‌ری تێداچوونی سیستمی كاپیتالیستی، به له ناوچوونی چینی بۆرژوا، چینی كرێكاریش مانای نامێنێ.
بیری دوالیستی ته‌نیا له بیر و له ئاین و فه‌لسه‌فه‌دا بوونی نییه، به‌ڵكو له زۆر بواری تریشدا خۆی نیشان ده‌دا. بۆ وێنه له بواری شادی و خه‌مه‌كانماندا.
سه‌یری یاری فوتباڵ ده‌كه‌ین. ئه‌و تیمه‌ی ده‌یباته‌وه، خۆشحاڵه. نه‌ك هه‌ر خودی تیمه‌كه‌یش، به‌ڵكوو لایه‌نگره‌كانیشیان. له به‌رامبه‌ردا، ئه‌وه‌ی خه‌مگینه، تیمه‌كه‌ی تر و لایه‌نگره‌كانیه‌تی.
نه‌ك ته‌نیا یاریی فوتباڵ، به‌ڵكو زۆر شتی تری ناو ژیانیش ئاماژه‌ن به‌م راستییه ره‌نگه تاڵه كه خۆشحاڵیی لایه‌ك هه‌میشه هه‌ڵگری خه‌مگینی و ناخۆشحاڵیی لایه‌كی تره.
به‌ڵام ئایا ئه‌مه ده‌بێ وابێ؟
له سروشتدا كاتێك مارێك مشكێك ده‌خوا، ماره‌كه خۆشحاڵ و رازییه و مشكه‌كه غه‌مگین، به‌ڵام بڵێی داخۆ وابێت؟ یان ئه‌مه ته‌نیا گوزارشتێكی ئینسانییه له رووداوی خورانێكی ناو سروشت؟ كه‌س نازانێ ماره‌كه به ته‌عبیری ئه‌خلاقییانه‌ی مرۆڤ خۆشحاڵه یا نا، به‌ڵام به ته‌عبیری دامركاندنی حه‌زی برسیه‌تی بێگومان ئاسووده‌یه.
له كۆمه‌ڵگه‌دا خێری بازرگانێك جاری وایه زیانی بازرگانێكی تری لێ ده‌كه‌وێته‌وه. واته خۆشحاڵی یه‌كێك و خه‌مگینی ئه‌وه‌ی تر، رێك وه‌ك كایه‌ی فوتباڵ.
وا ده‌رده‌كه‌وێ كه مرۆڤی ئاقڵ و راستی بین به‌ره به‌ره فێری ئه‌وه ده‌بێ نه‌ك ته‌نیا سه‌ركه‌وتنه‌كانی، به‌ڵكو شكسته‌كانیشی له ژیاندا قبووڵ بكا. ئه‌و، ئه‌مه وه‌ك راستییه‌كی بێ ئه‌م لاولای ژیان سه‌یر ده‌كات، له راستیدا به‌شێكی گرینگی سیستمی په‌روه‌رده له سه‌ر ئه‌م فاكته راوه‌ستاوه.
به‌ڵام داخۆ ده‌بێ سه‌ركه‌وتنی لایه‌ك هه‌میشه به مانای شكستی لایه‌كی تر بێت؟
له ژیاندا به تایبه‌ت له به‌شی سیاسه‌تدا جاروبار ده‌سته‌واژه‌یه‌ك ده‌بیستین كه باس له "یاریی سه‌ركه‌وتن ـ سه‌ركه‌وتن" ده‌كا، واته كایه‌یه‌ك كه هه‌ردوولا به جۆرێك تێیدا سه‌رده‌كه‌ون. وه‌ك له خودی ده‌سته‌واژه‌كه ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌م یارییه به جۆرێك "شكست ـ شكست" یشه، چونكه وا ده‌رده‌كه‌وێ كه هه‌ردوولا له به‌شێك له داواكانیان كشاونه‌ته‌وه. كه‌واته له "راستیدا شكست ـ شكست" ێكه كه به "سه‌ركه‌وتن ـ سه‌ركه‌وتن" ناو ده‌برێ (هه‌روه‌ها به پێچه‌وانه‌وه)، كه یاریچییه‌كانی ئه‌م گه‌مه‌یه‌یش كاتێك له راگه‌یه‌نێره گشتییه‌كاندا ده‌رده‌كه‌ون، به سیمایانه‌وه هه‌م نیشانه‌كانی شكست دیارن و هه‌م سه‌ركه‌وتن.
