له ساڵانی ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، ئه‌وسا كه هێشتا له په‌نابه‌ریدا بووین له ئێران، له شارێكی ئه‌و وڵاته نیشته‌جێ بووین، له‌وێش كتێبخانه‌یه‌كی گشتی هه‌بوو، لایه‌نی كه‌م له هه‌فته‌یه‌كدا دوو یان سێ جار سه‌ردانی ئه‌وێم ده‌كرد، یان كتێبێكم لێ وه‌رده‌گرت و ده‌مهێنایه‌وه ماڵ ده‌مخوێنده‌وه، یان هه‌ر له‌وێ داده‌نیشتم و له كه‌شێكی هێمن و بێ ده‌نگدا شتێكم ده‌خوێنده‌وه. ئه‌و هامشۆ به‌رده‌وامه‌م وایكردبوو نێوانخۆشی و دۆستایه‌تییه‌كی باش و پته‌وم له‌گه‌ڵ كوڕه گه‌نجه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌كه بۆ دروست بووبوو. هێنده‌یش هاوڕێیه‌تیمان تۆخ و لێك نزیك بووبوو، زۆر جاران ئه‌گه‌ر كارێكی ده‌ره‌وه‌ی كتێبخانه‌ی هه‌بووایه، كورسییه‌كه‌ی خۆی به من ده‌سپارد تا ده‌گه‌ڕایه‌وه. ده‌یزانی كوردم، به‌ڵام نه‌یده‌زانی په‌نابه‌ر و (عێراقیم).
هه‌موو جارێكیش بابه‌تێكمان هه‌ر ده‌ست ده‌كه‌وت له‌ناو ئۆفیسه داخراوه‌كه‌ی ئه‌ودا گه‌نگه‌شه‌ی بكه‌ین و هه‌میشه‌یش پێكناكۆك بووین. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی درامایه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنی یان فیلمێكی سینه‌مایی قسه و گفتوگۆمان بكردایه، هه‌ر ده‌بووینه دوو ئاراسته‌ی دژ به‌یه‌ك له بۆچوون و تێڕوانینماندا، به‌ڵام دۆستایه‌تیمان هه‌ر له شوێنی خۆی به جێگیری ده‌مایه‌وه و له‌ق نه‌ده‌بوو.
جارێكیان باس و خواسمان هاته سه‌ر ئه‌وه‌ی (كوردستان) له بنه‌ڕه‌تدا وڵاتێكی گه‌وره و خاوه‌ن دیرۆك و زمان و جیۆگرافیا و خاكی به پیتی خۆی و خاوه‌ن حه‌شیمه‌تێكی ده‌یان ملیۆن كه‌س بووه، به‌ڵام ئێسته بووه‌ته چوار پارچه و هه‌ر پارچه‌ی سه‌ربه وڵاتێكه، ئه‌وه‌ش غه‌درێكه وڵاتانی زلهێز كه به ئاره‌زووی خۆیان و به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، نه‌خشه‌ی دنیایان له‌توپه‌ت و پینه‌وپه‌ڕۆ ده‌كرد و تا هه‌نووكه‌یشی له‌گه‌ڵدا بێ، ئه‌و غه‌دره له‌سه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه هه‌ڵنه‌گیراوه و هه‌رچوار پارچه‌كه‌یش به داگیركراوی ماونه‌ته‌وه.
ئه‌و هاوڕێ ئێرانییه‌ی منیش ده‌موچاوی تێكنا و پشتی ملی خۆی خوراند و سه‌روملی بادا و گوتی: نا، وا نییه كه تۆ ده‌یڵێی، له هه‌موو جیۆگرافیای ناوچه‌كه و نه‌خشه‌ی دنیاشدا هیچ شوێنێك نییه ناوی (كوردستان) بێ.
