ئهڤینڤان، هه‌میشه پاڵه‌په‌ستۆی خوێن و شه‌كره‌ی هه‌یه، له‌گه‌ڵ دیتنی هه‌ر ژنێك پاڵه‌په‌ستۆی خوێنی زیاد ده‌بێ، چونكه وێنه‌ی مه‌عشوقی جاویدانی دێته كه‌له‌ی، ئه‌و مه‌عشوقی له خه‌ڵكدا ده‌بینێت، له خوێنی‌دا ده‌گه‌ڕێ. وه‌ك بڵێی بۆ برینه‌كانی شه‌كره‌ی هه‌س، دایمه برینه‌كانی ته‌ڕن، چاك نابن و چا نابنه‌وه. شیعر بۆ ئه‌ڤیندار وه‌ك لایلایه و لاوهندنهوه و دڵنه‌وایی و ده‌رده‌دڵ وایه، ئه‌رێ قه‌ت له خۆتت پرسیوه هه‌ستیاربوون و ئهڤیندابوون چ بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك ده‌خوڵقێنێ؟ هیچجار دانیشتووی به‌ده‌م ناڵاندنی تهنیایییهوه بیر له وه‌ها پرسێك بكه‌یته‌وه؟ شه‌پۆلی فرمێسكی ئه‌وینداریت، قه‌ت ڕۆژێك له ڕۆژان ده‌ستی گرتووی به چیلكهدارێك له كه‌ناری ده‌ریای عیشقدا شیعرێك، لهتهدێڕێك، وشه‌یه‌كی ئهڤیندارانهت پێ بنووسێت؟ قه‌ت به‌ده‌م سوخمه به ته‌ناف هه‌ڵواسیندا، دێڕێك شیعرت به گۆرانییه‌وه چڕیوه؟ ئه‌رێ ڕۆژی ئاوها هه‌بووه قاپ بشۆری و جل بشۆی و به‌ده‌م ماڵ گسكدانهوه هه‌ر یه‌ك دێڕه شیعر بچڕی، هه‌ست به‌وه بكه‌ی چ ته‌لیسمێكی تێدایه ئه‌م دێڕه، بۆ هێنده پاته‌ی ده‌كه‌یته‌وه؟ ڕۆژێ له ڕۆژان میناكی عه‌لی شه‌ریعه‌تی بیرت كردووه‌ته‌وه دایكت پێت بڵێ: "عاشق بوون شه‌وێكه و په‌شیمانی هه‌زار شه‌و"، به‌ڵام تۆ هه‌زار شه‌وه په‌شیمانی كه بۆچی شه‌وێك عاشق نه‌بووی!
له كتێبی (برینه‌كان گۆرانیمان پێده‌ڵێن)، غه‌مگین بۆڵی پیاوێكه زوو به زوو ئێشی برینی دڵی و پشووسواری ڕێگه‌ی دووری ڕێبواریی خۆی به خوێنه‌ر ئاشنا ده‌كات، كه‌فوكوڵی دڵی وشه‌كانی غه‌مگین، وا له دڵی عاشق ده‌كات بخورپێنێ، چاوی ببارێنێ، زاری بناڵێنێ. هه‌ستیاربوون و ئهڤیندابوون بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك ده‌خوڵقێنێ، هیچ ئومێدێك به ژیان نه‌مێنێ. خۆنووسینه‌وه بڕگه‌یه‌كه له هونه‌ری نووسین، غه‌مگین به زیتی له هه‌ر ده‌قه شیعرێكی ناو ئه‌م كتێبه، خه‌ریكی خۆنووسینه‌وه و چاوشاركێیه له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر، زوو زوو خۆی لێ ده‌شارێته‌وه. سهرهدیقانێی شاعیران، ته‌نێ نه‌خشاندنی لاپه‌ڕه نییه، به‌ڵكو ڕه‌نگكردنی تابلۆی ژیانه، ئیدی سه‌لیقه و ده‌ست و فڵچه‌ی هه‌ر شاعیرێك، فیگه‌ری جیاواز ده‌ئافرێنن، ده‌ژیێنن، ده‌مرێنن.
له لاپه‌ڕه (٥ – ٦)دا ده‌نووسێت: (با كه‌سیش له دوای مردنم، باسی ژیانی زیندووم نه‌كات) له‌م دوو له‌ته شیعره‌دا، به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت له‌تی دووه‌م له ڕووی ڕسته‌سازییه‌وه یان ڕوونتر بڵێم ڕێزمانییه‌وه له‌نگه، چون وشه‌ی (زیندووم) بۆ ده‌می ئێسته‌یه، ده‌كرا نووسیبای (زیندوو بوونم) كاری چاوگی بوون له‌بۆ (دوور) و (ڕابردوو) به‌كار دێت، ئینجا تێپه‌ڕ بێ یان تێنه‌په‌ڕ.
