ڕانانێكی كورتی "شەوە سپییەكان"

ژیڤان خۆرانی

شەوە سپییەكان، گێڕانەوەی چیڕۆكێكی پڕ وردەكاری دەروونیی كیژۆڵەیەكی بێدەرەتان و بێكەس، زیرەك و جوانە، لە زاری كوڕیژگەیەكی خێر لەخۆنەدیو. كوڕیژگە قەت كەسی نەناسیوە و دەستی بە هیچ ئەندامێكی نەرمی ڕەگەزی بەرانبەر نەكەوتووە. لە شەوێكی ئەنگوستەچاودا، چاوی بە كیژۆڵەیەك دەكەوێ كە لە ڕۆخی ئەو جۆگە بچكووكەی نزیك ماڵیان بە وردی سەیری ئاوەلێڵەكە دەكات. ئەوكات دەیەوێ لە تاو تەنیایی خۆی لێی بپرسێ بۆچی تەنیای، یان چ وشەیەك شیاوە، پێی بڵێ خانمەكەم یان خاتوون یان چی. مامزئاسا كیژۆڵەكە بۆی دەردەچێت، كوڕە سەری سوڕ دەمێنێ، ئاخر بۆ لە دەستی ڕا دەكات!
بەری ئەوەی لێی بپرسێ، مەیخۆرەوەیەك بە دووی كیژۆڵەكە دەكەوێ و ئەویش لێی دەتۆقێ، كوڕیژگە خۆی دەگەینتێ و دەڵێ دەستم بگرە، دەستی دەگرێ و لەو پیاوە مەیخۆرەوەیە كە دەڵێی سایەی دێوێكی ڕەشە بە دوو ناستینكا كەوتووە، ڕزگاری دەكات. لەم شەوەوە ئاشنای یەكتر دەبن. كوڕیژگە هێندە تامەزرۆی دەبێت، تاوێ بۆ شەوی داهاتوو ژوان دادەنێن، بە كیژۆڵە نەشمیلەكە دەڵێت: "نازانم چۆن هەتا سبەی شەو بژیم!" كیژۆڵە بەرسڤی دەداتەوە: "بڕۆ بنوو!". 
شەوی یەكەم تێپەڕی و چیڕۆكەكە لە چوار شەو و بەیانییەك پێكهاتووە، شەوی دووەم یەكتر دەبیننەوە، كیژۆڵە بە پێكەنینەوە پێی دەڵێت: "بینیت نەمردی! (كەواتە كەس بۆ كەس نەئەفرێنراوە، كەس بە ڕۆیشتن و هاتنی كەس نامرێ و ناژیێ!) دەتەوێ بزانی من كێم، من ناوم ناستینكایە، تەمەنم ١٧ ساڵە، لەگەڵ داپیرەمدا دەژیم، چونكە دایە و بابە زوو مردن، ماوەیەكی زۆر بە قولاب و سنجاق كراسەكەی منی لە كراسەكەی خۆی دەبەستەوە، جارێكیان سەرەڕۆییم كرد، چونكە ئەو نابینایە و ناتوانێ چاودێریم بكات. نەنكم گوتی ئەگەر عاقڵ نەبم، بە درێژایی ژیانم ئاوها دەمێنمەوە. خانوویەكی وەك نەنكم پیر، لە دارودرەخت دروستكراومان هەیە، هەورەبانێكیشمان هەیە، زوو زوو بەكرێی دەدەین...".
ناستینكا هەر ئەو شەوی كوڕیژگە تێدەگەیەنێ، چونكە داپیرەی كوێرە، گەرەكە ئەو كتێبی بۆ بخوێنێتەوە، بۆیە هەورەبانەكەیش بە كرێ دەدەن، چونكە مووچەی خانەنشینی بەشیان ناكات، نەنكی ئەو ژوورەیش بە كرێچی گەنج نادات، نەك ناستینكا بخەڵەتێنن. چەند جارێ بە كرێی دەدەن، دواجار كرێچییەكی گەنج ژوورەكەیان لێ بە كرێ دەگرێت، وردە وردە هەوڵ دەدات سەرنجی ناستینكا بۆ خۆی كێش بكات. كتێب بۆ نەنكی ناستینكا دەنێرێ، لەگەڵ خۆی دەیانباتە شانۆ و ئۆپێرا، هێندەی شەیدای خۆی كردبوو، ئەوكاتەی كرێچییەكە بە نەنكی ناستینكا دەڵێ، دەبێ لێرە بڕۆم و بەرەو مۆسكۆ كۆچ بكەم. ناستینكا بەهەڵەداوان شتومەكی لە بوخچەیەك كۆ دەكاتەوە و بەغار بۆ لای دەچێ، كابرا هەموو شتێك تێدەگات، یەكسەر پێی دەڵێ: "ناستینكا من پیاوێكی هەژارم، من هیچ توانام نییە، تا جێیەكیش شك نابەم تێیدا بژیم، ئەگەر بتخوازم، چۆن بژین؟" بەڵێنی پێ دەدات ئەگەر دوای ساڵێك كارەكانی تەواو بوون و ناستینكا دڵی نەگۆڕی، دەیكاتە هاوبەشی ژیان و هۆی كامەرانیی خۆی. 
