د. زیره‌ك عه‌بدوڵا- ئه‌ڵمانیا
كۆرۆنا وه‌ك په‌تایه‌كی ته‌ندروستیی خۆی به‌سه‌ر گێتیدا سه‌پاندووه، كێ دروستی كردووه؟ چۆن دروست بووه؟ چۆن بڵاو بووه‌ته‌وه؟ ئه‌وه پرسگه‌لێكه وه‌ڵامدانه‌وه‌یان كاتی ده‌وێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شوێنی تێڕامانه چۆنیه‌تی هه‌ڵسوكه‌وتی كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كانه له به‌رانبه‌ریدا.
له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا كۆمه‌ڵگه‌كان خۆیان لێك جیا كردوه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌پێش كۆرۆناش هه‌روا بووه. له به‌شێك له كۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتییه‌كاندا، ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گشتگیر و دیكتاتۆری باڵاده‌سته، كه‌ره‌نتینكردن وه‌ك په‌رچه‌كردارێك بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا توندوتیژی به‌خۆوه بینیوه، ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌كانی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به هاووڵاتییان ده‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه له كۆمه‌ڵگه رۆژئاواییه‌كان پرسه‌كه هیچ جۆره توندوتیژییه‌كی به‌خۆوه نه‌بینیوه. پرسیار ئه‌وه‌یه چ شتێك له پشت ئه‌و دیارده‌یه هه‌یه؟
له تێڕوانینی ئێمه‌دا له پشت به‌رجه‌سته‌كردنی هه‌ر ره‌فتارێك هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی هه‌یه. ئاستی هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی چۆنیه‌تی و چییه‌تی ره‌فتاره‌كان دیار ده‌كات. كاتێك كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئاستی هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی ساده، نزم و نامرۆیی بێت، دیارده‌ی توندوتیژی ده‌بێته ئه‌گه‌رێكی زۆر مومكین و قبووڵكراو له‌لایه‌ن هه‌ردوو جه‌مسه‌ره‌كه‌وه، واتا بكه‌ر و به‌ركار. بۆ نموونه پۆلیسی كوردستان نازانن شه‌ق نه‌وه‌شاندن چییه، نازانن توندوتیژی به‌رجه‌سته نه‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌وه‌ته‌ی هه‌ن شه‌ق ده‌وه‌شێنن. باشه بۆچی پۆلیس له شه‌ق وه‌شاندن بێباكه؟ ئایا ئه‌و چۆن سه‌یری ئه‌وی به‌رانبه‌ر ده‌كات؟ ئایا ئه‌وه ده‌زانێت ئه‌وی به‌رانبه‌ر مرۆڤه، هه‌ست، كه‌سایه‌تی، به‌رپرسیارێتی و پێداویستی جیاجیای هه‌یه؟ ئه‌ی ئه‌م پرسانه له‌لایه‌ن پۆلیسی رۆژئاواییه‌وه چۆنه؟ كه‌واته ئێسته پرسیاری رژد له چییه‌تی مه‌عریفه‌ی شه‌قوه‌شێنه. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی شه‌قبه‌ركه‌وتن قبووڵ ده‌كه‌ن، هه‌ڵگری چ هۆشیارییه‌كن؟ چۆن سه‌یری به‌های مرۆییانه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن؟
ره‌هه‌ندێكی پرسی كه‌ره‌نتین بریتییه له تێگه‌یشتنی خه‌ڵك بۆ چۆنیه‌تی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه. له كۆمه‌ڵگه‌كانی رۆژئاوادا كاتێك دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت ئامۆژگاری خه‌ڵك ده‌كه‌ن، به‌توندوتیژیكردن ناچاری پێڕه‌وكردنیان ناكه‌ن، به‌ڵكو پرسه‌كه له ئاستی ئامۆژگاری و به‌رچاوروونی ده‌وه‌ستێت. ئیتر كاردانه‌وه و ره‌فتاری خه‌ڵك ده‌وه‌ستێته سه‌ر ئاستی تێگه‌یشتنیان بۆ ژیان. چۆن خۆیان و ئه‌وانیتر ده‌پارێزن، چۆن به ئه‌رێنی ره‌فتار ده‌كه‌ن و نابنه ڤایرۆس بۆ گیانی ئه‌وانیتر. هاووڵاتییانی رۆژئاوایی به‌وریایی ره‌فتار له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه ده‌كه‌ن، بۆ كاری زۆر پێویست نه‌بێت له ماڵ ناچنه ده‌ره‌وه, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاوكاری