كورته ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێسته و بۆ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێك، باس و خواستی لامهركهزییهكهى ئیماره‌تى بابان هێنده گه‌رموگوڕ بوو، ده‌تگوت مه‌نجه‌ڵی نیسكێنهیه و به‌سه‌ر ئاگرى فیتنه‌دا بڵق ده‌دا. هه‌ر رۆژه و له‌و ئیماره‌ته فوو له زوڕنایه‌ك ده‌كرێ. جارێ دوو هه‌رێمی و جارى دوو ئیداره‌یی و جارێ لامه‌ركه‌زی. جارێ شه‌راكه‌ت له حوكم و جارێ هه‌موو جومگه سه‌ره‌كییه‌كانى حوكمڕانی به‌ده‌ست پارتییه‌وه‌یه و ئێمه ئاگامان له هیچ نییه، جارێ ئێمه نه‌بین نه حكوومه‌ت ده‌مێنێ و نه هه‌رێم و نه حوكمڕانی.
جارێ ته‌پڵی شه‌ڕى ناوخۆیی لێ ده‌درێ و جارێ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌بێ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراق بدرێ و جارێ ئاڵاى كوردستان داده‌گیرێ و ئاڵاى عێراق هه‌ڵده‌كرێ، جارێ له حكوومه‌ت ده‌ده‌ین و له ئۆپۆزسیۆنیش ده‌ده‌ین، جارێكی تر هه‌م حكوومه‌تین و هه‌م ئۆپۆزسیۆن، جارێ كوردین و سه‌ر به هه‌رێم و جاری عێراقین و سه‌ر به عێراق، جارێ له‌ناو گهمهكهداین و جارێ گه‌مه‌كه تێك ده‌ده‌ین ، ئێسته‌ش لامهركهزیمان ده‌وێ.
هه‌ر جارێكیش گوێبیستى لامه‌ركه‌زییه‌كه ده‌بووم به‌شێوه‌یه‌كى خۆمنهویست و لاشعوورهوه ده‌نگی فازڵ عه‌وادی گۆرانیبێژى عه‌ره‌ب له‌ناو گوێچكهكانمدا ده‌زرینگایه‌وه و گۆرانى "لا خبر، لا چفیه، لا حامچ حلو لا شربت"ی ده‌چڕى. راستییه‌كه‌ی نازانم چ پێوه‌ندی و چ خزمایه‌تى و چ رهبتێك له‌ناو لامهركهزییهكهى خزمانى بێ وه‌فاى ده‌ڤه‌رى سه‌ر و ناوقه‌د سه‌وزه‌كانى ئه‌ولا و ئه‌م گۆرانییه عه‌ره‌بییه كۆنه هه‌بوو؟. بیرم بۆ ئه‌وه چوو ره‌نگه هه‌ر له‌به‌ر (لا)یه‌كه بێ، یان چونكه ئه‌میش و ئه‌ویش، واته لامه‌ركه‌زییه‌كه و لا خه‌به‌ره‌كه "هه‌ردووكیان عه‌ره‌بین"، یانیش كێش و سه‌روا و ئاوازێكی هاوبه‌شیان هه‌یه و له یه‌ك خێزانى پله موزیكییهكانن. ته‌نیا جیاوازییان، ئه‌میان "لامه‌ركه‌زییه‌كه" ده‌سته‌واژه‌یه‌كى سیاسییه و ئه‌وی تریان "لا خه‌به‌ره‌كه" بڕگه‌یه‌كه له گۆرانییه‌كى كۆنى عه‌ره‌بی. به‌ڵام وه‌ك چۆن پهیڤهكانى گۆرانییه عه‌ره‌بییه‌كه هیچ خزمایهتییهكیان له نێواندا نییه، پێم وانیه لامهركهزییهكهش هیچ ناسیاوییهكی له‌گه‌ڵ گۆرانییه عه‌ره‌بییه‌كه‌دا هه‌بێ. ئاخر خه‌به‌ر له كوێ و چه‌فیه له كوێ و شهكرۆكهى ترش و شیرین له كوێ و شه‌ربه‌تى نادر له كوێ؟ ئه‌وه له حیكایه‌تى "عه‌ره‌ب وێن و ته‌مبووره وێن" ده‌چێ؟
وه‌ك ئه‌وه‌ى لاى خزمه نهسازهكانى خۆشمان لامه‌ركه‌زییه‌كه سه‌ره‌تا نیازێكی جیۆگرافی و دابڕانى له پشته‌وه بوو، دواتر بووه دارایی و كارگێڕى و پاشان گوتیان هه‌رته‌نیا شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكى كارگێڕى و داراییه و بۆ هه‌موو پارێزگاكانه، پاشانیش هه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى كاتى وسكت و لا خه‌به‌رى لێ كرا و گوتیان ده‌ى، جارێ هه‌موومان گیرۆده‌ى ده‌ستى كۆرۆناین. با بمێنێ بۆ وه‌ختێكى تر! واته ئه‌گه‌ر لا مهركهزییهكهى لاى ئێمه‌ش به ده‌نگ و سه‌داى كه‌ریم گوڵانى له‌سه‌ر ریتم و ئاوازى گۆرانییه عه‌ره‌بییه‌كه بگوترێ، ده‌بێته "لا مه‌ركه‌زی لا ماستى هه‌ولێر لا ریفراندۆم لا له‌وزه‌تێن"...