ئەوە ساڵێكە چاوەڕێی دەكات و سێ ڕۆژە لە مۆسكۆ هاتووەتەوە و نەچووەتە كن ناستینكا، بۆیە ناستینكا لەسەر ئەم جۆگە وەستاوە، چونكە پێشی بڕوات لێرە لەگەڵ كرێچییەكەیان دانیشتوون و پیاسەیان كردووە، كوڕیژگەیش بیری دەخاتەوە كە بەڵێنی پێ داوە، لەو زێتر كەسی تر ناخوازێت، دڵی ناستینكا دەداتەوە. بەڵام جگە لەوەی كوڕیژگە لە ناخەوە بۆ ناستینكا سووتاوە، برژاوە، جەرگی بووەتە بریانی، حەزی دەكرد دڵی لە دڵی ناستینكادا بتوێنێتەوە، ناستینكایش هەستی بەوە كردبوو، بۆیە پێی دەگوت تۆ هاوڕێیەكی باشی و حەزت لێ نەكردووم، خۆت پێوەمەوە نەلكاندووە، كەسێكی تر بووایە لێم نەدەبووەوە، ئاخی هەڵدەكێشا و نەخۆش دەكەوت. ئەگەر شووم كرد دەبین بە دوو هاوڕێی باش. بەم قسانە دڵی كوڕیژگەی دەكردە بۆتە. كوڕیژگە ئامۆژگاری دەكات، نامەیەك بۆ كرێچییەكەیان بنووسێت و بۆی بنێرێت، بەڵكو لەم دڕدۆنگییە قوتار بێت. كوڕیژگە هەر خۆیشی گەرەكە نامەكە بگەیەنێتە شوێنی مەبەست، چونكە ناستینكا دەترسێ و شەرم دەكات، كوڕیژگەیش ناچارە!
شەوی سێیەم سپاردەكەی گەیاندووە و چاوەنواڕی ناستینكا دەكات، بەپەلە خۆی دەگەیەنێتە شوێنی مەبەست، دەبینێ ناستینكا لەوێیە و بە غەمگینی دانیشتووە، ئاخر لە نامەكەدا ناستینكا بۆ كابرای كرێچی نووسیبووی خۆشەویستم سبەی شەو وەرە بتبینم، تا درەنگانی شەو هەر نەهاتووە، كوڕیژگەیش بیانووی بۆ دێنێتەوە، ڕەنگە پێی نەكرابێ، ڕەنگە كاری هەبووبێ، نایەوێ ناستینكا بە نەهاتنی خۆشەویستەكەی دڵتەنگ بێت. ناستینكایش دەستەكانی دەخاتە ناو دەستی كوڕیژگە و بە مەكر و نازەوە، باوەشی تێوەردێنێ، پێی دەڵێ كە كوڕیژگەی خۆش دەوێ و بۆچی هێندە لەگەڵی باشە و بۆچی خەفەتی بۆ دەخوات، هۆی چییە كاورای كرێچی هێندە دڵڕەقە، بۆچی كوڕیژگە هێند میهرەبانە. كوڕیژگە ناتوانێ هەستەكانی بشارێتەوە، بەڵام ناستینكا بە قسەی نەرم هەمیشە لە كێشكردنی ناوەستێ. گفتی لێ وەرگرت بەڵكو بەیانی بچێتە لای كاورای كرێچی و وەڵامی نامەكەی بۆ بێنێتەوە!
شەوی چوارەم، هەرچۆنێك بێت كوڕیژگە پێی گوت نامەی لا نییە و بۆچی تا ئێستە نەهاتووە؟ ناستینكا ڕەنگی زەرد هەڵگەڕا و دیاربوو دوا گوڵی هیوای هەڵوەڕا، لە پرمەی گریانی دا، گومان دەخاتە سەر كوڕیژگە كە نامەكەی هەر نەبردبێت، بۆچی وەڵامی نەبووە، بۆچی سێ چوار ڕۆژە یەك وشەی نەنووسیوە. كوڕیژگە پێشنیازی نامەیەكی تری بۆ دەكات، بەڵام ناستینكا ڕەتی دەكاتەوە. 
