مقداد شاسوارى
پێشترێ ده‌یانگوت قسه‌ى راست له منداڵ یان له شێت وه‌رگره. ئێسته ئه‌م بۆچوونه هه‌ندێ مۆدێرنتر و سه‌رده‌میانه‌ترى لێ هاتووه و ده‌ڵێن قسه‌ى راست له "ئۆپۆزسیۆن" وه‌ربگره.
ئه‌وه راسته "ئۆپۆزسیۆن"ی لاى خۆمان زۆر جاران به زمانى منداڵ قسه ده‌كات و هێشتا له قۆناغی زگه‌خشكێ و پێنه‌گه‌یشتووییدایه و هه‌ندێك جاریش "شێتگیر" ده‌بێ و ده‌كه‌وێته ناو بازاڕ و شه‌قام و هه‌رچی بكه‌وێته سه‌ر رێى ده‌یڕووخێنێ و ده‌یسووتێنێ و به‌دواى خۆیدا كه‌لاوه و دار و په‌ردووى بینا و باره‌گا و ته‌رمی خوێناوى و سووتاو به‌جێ دێڵێ. به‌ڵام بڕێك جاریش ده‌بێته زمانى خه‌ڵكى و ئه‌وه‌ى ده‌یڵێ گوزارشتێكه له ده‌رد و ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانى هاووڵاتییان. گوته‌یه‌كیش هه‌یه ده‌ڵێ "قسه‌یه‌ك له دڵه‌وه ده‌رچێ بێگومان ده‌چێته ناو دڵه‌وه".
بۆچوونێكى چه‌وتیش، خۆڕسكانه، له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا بڵاو بووه‌ته‌وه هه‌ر كه‌س باسی گه‌نده‌ڵیی بكات یان حكوومه‌ت له كه‌موكورتییه‌كانی ئاگادار بكاته‌وه یان "هه‌مووان گوته‌نى" ره‌خنه‌ى رووخێنه‌ر له ئه‌داى حكوومه‌ت بگرێ، ئه‌وا پنكه‌وپه‌ڵه‌ى ئۆپۆزسیۆنبوون له‌ناوچه‌وانى ده‌ده‌ن و ناوى ده‌چێته لیستى غه‌زه‌بگرتووه‌كان. كه‌چی من قه‌ت نه‌چوومه‌ته ریزی ئۆپۆزسیۆن و به‌رده‌وامیش رووى ره‌خنه‌ى توندم له حكوومه‌ت و ئه‌دا خراپه‌كانى بووه و هیچ پنكه‌وپه‌ڵه‌یش به ناوچه‌وانمه‌وه نه‌نووسێنراوه.
ئێسته‌ش، نه هاوئاواز له‌گه‌ڵ ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ى به زمانى منداڵ یان شێت قسه ده‌كات، به زمانى هاووڵاتییه‌ك كه حه‌ز به هه‌بوونى حكوومه‌تێكى كاراتر ده‌كات پێشنیار ده‌كه‌م ئه‌م حكوومه‌ته به تێكڕایی، هه‌ر له دوو هاوسه‌رۆكه‌كه‌ى بگره تا وه‌زیره بێكاره مووچه وه‌رگره‌كان و وه‌زیره نانخۆره جێگره‌كان و وه‌زیره ده‌ركراوه‌كان و وه‌زیره بێ وه‌زاره‌ته‌كان و وه‌زیره به وه‌كاله‌ته‌كان و وه‌زیره نه‌خۆشه‌كان و وه‌زیره ناپسپۆڕ و نه‌شاره‌زاكان و وه‌زیره بێ كه‌ڵكه‌كان به یه‌ك نووسراو ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه، هیچ پێویستیش به‌وه ناكات حكوومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر یان حكوومه‌تى "رزگاریی نیشتمانیی" یان حكوومه‌تى زۆرینه یان حكوومه‌تى ره‌شید و ره‌شیق یان هیچ چه‌شنێكی تر له حكوومه‌ت شوێنیان بگرێته‌وه. چونكه ئه‌و هه‌رێمه داماوه، گه‌یشتووه‌ته ئاستێك له "پێشكه‌وتن" ئیتر پێویستى به هیچ جۆره حكوومه‌تێك نییه، خه‌ڵكه‌كه‌ى هێنده "وشیار و نیشتمانپه‌روه‌ر و دڵسۆزن" له توانایاندایه به‌خۆیان كاروبارى رۆژانه‌یان هه‌ڵسووڕێنن. هه‌روه‌ك ئێسته به دووچاوى زه‌قه‌وه ده‌یبینین، بێجگه له لایه‌نه ته‌ناهییه‌كه‌ی كه هه‌موومان سوپاسگوزاری ئه‌و ره‌وشه هێمنه‌ین كه باڵى ئارامیی كێشاوه به‌سه‌ر ژیانماندا، هه‌موو لایه‌نه‌كانى تر له بازنه‌ى ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تدا ده‌رچووه و به‌شێوه‌ى "ئه‌هلی" و خۆڕسكانه به‌ڕێوه ده‌چێت و سه‌ربارى هه‌موو خراپییه‌كانى، له‌گه‌ڵى راهاتووین.
