كه‌ سه‌ربه‌خۆییتان ناوێ ئه‌لته‌رناتیڤتان چییه‌؟


ئه‌كره‌م ساڵح

بڕوای ته‌واوم به‌ ئازادی و دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری هه‌یه‌، هه‌رگیز تیڕوانینی ده‌مارگیرانه‌م بۆ جیاوازی فكری و سیاسی نییه‌، چۆن ماف به‌خۆم ده‌ده‌م، به‌هه‌مان شێوه‌ ماف به‌و كه‌سانه‌یش ده‌ده‌م كه‌ هه‌ڵگری بیروڕای جیاوازن. په‌روه‌ردگار مرۆڤی به‌ جیاوازی دروست كردووه‌، تا جیاوازی له‌سه‌ر ئاینه‌ ئاسمانییه‌كانیش هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر جیاوازی له‌ تێڕوانین و بیركردنه‌وه‌ نه‌بووایه‌، پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی نه‌ده‌گه‌یشته‌ ئه‌م ئاسته‌ی ئێسته‌.

جیاوازییه‌ فكرییه‌كان به‌یه‌كتر قبووڵكردن ده‌توانن خزمه‌تی زیاتر بكه‌ن نه‌ك به‌یه‌كتر سڕینه‌وه‌، نموونه‌ی سڕینه‌وه‌ی سیاسی و فكری هه‌میشه‌یی نییه‌، چونكه‌ خواست و بۆچونی مرۆڤه‌كان جیاوازه‌، له‌ ئاینه‌ كۆنه‌كانه‌وه‌ تا ئه‌و ئایدۆلۆجیانه‌ی مرۆڤ دایهێناوه‌. نازییه‌ت و فاشییه‌ت زیانی زۆری گه‌یانده‌ دنیا و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، كه‌چی هێشتا هه‌واداریان ماوه‌.

كولتووری قبووڵكردنی جیاوازی پێوستی به‌ لێبورده‌یی هه‌یه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی له‌مێژه‌ نموونه‌ی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یییه‌، به‌ڵام له‌ ڕووی سیاسی و ئایدۆلۆجییه‌وه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته‌، بۆیه‌ وه‌ك پێوست جێی خۆی نه‌گرتووه‌، له‌ مێژه‌ كورد باجی زۆری بێمنه‌تی و ناكۆكی كه‌سی و سیاسی و فكری داوه‌، بگره‌ یه‌كتر سڕینه‌وه‌ بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ سایكۆلۆجیای سیاسی و سه‌ركرده‌كانی، هه‌وڵی له‌م چه‌شنه‌ زۆر دراوه‌، به‌ڵام ئه‌نجامی نه‌بووه‌ و بۆ هیچ لایه‌ك، هه‌رچه‌نده‌ خۆكوژی و نه‌هامه‌تی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌. كورد ئه‌زموونی لێ وه‌رنه‌گیراوه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ ناو میله‌تانی تریش هه‌بووه‌ و زۆر درێژه‌ی نه‌كێشاوه‌، به‌ڵام له‌ كوردستان هێشتا دیارده‌یه‌كی باوه‌.
ئه‌وه‌ی هه‌ستێكی جیاوازم بۆی هه‌یه‌ و بۆ هه‌مووان چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌، له‌ناو كورددا جیاوازی له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌بێت، كه‌چی نه‌ك تاكی كورد هه‌یه‌، به‌ڵكو حزبی كوردی هه‌یه‌ زۆر به‌شانازییه‌وه‌  بیانوو و پاسا و ده‌هۆنێته‌وه‌، بگره‌ له‌ نه‌یار و داگیركه‌ر زیاتر كار بۆ ڕووخاندنی ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆخوازی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات. 

بێ ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵكی ڕوون بكاته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی نییه‌، ئه‌لته‌رناتیڤی چییه‌؟ یان بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بپرسێ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی نه‌بووین و چاره‌نووسی خۆمان دایه‌ ده‌ست ئێوه‌، ئاینده‌مان چییه‌ و چیمان بۆ ده‌كه‌ن؟.

١- كه‌ داعش هات به‌رگریتان لێ نه‌كردین، كه‌ حه‌شدی شه‌عبی هات به‌رگری ده‌كه‌ن؟.
٢- چاكسازی ده‌كه‌ن یان ئه‌وه‌شی ماوه‌ ده‌تانه‌وێ حه‌په‌لووشی بكه‌ن؟.
٣- مۆدیلێ نوێی حوكمڕانیمان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن یان كوردستان وه‌ك سلێمانی دابه‌ش و بێ خزمه‌ت ده‌كه‌ن؟.
٤- نیشتمانپه‌وه‌ری و ئینتیما به‌هێز ده‌كه‌ن یان وه‌ك ئێسته‌ له‌ به‌غدا هه‌ر ڕۆژێ له‌سه‌ر مێزێك هه‌راجمان ده‌كه‌ن؟.
٥- هه‌لی كارمان بۆ دابین ده‌كه‌ن، یان شه‌و و ڕۆژ به‌ده‌وری گۆڕێكدا سه‌فاومه‌روامان پێ ده‌كه‌ن؟.
٦- مووچه‌مان بۆ چاك ده‌كه‌ن یان وه‌ك ئێسته‌ هه‌موو ڕۆژێ له‌ میدیاكانه‌وه‌ مێشكمان به‌ داواكردنی مووچه‌ كاس ده‌كه‌ن؟.
٧. ماف و ئازادی به‌ یاسا رێك ده‌خه‌ن یان وه‌ك ئێسته‌ ئادابی گشتی تێك ده‌ده‌ن؟.
٨- سیسته‌مێكی دیموكراسی فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن یان هه‌ر كه‌س له‌گه‌ڵتان نه‌بوو ته‌خوین و سووك و ڕێسوای ده‌كه‌ن؟.
٩- ئارامی و سه‌قامگیری و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دی دێنن یان به‌رده‌وام ئاڵۆزی و ته‌نگژه‌ ده‌سازێنن؟.
١٠- ئه‌گه‌ر ماینه‌وه‌ له‌ عێراق، به‌ سازان یا به‌كه‌مینه‌ی په‌رله‌مانی مل به‌ زۆرینه‌ كه‌چ ده‌كه‌ن؟ مافه‌كانمان به‌دی دێنن  یاخۆ به‌ شاباشێك حه‌شدی شه‌عبی به‌ یاسایی ده‌كه‌ن؟.

هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی یادم هاته‌وه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌شی له‌ یادم كردوون، ئه‌گه‌ر به‌ زیاده‌وه‌ جێبه‌جێی بكه‌ن، به‌ به‌راورد به‌سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی وه‌ك تنۆكێكه‌ له‌ ده‌ریا، چونكه‌ سه‌ربه‌خۆیی شكۆ بۆ خاكێكی داگیركراو گه‌لێكی سته‌ملێكراو ده‌گێڕێته‌وه‌. ئیتر نازانم بۆچی؟ له‌ پێناوی چی خۆتان شه‌رمه‌زاری گه‌ل و مێژوو ده‌كه‌ن؟.


AM:11:12:16/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 1764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