هه‌وڵی زۆرم دا قه‌ناعه‌تی پێ بێنم كه ئه‌و هه‌ڵه ده‌كات و به‌ڵگه‌ی مێژوویی زۆر هه‌یه ئه‌و راستییه ده‌سه‌لمێنێ كه كوردستان به‌ر له هه‌بوونی، زۆر له قه‌وم و نه‌ته‌وه‌ی تری خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی ئێسته هه‌ن، هه‌بووه و هه‌یه و له‌وانه‌یه له‌ناو ئه‌و كتێبخانه‌یه‌ی ئێمه‌ی لێ دانیشتووین و تۆ تێیدا به‌ڕێوه‌به‌ری، كتێبی له‌وباره‌یه‌وه هه‌بێ. ئه‌ویش هه‌ڵیدایه و گوتی: (به‌ڵێ، هه‌یه). گوتم ئێ... كه‌واته... ئه‌ویش گوتی كتێبی رۆژهه‌ڵاتناسێكی ئه‌وروپایی هه‌یه ده‌ڵێ، كورد یه‌كه‌مجار گورگ بووه، به تێپه‌ڕینی ساڵ و رۆژ و زه‌مان، بووه‌ته گورد و دواجاریش بووه‌ته كورد. كتێبی تریشمان هه‌یه باس له‌وه ده‌كات كه كورد له قه‌ومی جنۆكه‌ن و خوای گه‌وره سه‌رپۆشی له‌سه‌ر لاداون و به چاو ده‌بینرێن.
راستیشی ده‌كرد، ئه‌و كتێبانه له‌وێ هه‌بوون و منیش خوێندبوومنه‌وه. به كورتی، ئه‌و براده‌ره‌م له‌سه‌ر ئینكاركردنی خۆی پێ‌داگر بوو كه نه قه‌ومێك هه‌یه ناوی كورد بێ و نه شوێنێك هه‌یه ناوی كوردستان بێت. منیش به هه‌ڵچوونه‌وه له شوێنی خۆم هه‌ستامه‌وه و چووم به دیار نه‌خشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئێرانه‌وه راوه‌ستام كه به لادیواری به‌رانبه‌ری ئه‌ودا هه‌ڵواسرابوو، په‌نجه‌م له‌سه‌ر ناوی كوردستان دانا و گوتم ئه‌وه‌تا، لێره له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی وڵاته‌كه‌ی تۆ، شوێنێك هه‌یه به ناوی (پارێزگای كوردستان) و ناوه‌ندی پارێزگاكه‌یش شاری سنه‌یه كه ئێوه پێی ده‌ڵێن سه‌نه‌نده‌ج، سه‌رجه‌می دانیشتووانی پارێزگاكه‌یش كوردن. به تووڕه‌بوونه‌وه پێم گوت: ده‌ی، سه‌یری بكه.. ئه‌مه كوردستانه. به‌ڵام ئه‌و دیسان سه‌روملی بادا و ته‌نانه‌ت ئاماده نه‌بوو سه‌یری نه‌خشه‌كه‌یش بكات. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر سه‌یری نه‌خشه‌كه بكات له ئاین وه‌رده‌گه‌ڕێ. منیش كه هێشتا تووڕه‌بوون به‌ری نه‌دابووم، به‌هه‌ڵچوونه‌وه پێداگریم ده‌كرد و ده‌مگوت: سه‌یری بكه. ئه‌مه نه‌خشه‌ی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی تۆیه. ئه‌وه راسته پارچه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كوردستان كه لای ئێمه‌ی كورد ده‌بێته رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی گه‌وره، لای ئێوه بچووك كراوه‌ته‌وه بۆ پارێزگایه‌ك، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه شوێنێك هه‌یه له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ت ناوی كوردستانه. ناوه‌ندی پارێزگای چوارمه‌حاڵ و به‌ختیاریش ناوی شاری كورده!