له ده‌قی (گۆرانییه‌كی غه‌مگین)دا، له ڕووپه‌لی (٥٣) دهنڤیسێت: (حه‌زم ده‌كرد ئاسمانتم بم!) یانی چۆن تێنه‌گه‌یشتم؟ واز له‌م له‌ته شیعره دێنم به بیانووی ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی تاییپه، بێگومان شاعیر هه‌قیه‌تی ئه‌گه‌ر واش بڵێت. به‌ڵام له هه‌مان تێكستدا، ژ لاپه‌ڕه (٥٧)دا ئێژێت: (من بیری ئه‌و باوه‌شه گهرمانهت ده‌كه‌م) وه‌ك بڵێی یاره‌كه‌ی یان دڵخوازه‌كه‌ی چه‌ندان باوه‌شی هه‌بێت، یان چه‌ند ئامێزێكی هه‌بێ! وشه‌ی (گهرمانهت) هه‌ڵه‌یه، باوه‌شه (گه‌رمه‌كانت) دروسته، واته‌ی پاته‌كردنه‌وه‌ی چه‌ند ئامێز تێوهرهێنانێك ده‌گه‌یه‌نێت.
هه‌ر له هه‌مان شیعر و هه‌مان لاپه‌ڕه شاعیر ده‌نووسێت: (من بیری ئه‌و باڵتۆیه سپییه‌ت ده‌كه‌م) له له‌تێكی ژێری ئه‌م له‌ته دیسان ده‌نووسێت: (كه ئێستایش بۆنی باڵتۆیه ڕه‌شه‌كه‌ی منی لێ دێت) پاته‌كردنه‌وه‌ی وشه‌ی (باڵتۆ) ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه شاعیر دڵنیایه له‌وه‌ی وشه‌كه دروسته كه نووسیویه‌تی، به‌ڵام به چوونگهی به‌نده (پاڵتۆ) دروسته، بێجگه له‌وه‌ی سه‌یری فه‌رهه‌نگه‌كانی (هه‌نبانه‌بۆرینه، باشوور، كانی، ڕێژگه، شاسوار، كوردستان، هه‌رمان، وشه‌نامه، گوڵچنینه‌وه)م كرد، له هیچیاندا وشه‌ی (باڵتۆ)م نه‌دۆزییه‌وه. بۆ سه‌لماندنی قسه‌كه‌م ده‌توانن سه‌یری فه‌رهه‌نگی مه‌هاباد بكه‌ن، له لاپه‌ڕه (١٢٢)ی فه‌رهه‌نگی مه‌هاباددا وشه‌ی (پاڵتۆ - پاڵتاو) هاتووه، هه‌روه‌ها له فه‌رهه‌نگی خاڵیشدا، له لاپه‌ڕه (٦٥) وشه‌ی (پاڵتاو - پاڵتۆ) هاتووه. له ههنبانهشدا ژ لاپه‌ڕه (١٠١)دا وشه‌ی (پاڵتۆ - پاڵتاو) بوونی هه‌س.
له تێكستی (كافتریای سوور)دا لاپه‌ڕه (٧٥) چوار جار وشه‌ی (چیرۆكـ)ــی به‌كار بردووه، هاوكات تێكستێكی تریشی له ڕووپه‌لی (١١٥)دا ناونیشانی (چیرۆكی ڕه‌ش)ـه، به‌ته‌واوی بیر و بڕوامه‌وه د بێژم هه‌رچی بنووس و شاعیر و قه‌ڵه‌م به ده‌ستی كورد هه‌یه، ئه‌گه‌ر نووسیبێتی (چیرۆك) به پیتی (ر)ی سووك یان لاواز، هه‌ڵه‌یه، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ به پاساوی (خۆشهاتنه سه‌رزار) یان (ئاسان گۆكردن) خۆیان ده‌رباز بكه‌ن، هه‌وڵێكی نه‌زۆكه, تا ئێسته زۆرێك له نووسه‌رانی كوردی بیریان له‌م وشه‌یه نه‌كردووه‌ته‌وه، وشه‌ی (چیڕۆك) دروسته، به ڕێی قه‌ڵه‌و (ڕ)، كه پێكهاتووه له (ئاوه‌ڵناو + پاشگری ۆك) واته وشه‌كه (چیڕ + ۆك) دروست بووه، ڕووداوهیلێ ده‌گرێته ئامێز، هه‌میشه چڕ یان چیڕن. وشه‌كانی (حه‌مه‌دۆك، نارنجۆك، ترسنۆك، خاپینۆك، له‌رزۆك) به‌هه‌مانشێوه پێك دێن، (ناو + پاشگری ۆك) یان (ئاوه‌ڵناو + پاشگری ۆك)، جگه له‌وه‌ش پاشگری (ۆك) بۆ چوككردنهوهیه بۆ نموونه: (حه‌مه‌دۆك) له (ناو + پاشگر) دروست بووه.