- كه ده‌چیته بازاڕ، نه له رووى نرخ و نه له‌رووى كوالێتى و نه له‌رووى ته‌ندروستییه‌وه هیچ چاودێرییه‌كى حكوومى نابینى و "ویژدان"ی خه‌ڵك شوێنى حكوومه‌تى گرتووه‌ته‌وه.
- كه به رێگه‌وبانه‌كانى "ناوشار" و ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كاندا هاتوچۆ ده‌كه‌ى هه‌ست ناكه‌ى له‌م هه‌رێمه‌دا نه داوده‌زگایه‌ك به‌ناوى رێگه‌وبان بوونى هه‌یه و نه "جگه له دانانى كامێره‌ى شاراوه‌ى هاتوچۆ بۆ راوه‌ڕووت" فه‌رمانگه‌یه‌ك به‌ناوى "هاتوچۆ" بوونى هه‌بێ. نه مه‌فره‌زه‌یه‌كى پۆلیس ده‌بینى و نه تابلۆیه‌كى رێنوێنیت به‌رچاو ده‌كه‌وێ. بۆیه قوربانییانى ساڵانه‌ى "هاتوچۆ له قوربانییانى شه‌ڕه‌كانى دوژمنانمان زیاتره".
- كه ده‌چیته نه‌خۆشخانه‌كانى حكوومه‌ت، نه دنكه حه‌بێكت ده‌ده‌نێ نه وه‌ك نه‌خۆش هه‌ڵسوكه‌وتت له‌گه‌ڵ ده‌كرێ و راچێته‌یه‌كى پشكنین و دا‌و و ده‌رمانت بۆ ده‌نووسن بۆ ده‌ره‌وه! واته حه‌واڵه‌ى ده‌رمانخانه و تاقیگه و نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كانت ده‌كه‌ن و له‌وێش ده‌كه‌ویته به‌ر ره‌حمى ویژدانى بازرگانانى ته‌ندروستى.
- له پایته‌ختى هه‌رێمدا، ئه‌گه‌ر خوا غه‌زه‌بت لێ بگرێ میوانێك له كه‌له‌ى بدات بیه‌وێ سه‌ردانت بكات، له ته‌له‌فۆندا "له‌سه‌ر حیسابی وه‌حده‌ى خۆت" ده‌بێ به به‌رده‌وامى له‌گه‌ڵى له‌سه‌ر خه‌ت بیت و كارتێكى شه‌ش هه‌زار و 500 دینارى به‌فیڕۆ بده‌ى تا میوانه به‌دبه‌خته‌كه ده‌گاته ماڵت. چونكه شه‌قام و كووچه و كۆڵانه‌كانمان هیچ ناونیشانێكى سه‌ر راستى نییه بیده‌یت به میوانه‌كه‌ت. ئیلا مه‌گه‌ر ماڵت نزیك مزگه‌وتێك بێت ئه‌گه‌رنا فه‌وتاوى. وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و "گه‌شتوگوزار"!! ته‌نیا له‌سه‌ر پلێتێكدا ناوى گه‌ڕه‌كى نووسیوه ئه‌ویش زۆربه‌یان به هه‌ڵه‌ى زمانه‌وانییه‌وه.