***
پاش عهسرێكى ده‌مه‌و ئێواره‌ى رۆژى 6/4/2005 بوو. هوتافكێشان و شایلۆغان و هۆڕنلێدانێكی زۆر به‌بن درزی ده‌رگاى حه‌وشه و كونه كلیلی ده‌رگاى ژوورێ به‌ناو كونه گوێچكهكانمهوه شاڵاو و هوروژمیان هێنایه ناو مێشكم، رامكرده سه‌ربان بزانم چییه! چی قه‌وماوه، چی رووی داوه... كاتێك ئاپۆرا و كاروانه سه‌وزه‌كه‌ى ده‌یان ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆرم بینى به شه‌قامه‌كه‌ى به‌رده‌می ماڵى ئێمه‌دا تێپه‌ڕین و گوێم له هوتافه‌كان بوو، به خێرایی چه‌ند دروشمێكى سه‌ر لافیتهكانم خوێنده‌وه، تازه زانیم ئه‌و شایلۆغانه بۆ هه‌ڵبژاردنى "مامى كوردانه" بۆ سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراقی عه‌ره‌بی.
نیوه‌ى خۆشی دهربڕینهكهیان بۆ هه‌ڵبژاردنى (مام) بوو، نیوه‌كه‌ى تر‌ى خۆشییهكهشیان په‌یامێك بوو له رقی حزبه ركابهركانیان كه له مه‌ودوا ئه‌وانیش "فه‌خامه‌تى سه‌رۆكیان" ده‌بێ و كۆشكی سه‌لامیش له پایته‌ختى عه‌ره‌بان ده‌بێته سه‌كۆى خۆ نمایشكردنیان نه‌ك هه‌ولێر! من راستییه‌كه‌ی رێزێكى زۆرم هه‌بوو بۆ "مامى كوردان" ئه‌گه‌رچی هیچ پێوه‌ندییه‌كم به حزبه‌كه‌ى ئه‌وه‌وه نه‌بوو، به‌ڵام دڵیشم كه‌وته خورپه و ترسێك هه‌موو تووكى له‌شمى گڤ كرد و چوار ستوونى جه‌سته‌م كه‌وته له‌رز و هه‌ژان، زانیم ئیتر ئاراسته‌ى نیشتمانیى خزمانى ئه‌ولا "با ئه‌ولا پایته‌ختى ڕۆشنبیریی كوردستانیش بێ" پشت له كوردستان و روو له عهرهبستانهكهى عێراق ده‌كات. ئاخر لاى ئێمه وایه. كه‌سی یه‌كه‌مى حزب "با حزبه‌كه سۆشیال دیموكراتیش بێت"! وه‌ك ئیمام و پێشنوێژ وایه، روو له هه‌ر رووگهیهك بكات هه‌موو پێڕه‌وانى "به عه‌وام و رۆشنبیرانیشهوه"! روو له هه‌مان رووگه ده‌كه‌ن. هه‌ر وایشی لێ هات. راگه‌یاندنه‌كانى ئه‌ولا و سه‌ر به ئه‌ولا، هه‌واڵه‌كانى فه‌خامه‌تى سه‌رۆك كۆمار و هاتن و چوونى میوانه‌كان و سه‌ردانیكه‌رانى كۆشكى سه‌لامیان خسته هه‌ره پێشه‌وه‌ى بۆڵتنى هه‌واڵه‌كان و به ترش و خوێیهكى گه‌لێ زۆره‌وه ده‌خوێنرایه‌وه و له‌بن و بنى هه‌واڵه‌كاندا، ئه‌گه‌ر كات بمابایه‌وه، هه‌واڵێكی پێوه‌ست به كوردستانیشیان به ئاوازێكى شه‌كه‌ت و ماندوو ده‌خوێنده‌وه.
هه‌وێنى لامهركهزییهكهى ئێسته ده‌ره‌نجامى ئاراسته گۆڕینهكهى ئه‌و رۆژه‌یه كه من تێیدا تووشی هه‌ژان و دڵه‌خورپێ بووم.
***
نیازى پشت لامه‌ركه‌زییه‌كه روو وه‌رگێڕانه له مهركهزییهتى كوردی و رووكردنه بۆ مهركهزییهتى عێراقی عه‌ره‌بی. هه‌م له رووى جیۆگرافی و هه‌میش له رووى كارگێڕى و دارایی و هه‌میش له رووى "ئینتیماى نیشتمانى"!