كۆمه‌ڵایه‌تی له ئاستێكی زۆر باڵادایه، بۆ نموونه گه‌نجه‌كان خۆبه‌خشانه بۆ مه‌به‌ستی هه‌ر جۆره یارمه‌تیدانێك ناویان له رێكخراوه‌كان تۆمار ده‌كه‌ن، به‌ته‌مه‌نه‌كان پێداویستییان هه‌یه و ناتوانن ده‌سته‌به‌ری بكه‌ن، پێوه‌ندی به‌دامه‌زراوه و رێكخراوه خۆبه‌خشه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش له‌میانه‌ی كه‌سانی خۆبه‌خشه‌وه پێداویستییه‌كانیان پڕ ده‌كه‌نه‌وه. به‌مه گه‌نجه‌كان نه‌ك هه‌ر ته‌نیا یارمه‌تیدانی به‌ته‌مه‌نه‌كان ده‌ده‌ن، به‌ڵكو بارێكی قورسیش له‌سه‌ر شانی حكوومه‌ته‌كان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه. پزیشكه خانه‌نشینكراوه‌كان بۆ مه‌به‌ستی هاوكاری پێشكه‌شكردن به‌خێرایی پێوه‌ندییان به نه‌خۆشخانه‌كان ده‌كه‌ن. ده‌یان دیارده‌ی تر هه‌یه ده‌كرێت به‌نموونه بیانهێنینه‌وه. ئه‌ی پرسه‌كه له كوردستان چۆنه؟ له كوردستان ده‌یان دیارده و رووداو پێشانیان داین كه ئاستی هاوكاری كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر نزمه، به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی هه‌شن موزه‌یه‌ف و درۆزنانه‌ن. له كوردستان هه‌ندێك هه‌وڵی سیاسییانه‌ی ئامانجدار هه‌یه، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك هه‌وڵی تایبه‌ت بۆ مه‌به‌ستی خۆبه‌قاره‌مانكردن له سه‌رده‌می كۆرۆنادا، ئه‌وه‌ش به به‌خشینی بڕێك پاره، یان هه‌ندێك خۆراك به خێزانه هه‌ژاره‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
له كوردستان ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ هاوكاری حكوومه‌ت و خه‌ڵك بكه‌ن به‌ژماره زۆر كه‌من. به‌ڵام بۆ؟ ئایا پێویسته حكوومه‌ت هاوكاری بكرێت؟ بێگومان به‌ڵێ، هاوكاریكردنی حكوومه‌ت واتا هاوكاریكردنی كۆمه‌ڵگه. مه‌رج نییه هاوكاریكردن مادی بێت، به‌ڵكو ده‌شێت مۆرالی بێت. هه‌ر ته‌نیا پێڕه‌وكردن له كه‌ره‌نتین هاوكاریكردنی حكوومه‌ته. ئه‌و تێڕوانینه‌ی كه پێی وایه نابێت هاوكاری حكوومه‌ت بكرێت، نه‌رێنییه بۆ به‌یه‌كه‌وه ژیان. چونكه حكوومه‌ت و هاوڵاتی كۆمه‌ڵگه پێكده‌هێنن، له‌ساتی ته‌نگژه‌دا ده‌بێت سه‌رجه‌م تواناكان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ره‌وشی نه‌خوازراو به‌كار بهێنرێن.
دیاره كه ئه‌و په‌تا مه‌ترسیداره ژیانی ئیفلیج كردووه و هه‌زاران مرۆڤی كوشتووه. به‌ڵام باشه ئه‌و مه‌ترسییه‌ی مرۆڤێكی رۆژئاوایی له‌و پرسه‌دا ده‌یبینێت، بۆچی زۆرینه‌ی مرۆڤی رۆژهه‌ڵاتی نایبینێت؟ بۆچی ئه‌ڵمانێك زۆر به‌وردی رێنوێنیی و ئامۆژگارییه‌كانی حكوومه‌ت پێڕه‌و ده‌كات، به‌ڵام كوردێك ئه‌مه ناكات؟ بۆچی ئه‌ڵمانێك ئه‌وه ده‌كات كه پێویسته، به‌ڵام كوردێك نا؟ لێره‌دا پێویسته قسه له‌باره‌ی بابه‌تی هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی بكرێت. هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی رۆژئاوایی باڵاتر و مرۆییتره له رۆژهه‌ڵاتی، بۆیه ئه‌و جیاوازییانه له ره‌فتاركردن له‌گه‌ڵ په‌تای كۆرۆنا له نێوان هه‌ردووانه‌یان به‌دی ده‌كرێت.
پرسه‌كه ئاستێكی مه‌ترسیدارتری هه‌یه، ئه‌وكاته‌ی نوخبه‌یه‌كی سیاسی هه‌وڵ ده‌ده‌ن هاووڵاتییان به‌لاڕێدا ببه‌ن، هانیان بده‌ن بۆ به‌هه‌ند هه‌ڵنه‌گرتنی ئه‌و رێنوێنییه ته‌ندروستییانه‌ی كه حكوومه‌ت ده‌ریده‌كه‌ن. باشه چ قازانجێك له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه و مردنی به كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن؟ گه‌یشتن به‌ئامانجی سیاسی نابێت له‌سه‌ر بنه‌مای به‌كوشتدانی مرۆڤ و مه‌ترسی خستنه‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه بێت.