"ئه‌لكساندر دوما" نووسه‌ری فڕه‌نسی له رۆمانی "كنت مونت كریستو" له زمانی یه‌كێك له پاڵه‌وانه‌كانییه‌وه ده‌ڵێ: "ناخۆشه، به‌ڵام له راستیدا جارێكی تر روو ده‌دات. ئه‌و خۆشبه‌ختییه‌ی رووی له من كرد، نه‌هامه‌تی و خه‌می بۆ خه‌ڵكی تر له گه‌ڵ خۆی هێنا. كاپته‌ن مرد..."
وا ده‌رده‌كه‌وێ كه له گه‌مه‌ی ناو سروشتدا مرۆڤ ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌وتۆی نییه بۆ سه‌پاندنی یاریی "سه‌ركه‌وتن ـ سه‌ركه‌وتن"، به‌ڵام له ئاستی كۆمه‌ڵگه‌دا یانی له‌و ئاسته‌یدا بۆ خۆی به جۆرێك بڕیارده‌ره، ده‌توانێ بواره‌كه بگۆڕێ. هه‌ڵبه‌ت پرسیار ئه‌وه‌یه له كۆمه‌ڵگه‌دا كه یه‌كه‌یه‌كی گشتییه، مرۆڤ تا چه‌نده ده‌توانێ باس له هێزی بڕیارده‌ری خۆی بكا. ته‌نیا چاوخشاندن به ده‌یان و سه‌دان میلیۆن كوژراوی مرۆڤ له‌م یه‌ك دوو سه‌ده‌یه‌ی رابردوودا به جوانی ئه‌م گومانه‌مان لا به‌هێز ده‌كا.
با وای دابنێین كه مرۆڤ ده‌توانێ ئه‌م جۆره له گه‌مه چێ بكا، به‌ڵام ئایا گه‌مه‌یه‌ك كه تێیدا هه‌موو كه‌س هه‌ست به سه‌ركه‌وتن (یا شكست) بكا تێیدا، رێیه‌ك بۆ به‌ره‌وپێشچوون یان كێبه‌ركێ ده‌مێنێته‌وه؟
مرۆڤ بوونه‌وه‌ری ناو گه‌مه سروشتی و ناسروشتییه‌كانه. جاری وایه ده‌گاته یاریی "سه‌ركه‌وتن ـ سه‌ركه‌وتن" بۆ هه‌ردوولا، به‌ڵام زۆربه‌ی كات له یاریی "سه‌ركه‌وتن ـ شكست" دا دێت و ده‌ڕوا. وه‌ك گوترا ده‌بێ به‌م حاڵه‌ته رابێین. راهاتن به شكست ده‌توانێ هه‌وێنی وره‌ی دووباره هه‌ستانه‌وه بێت، بۆیه شكست ببێ به هه‌وێنی شادی. ژیان خه‌ڵاتێكه به‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌وه. ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێ بژین، ده‌بێ به هه‌موو ماناكانییه‌وه بژین، هه‌ڵبه‌ت نه‌ك به‌و مانایه كه وه‌ك هه‌ر مانایه‌كمان لێ بێت، به‌ڵكو به‌و مانایه كه ده‌توانین لێیان تێبگه‌ین و ببنه هه‌وێنی ره‌وڕه‌وی ژیانمان.