ده‌یان جار له باوه‌لێی خۆم ژنهوتوومه، باوكی دایكم، فه‌رموویه‌تی: "باوكم یان دایكم بانگیان ده‌كردم (كوڕم حه‌مه‌دۆك)." بێگومان نێوی (محه‌مه‌د)ـه. جگه له‌وه‌ش بۆ ڕق به‌كار ده‌برێ، تاوێ به كه‌سێك ده‌ڵێی: (كوڕه ئازادۆك، پاره‌كه‌م بۆ بێنه‌وه.) دواجار بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ (چیڕۆك) دروسته، نه‌ك (چیرۆك) چونكه میناك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێكرد، ڕووداوهیلێ ده‌گرێته ئامێز، هه‌میشه چڕ یان چیڕن.
ئه‌ندازه بریتییه له دووباره‌بوونه‌وه‌ی به‌راوردی نێوان شاعیر و دڵداره‌كه‌ی، من، تۆ، من، تۆ ده‌گرێته‌وه، له خۆشی و ناخۆشیدا، له خۆشبه‌ختی و به‌دبه‌ختیدا. بۆ وێنه, نالی ده‌فه‌رمێ: (له كن تۆ خار و خه‌س گوڵزاره بێ من، له‌لای من، خه‌رمه‌نی گوڵ خاره بێ تۆ) تا پایانێی شێعره‌كه... له ده‌قی (ده‌سته‌كانم به ئاگری جه‌سته‌ت بشۆ)ی شاعیردا، هه‌مان ئه‌ندازه به‌رچاو ده‌كه‌وێت، به‌توانایانه پێشانی داوه: (من، باڵه‌خانه‌یه‌كی چلوچوار نهۆمی، له بنی بابووجهكهت ده‌ده‌م، تۆ، په‌ڵه هه‌وره‌كان بۆ وشكه‌ساڵی ته‌مه‌نم، ڕاو بكه ل ٧٩). له هه‌مان داهێناندا، بۆیه ئێژم داهێنان، چونكه زمانی شیعری پابه‌نده به وشه‌وه، وشه كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌كی شیعره، شاعیر هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و وشانه له واته فه‌رهه‌نگییه‌كانیان دابماڵێت، به‌پێی خه‌یاڵی خۆی له ناو ده‌قه‌كه‌دا واتای نوێیان بۆ دروست بكات، به هه‌مانشێوه ئه‌و بواره بۆ خوێنه‌ریش ده‌ڕه‌خسێنێت كه خه‌یاڵی خۆی بخاته كار و واته‌ی نوێیان بۆ دروست بكات.
كه‌واته بنووس یان شاعیر وشه‌ی نوێ دروست ناكات، به‌ڵكو واته‌ی نوێ بۆ وشه دروست ده‌كات، به‌پێی ئه‌و وشه‌ی ده‌قه‌كه‌ی تێدا به‌كار دێنێت، ژبه‌ر هه‌ندێ له داهێنانهكهدا، له هه‌مان ده‌قدا، بۆنی زمانی شیعریی سوهراب ده‌كرێت، كه‌م كه‌س هه‌یه ئه‌م دێڕه‌ی سوهرابی نه خوێندبێته‌وه: (دایكم هێنده میهره‌بان بوو، گوڵی نێو فهرشهكانیشی ئاو ده‌دا.) غه‌مگین ده‌ڵێ: "تۆ گوڵه‌كانی ناو كراسهكهتم بۆ ئاو بده! ل٧٩".
له ده‌قی جه‌هه‌ننه‌مێكی بچو‌وكدا، شاعیر سێ ڕسته و نیوی له پتی ده‌رچووه، ئه‌وانیش: (پیاوه‌كان وه‌ك ئه‌و مریشكانه‌ن، كه له‌سه‌ر هێلكه‌ی قه‌له‌ڕه‌شه‌كان گڕكهوتوون ل١٢٢) بێگومان (گڕكهوتوون) هه‌ڵه‌یه و (كڕكه‌وتوون) دروسته. (جه‌هه‌ننه‌مێك خۆی له مندا خۆی تا ڕه‌ش دهژمێرت ل١٢٤) بێگومان ده‌ژمێرێت) دروسته. (تازه ده‌بێت جه‌هه‌ننه‌مێكی ڕه‌ش له دڵمدا هه‌ڵگرتووه ل١٢٦) ڕاسته‌كه‌ی (تازه ده‌بێت جه‌هه‌نه‌مێكی ڕه‌ش له دڵمدا هه‌ڵبگرم.)
بێگومان غه‌مگین (زمانی شیعر)ی نهخاسمهی به خۆی هه‌یه، به‌م ته‌رزه‌ی له‌گه‌ڵ شیعره‌كانی، ئاشنایی برینی ته‌ڕ و بۆڵه ترێ و ئازاری ژن و دژه نێرسالاری ده‌خوێنینه‌وه.
ژیڤان خۆرانی
برینه‌كان گۆرانیمان پێ ده‌ڵێن، غه‌مگین بۆڵی، یه‌كه‌م چاپ (٢٠١٧) چاپخانه‌ی كارۆ سلێمانی.