ئه‌گه‌ر پرسی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ وڵاتان ره‌هه‌ندی ته‌ندروستی هه‌بێت، ئه‌وا بۆ كوردستان جگه له‌مه ره‌هه‌ندی ته‌ناهی و نیشتمانیشی هه‌یه. زۆر به‌روونی ده‌ڵێم، كاتێك له ١٦ ئۆكتۆبه‌ردا دوژمنانی كوردستان به‌هاوكاری جاشه‌كان ویستیان قه‌واره‌ی كوردستان له‌ناو ببه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه خه‌ونه‌كه‌یان له‌گۆڕ نرا و بێ‌ئاكام بوون. ئێسته پرسیار ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌و دوژمنانه ده‌ستیان له خه‌ونی له‌ناوبردنی كورد و قه‌واره‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه؟ بێگومان نه‌خێر. بۆ ئێران و توركیا ناردنی هه‌ڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئه‌گه‌رێكی حه‌تمییه. ئێران به‌بێ ماندووبوون ده‌توانێ ئێمه له‌ناو ببات، ئه‌گه‌ر رێوشوێنه‌كان به‌باشی له‌لایه‌ن هاونیشتمانییانه‌وه پێڕه‌و نه‌كرێن، كه‌واته ئه‌و پرسه نیشتمانییه نابێ فه‌رامۆش بكرێت. ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ هه‌وڵی پاراستنی خه‌ڵكی كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه بێبه‌ها بكه‌ن، به‌یاری سیاسی و ئیداری ده‌یشوبهێنن، پێویسته لێپێچینه‌وه‌ی یاساییان له‌گه‌ڵ بكرێت، چونكه ئه‌وه ناپاكی نیشتمانییه. یاری سیاسیی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن نابێت له‌سه‌ر ژیان و مه‌رگی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه بێت. ئه‌و چ بوێرییه‌كه سیاسه‌تكاری بووده‌ڵه‌ی سه‌ر به‌وڵاتانی ناوچه‌كه یاری له‌سه‌ر ژیان و مه‌رگی هاووڵاتییان بكه‌ن؟!
كه‌ره‌نتینكردن سوودی جۆراوجۆری هه‌یه، له‌وانه ئاستی خێرایی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه كه‌م ده‌كاته‌وه. وا ده‌كات مرۆڤ زیاتر ئاگاداری ته‌ندروستی خۆی و ئه‌ندامانی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی بێت. جگه له‌مه هۆكارێكه بۆ پته‌وبوونه‌وه‌ی پێوه‌ندی خێزانی، به‌وه‌ی ئه‌ندامانی خێزان ماوه‌یه‌كی زیاتر له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ده‌بن، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه. كه‌مبوونه‌وه‌ی رووداوی هاتوچۆ، تاوان، شه‌ڕ، كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی.. تاد، سوودی جۆراوجۆری كه‌ره‌نتینن. سوودی گرنگی كه‌ره‌نتینیش بریتییه له پاكبوونه‌وه‌ی ژینگه. به‌ڵام كه‌ره‌نتین زیانیشی هه‌یه، بۆ نموونه له‌لایه‌نی ده‌روونییه‌وه مرۆڤ تووشی شڵه‌ژان، بێباوه‌ری، بێهیوایی.. تاد ده‌كات. دیسان له‌لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه كێشه‌ی جیاجیا دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌هۆی زۆر مانه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ماڵ و به‌ریه‌ككه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزان. یان به‌هۆی كه‌مبوون، یان نه‌مانی كار كه وا ده‌كات پێداویستییه‌كانی خۆی و خێزانه‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ر نه‌كات. كه‌ره‌نتین له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه سیستمی ئابووری فه‌لج ده‌بێت.