ئه‌و هێنده په‌ست بووبوو، ته‌نانه‌ت رووی وه‌رگێڕا و ئاماده نه‌بوو سه‌یری نه‌خشه‌كه بكات، منیش هه‌ر هاوارم كرد به‌سه‌ریدا، ئه‌ویش به تووڕه‌بوونه‌وه رووی تێ‌كردم و گوتی: ئێسته زۆران لۆ كه‌مان مه‌ڵێ و سه‌رم مه‌یه‌شێنه، له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی وڵاته‌كه‌م، له‌سه‌ر هه‌موو نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی هه‌موو دنیا، له ئه‌رشیڤخانه‌ی زه‌ندییه‌كان و هه‌خامه‌نشینه‌كان و سه‌لجووقییه‌كان و سه‌فه‌وییه‌كان و په‌هله‌وییه‌كان و هه‌موو دنیا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌لائیكه‌ته‌كانی خوا له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی ئاسمانیش، ئه‌ستێره‌كان بكه‌ن به پیت و ناوی كوردستان بنووسن، من نه چاوم ده‌یبینێ و نه مێشكم ده‌یخوێنێته‌وه. هیچ به‌لامه‌وه گرنگ نییه له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌ك ئه‌و ناوه هه‌یه یان نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و ناوه له‌ناو مێشكی من و بیركردنه‌وه‌ی مندا نییه. ئیتر له‌وه تێبگه. ناوی كوردستان له‌سه‌ر پارچه كاغه‌زێك یان له‌سه‌ر پێستی مانگایه‌ك یان له‌سه‌ر گاشه‌به‌ردێكدا نووسرابێ و هه‌ڵكۆردرابێ، هیچ بایه‌خێكی له‌لای من نییه و بڕایه‌وه، مێشك و بیركردنه‌وه‌ی منیش ئاوها پرۆگرامیزه كراوه ئه‌و ناوه، ئه‌گه‌ر به هێڵی پانیش له شوێنێك ببینێ نایخوێنێته‌وه. ئیتر تێبگه. ئه‌و ناوه ته‌نیا وه‌همێكه له‌ناو مێشكی ئێوه‌دایه. من ئێسته نه‌خشه‌ی وڵاته‌كه‌م هه‌مووی ده‌بینم و ده‌یخوێنمه‌وه، ته‌نانه‌ت ناوی دووره‌ده‌ستترین دێهاته‌كانیشی، بێجگه له‌و پارێزگایه‌ی تۆ په‌نجه‌ت له‌سه‌ری داناوه. ته‌واو...
***
دیاره زیاتر له چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌و مشتومڕه‌ی من و هاوڕێ ئێرانییه‌كه‌م، به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه گشتییه‌كه‌ی شاره‌كه تێپه‌ڕیوه. له‌و ماوه‌یه‌دا عه‌ره‌به‌كان – عێراقی و ناعێراقی – تورك و ته‌نانه‌ت وڵاتانی ئه‌ولاتریش، كه‌سیان ددانی خێریان به كێشه‌ی ره‌وای كورددا نه‌ناوه، ته‌نانه‌ت نكۆڵیش له هه‌بوونی كورد و كوردستان ده‌كه‌ن.
هه‌موو حوكمڕانانی عێراق به شیعه و سوننه‌وه، زۆر به‌سه‌ر زاریانه‌وه قورس ده‌بێت ئه‌گه‌ر ناوی كورد و كوردستان بێنن. تورك له‌سه‌ر زاری خلووسی ئاكار ده‌ڵێ: كوردستان له هیچ شوێنێك بوونی نییه. یان كه‌سێك به‌ناوی كلكدار ئۆغڵو ده‌ڵێ: په‌ست و نیگه‌ران ده‌بم به بیستنی وشه‌ی كوردستان. هه‌ر باشه ناڵێ ته‌ڵاقم ده‌كه‌وێ.
جیهانبینی هه‌ر كه‌سێكیش /با ئه‌و كه‌سه له پێگه‌ی فه‌رمی حكوومه‌تێك بێ كه دراوسێیه و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووریشمان پێكه‌وه هه‌بێ/ به ئه‌ندازه‌ی رووبه‌ری دید و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌یه، یان بۆچوونی فه‌رمی رژێم و وڵاته‌كه‌یه، دید و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وانیش له سنووری نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌رباز نابێ و وا ده‌زانن هه‌موو دنیا بریتییه ته‌نیا له وڵاته‌كه‌ی ئه‌وان و نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان. كه‌سیتر بوونی نییه. چونكه نه چاویان كه‌سیتر ده‌بینێ و نه مێشكیان كه‌سیتر ده‌خوێنێته‌وه. حه‌زیش ده‌كه‌ن كورد نینۆكی نه‌بێ پشتی خۆی پێ بخورێنێ، حه‌ز ده‌كه‌ن سه‌ر به جه‌سته‌مانه‌وه نه‌بێت و بستێ خاكیشمان نه‌بێ پێی له‌سه‌ر دابنێین. هیچ كاتێكیش هیچمان پێ ره‌وا نابینن.
ئه‌وان به چاوی دوژمن سه‌یری كورد ده‌كه‌ن. له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه ئه‌وان هه‌رچی بڵێن راست ده‌كه‌ن، چونكه دوژمنن. ئه‌وه كورده له بۆچوونه دوژمنكارییه‌كانی ئه‌وان ته‌نیا (سه‌ری سووڕ ده‌مێنێ).