لەبەر گریان و ناڕەحەتی ناستینكا، كوڕیژگە گۆزەی خۆشەویستیی بۆ لە زەوین دەكوتێ و پێی دەڵێ خۆشم دەوێی، ناستینكا دەڵێ دەمێكە دەزانم خۆشت دەوێم، ڕاستە من پێشتر گاڵتەم بە هەستت كردووە و تانەم لێ داوی، كە چۆن حەزت لێ نەكردووم، بەڵام ئەوەیش بەسەر دەچێ و با پێت بڵێم خۆشم دەوێی، ڕقم لەوە، ئەو گاڵتەی پێ كردووم، تۆ لەو بە وەفاتری، تۆ بۆ من لەو چاكتری، تۆ لەو كرێچییە... هەموو ئەو قسانەی بە گریانەوە بە كوڕیژگە گوت، دەستی كوڕیژگەی دەگووشی و سەری خستبووە سەرشانی. 
ڕەنگە خۆشەویستیی یەكەم تەنیا خەڵەتاندن بووبێت، ڕەنگە دەبوو زووتر بیناسم، ڕەنگە دەبوو یەكێكی ترم خۆش بویستایە، دڵنەوایی بكردمایە. ناستینكا سوێندی بۆ كوڕیژگە خوێند، ئەگەر پێی وایە خۆشەویستییە كۆنەكەی لە دڵ دەرناچێت، خۆشەویستییەكەی هێندە مەزنە جێی دەگرێتەوە، سۆزی ناستینكا هەتا سەر دەبێ و شایەنی خۆشەویستیی كوڕیژگە دەبێ. ناستینكا گوتبووی كەواتە ها دەستم بگرە. كوڕیژگە بە هەنسكەوە هاوار دەكات ناستینكا، ناستینكا، ئەو پێی دەڵێ، بەسە بەسە، هەموو شتێك گوترا، من بەختیارم و تۆیش بەختیاری، تۆ بەیانی وەرە لای نەنكم و ژوورەكەمان لێ بە كرێ بگرە. نەنكیشم دەیەوێ بە كوڕێكی گەنجی بدات، لێی دەپرسم داپیرە بۆچی بە كەسێكی گەنجی دەدەی، دەڵێ: "وا باشترە، ناستینكا وا هەست نەكەی من دەمەوێ بە شووت بدەم!" ناستینكا لەگەڵ كوڕیژگە دەست لەناو دەست بە شەقامەكاندا دەسووڕانەوە، ناستینكا كوڕیژگەی لە باوەش دەگرت و خۆی پێوە دەلكاند، گەیشتنەوە كن كورسییەكەی ڕەخی جۆگەی لای ماڵی كوڕیژگە، ناستینكا لە جێی خۆی چەقی و سێبەری لاوێ دەركەوت، گوتی ناستینكا، بانگی ناستینكای كرد، كوڕیژگە پرسی ئەم پیاوە كێیە، گوتی ئەوە. 
ئای لەو قیژە ئەهریمەنییەی ناستینكا، خۆی لە دەستیی كوڕیژگە ڕاپسكاند و وەك گولـەی وێڵ بەرەو پیلی چوو! لە باوەشی گرت و ماچی كرد، دەستی كاورای ڕاكێشا و كوڕیژگەیش لە جێی خۆی وشك بووبوو، بە چاو بەڕێی كردن.
بەیانییەكەی نامەیەك دەخرێتە شوێنی پۆستەی ماڵی كوڕیژگە و پاڕانەوە و داوای بوورینی ناستینكایە، وەك هەمیشە ژن قەڵغانی بەرگری زۆرە، بیانووی تەواو نابێت، خۆپەرستیی مرۆڤ كۆتایی نایەت. داوا لە كوڕیژگە دەكات بیبەخشێت و خۆشی بوێ و یادی بكات!
شەوە سپییەكان، چیڕۆكی بە دەردی مامۆستا جەلال تەقی نووسیویەتی دەستەێیڤسكی (جەلال تەقی چووەتە ژێر دلۆڤانی خودا)، ئێستە ئەو نووسەرە بە ناوی (دۆستۆیڤسكی) بەناوبانگە، مامۆستا جەلال تەقی لە ڕووسییەوە (شەوە سپییەكان)ی وەریگێڕاوەتە سەر زوانی كوردی، بە ئەمانەتەوە چەندان خاڵی گرنگیی وەك سپاردە و ئەزموونی وەرگێڕان، لە پەراوێز خستوون. بە داخەوە هەڵەی ڕێنووسی و زوانەوانیی زۆر لەم چاپەی دووەمدا هەیە، دەكرا دەزگەی جەمال عیرفان بیخەنە سەر ڕێنووسی ئێستە و ڕێكی بخەن، بەڵام ڕەنگە وەك ڕێزێك بۆ وەرگێڕ، دەسكاری وەرگێڕانەكەیان نەكردووە و وەك خۆی وەشان كراوە.

ژێدەر/ شەوە سپییەكان، دەستەێیڤسكی، جەلال تەقی، چاپی دووەم، ٢٠١٧ چاپخانەی تاران، دەزگەی جەمال عیرفان، ناوەندی توێژینەوەی ئەدەبیی عەبدوڕەحمان زەبیحی.



PM:12:16:11/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