رۆڵی حكوومه‌ته‌كان له به‌رجه‌سته‌كردنی كه‌ره‌نتیندا زۆر كاریگه‌ر و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه. كه‌ره‌نتین نابێت به‌زۆر بێت، به‌ڵكو پێویسته به بڕواوه بێت. بۆ ئه‌مه پێویسته حكوومه‌ت له‌پاڵ رێنوێنیی ته‌ندروستی، بارگرانی سه‌رشانی هاووڵاتییان له‌لایه‌نی ئابوورییه‌وه كه‌م بكاته‌وه، بۆ نموونه له وڵاتانی رۆژئاوا حكوومه‌ته‌كان بڕێك پاره بۆ پڕۆژه ئابوورییه‌كان، مووچه‌خۆران و كارمه‌ندانی پڕۆژه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت ته‌رخان ده‌كه‌ن، تا ناچار نه‌بن بۆ كاركردن بێنه ده‌ره‌وه و كه‌ره‌نتین بشكێنن، به‌ڵام ئه‌و پرسه له كوردستاندا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابینرێت. حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌ندێك پێداویستی ته‌ندروستی به‌هۆی پێوه‌ندییه‌كانه‌وه له وڵاتان به‌دیاری وه‌رده‌گرێت. به‌ڵام بۆ پرسی مووچه خه‌ریكه ده‌نگی جیاواز به‌رز ده‌بێته‌وه. هیچیشی بۆ كارمه‌ندانی كه‌رتی تایبه‌ت، پڕۆژه بچووكه‌كان و كرێكاران پێ نییه، به‌ڵام ئه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه چۆن بژین؟ ئه‌و خه‌ڵكه وه‌ك حكوومه‌ت بۆ بژێوی خۆی پشت به‌كاری رۆژ ده‌به‌ستێت، چۆن حكوومه‌ت نه‌وتی لێ وه‌ربگریته‌وه هیچی به‌ده‌سته‌وه نامێنێ، ناتوانێ حكوومه‌تداری بكات، خه‌ڵكیش ئیشی رۆژانه‌ی نه‌بێت، هیچی نییه بیخوات. كه‌واته حكوومه‌ت و خه‌ڵك یه‌ك تێڕوانین و فه‌لسه‌فه‌ی ئیداره‌كردنیان هه‌یه. یه‌كێك بۆ خێزانه‌كه‌ی و ئه‌ویتریش بۆ دامه‌زراوه‌كان و مووچه‌خۆرانی.
له وڵاتانی رۆژئاوایی‌دا حكوومه‌ت بیر له هه‌موو ئه‌ندامێكی كۆمه‌ڵگه، كرێكار، فه‌رمانبه‌ر، بێكار و خانه‌نشین.. تاد ده‌كاته‌وه، بژێوی هه‌موویان له‌به‌رچاو ده‌گرێت، به‌ڵام خه‌می حكوومه‌تی ئێمه ته‌نیا مووچه‌خۆره، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی مووچه‌خۆر نین، مرۆڤ و هاونیشتمانی نه‌بن. ئه‌و دنیابینییه پێوه‌سته به‌هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسه‌تكارانی حكوومه‌ته‌وه. ده‌بێت كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌ت تێبگه‌ن كه جگه له مووچه‌خۆران، ئه‌وانی تریش مرۆڤن و شایسته‌ی ژیانێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ن. ئه‌وانه‌ی مووچه‌خۆر نین و له‌سه‌ر كاری رۆژانه ده‌ژین، كه‌وتوونه‌ته ژێر بارێكی (ده‌روونی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری) ناڕێك، بۆیه هه‌وڵی شكاندنی كه‌ره‌نتین له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ئه‌گه‌رێكی زیاتره. له بیریش نه‌كه‌ن ئه‌وانه‌ی ده‌نگتان پێ ده‌ده‌ن و ده‌تانكه‌نه به‌رپرسی حكوومی هه‌ر ته‌نیا مووچه‌خۆران نین، به‌ڵكو ئه‌وانه‌شن كه مووچه‌خۆری فه‌رمی نین. له‌به‌رچاوگرتنی گوزه‌رانی ئه‌وانه‌ی مووچه‌خۆر نین، پێویستییه‌كی مرۆیی و ئه‌خلاقی حكوومه‌تی كوردستانه، ئه‌وانه‌ی كه له ژیانی بێ كورۆنا و بێ كه‌ره‌نتیندا ته‌نیا پاره ده‌ده‌نه حكوومه‌ت و هیچی لێ وه‌رناگرن، پێویسته له ژیانی ناهه‌مواردا پشتگیری‌یان بكرێت و یارمه‌تی بدرێن.
به‌كورتی دانانی بیرۆكه‌ی كه‌ره‌نتینكردن، تێڕوانین و ره‌فتاری خه‌ڵك له‌گه‌ڵ كه‌ره‌نتین، ره‌فتاری حكوومه‌ت له‌گه‌ل خه‌ڵك، ئه‌ركی بژارده سیاسییه‌كان، ئیداره‌كردنی كایه‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵگه.. تاد، هه‌موو ئه‌و پرسانه پێوه‌ستن به هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤه‌كان. كاتێك ئه‌و پرسانه له كۆمه‌ڵگه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی و رۆژئاوایی به‌جیاواز ده‌بینین، له‌به‌رئه‌وه‌یه كه هۆشیارییه‌كانیان جیاوازن.