- وه‌زاره‌ته بێ وه‌زیره‌كه‌ى كاره‌با هه‌ر نوكته‌یه‌كه بۆ خۆى. شه‌وان چه‌ند سه‌عاتێكى پچڕ پچڕت ده‌داته‌وه ئه‌ویش ئه‌و كاته‌ى له‌خه‌وداین. ئه‌گه‌رنا كه ده‌نووین كاره‌با نییه و كه به‌یانیانیش له خه‌و هه‌ڵده‌ستین، هه‌ر كاره‌با نییه و به ده‌گمه‌ن نه‌بێ به‌دیدارى شاد نابین.
ده‌مێنێته‌وه موه‌لیده‌ی گه‌ڕه‌ك و مۆلیده بێزاركه‌ره‌كه‌ى ماڵانى خۆمان كه ئه‌ویش هیچ پێوه‌ندییه‌كى به حكوومه‌ته‌وه نییه. چونكه مۆلیده‌ى گه‌ڕه‌ك به ئاره‌زووى خۆى نرخ داده‌نێت و جۆرێكه له رووتاندنه‌وه‌ى خه‌ڵك و مۆلیده‌ى خۆشمان به به‌نزینى خۆمان كار ده‌كات.
- خوا نه‌كا بكه‌ویته به‌ر غه‌زه‌بی باریته‌عالا و رێگه‌شت بكه‌وێته فه‌رمانگه‌یه‌كى حكوومه‌ت. ئه‌وا رۆتین و خۆدزینه‌وه له راپه‌ڕاندنى ئه‌ركه‌كانیان و كاغه‌زبازى و رێزنه‌گرتن له هاووڵاتى و ماندووكردن و بێزارى و گه‌ڕاندنه‌وه‌یان به هه‌ناسه ساردى له ژیان و"مافیها" بێزارت ده‌كات.
هاوسه‌رۆكه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێم هه‌ر خه‌ریكى سه‌فه‌رى دوو قۆڵیی بێ ئه‌نجام و گفتوگۆى بێ حاسڵ و لێدوانى بێ به‌رهه‌م و كۆبوونه‌وه‌ى بێ بڕیار و به‌ڵێنى بێ كردار و ئاخاوتنى بێ كه‌ڵك و پچڕاندنى هه‌موو داوه مووه‌كانى ئینتیماى هاووڵاتى به نیشتمانه‌كه‌یانن، پاڕانه‌وه‌ى بێ سوودیان له "حكوومه‌ته عه‌ره‌به‌كه‌ى ناوه‌ندن"!! و...
وه‌زیره‌كانیش... هه‌ر لێی گه‌ڕێ!!
له‌وه‌ته‌ى له بیرمان دێ هه‌روا كابینه‌ى حكوومه‌ت به كابینه‌یه‌كى تر ده‌ڵێ رێم بكه با جێت بكه‌م، به درێژایی هه‌شت كابینه نه‌ك كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، كێشه‌ى تازه‌یشیان دێته سه‌ر و كه‌ڵه‌كه‌ى سه‌ریه‌ك ده‌بن و پاڵه‌په‌ستۆى قورس‌تر له‌سه‌ر شان و ملى له‌ڕ و بێ هێزى هاووڵاتی دروست ده‌كه‌ن.
بۆیه وه‌ك ده‌ڵێن "كه‌ڵه‌شێریش نه‌قووقێنێ رۆژ هه‌ر ده‌بێته‌وه". ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌نده كه‌مێك مۆدێرنتر و سه‌رده‌میانه‌ترى لێ بكه‌ین، ده‌ڵێین "حكوومه‌تیشمان نه‌بێ له هه‌رێم، ژیان هه‌ر به‌ڕێوه ده‌چێ"!!