سه‌ربه‌ست قادر
توندوتیژی مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه، به‌ڵام به مه‌به‌ست وشه‌ی ڕاگه‌یاندنم زه‌ق كرده‌وه و پێشم خست، چونكه ده‌مه‌وێ باس له توندوتیژی و كاریگه‌ریی ڕاگه‌یاندن بكه‌م له‌سه‌ری.
وه‌ك چۆن توندوتیژی مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه، به‌هه‌مانشێوه ڕاگه‌یاندنیش پێشینه‌یه‌كی دوور و دێژ و نه‌زانراوی هه‌یه.
ئه‌وه‌ی هه‌یه ڕاگه‌یاندن به‌درێژایی مێژوو كاریگه‌ر و شوێنپه‌نجه‌ی به ژیار و ژیانی خه‌ڵكه‌وه دیار بووه، به‌ڵام وه‌ك كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌دان به توندوتیژی و فره‌لایه‌نكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی، ڕه‌نگه مێژووه‌كه‌ی زۆر كۆن نه‌بێت. كه ده‌ڵێم زۆر كۆن نه‌بێت، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه سنووری ڕاگه‌یاندن له كۆندا دیاركراو بووه و نه‌یتوانیوه به‌و مانا و هێزه‌ی ئێسته‌یه‌وه كار بكاته سه‌ر ڕووداوه‌كان. به‌ڵام به‌پێی سه‌رده‌م و كات و ئامرازی سه‌رده‌م، ڕاگه‌یاندن به‌درێژایی مێژووی به‌كارهێنانی كاریگه‌ر و ڕێخۆشكه‌ر بووه بۆ په‌ره‌سه‌ندن و ته‌شه‌نه‌كردنی ئاگری ئاشووب و ئاژاوه مرۆییه‌كان.
ئه‌م كاریگه‌رییه به ئاستێك گه‌یشتووه، چه‌ندان گه‌ل و میله‌ت و تیره و هۆز و بنه‌ماڵه ڕه‌نگه به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێكی هه‌ڵه یان چه‌واشه‌كاریی و هاندانی ده‌وروبه‌ر، ته‌نانه‌ت زۆرجار وه‌ك ڕاگه‌یاندنی ڕووخێنه‌ر له ڕووداوه‌كاندا ڕۆڵ ده‌گێڕن، تیاچوون و كۆتایان پێ هاتووه.
توندوتیژی ئه‌وكاته به‌ته‌واوی له‌رزهێنه‌ر و ترسناك ده‌بێ كه ببێت به مۆركی كه‌سایه‌تی، خووی كۆمه‌ڵایه‌تی، دیارده‌یه‌كی باو یاخۆ ببێت به بیروباوه‌ڕ و له خوێن و ده‌ماری مرۆڤدا بچه‌سپێت. بۆیه مه‌به‌ستمه له چه‌ند وتارێكدا كاریگه‌ریی ڕاگه‌یاندن له‌سه‌ر بابه‌تی توندوتیژی و سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌سه‌ندنی بخه‌مه ڕوو، له ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ته‌شه‌نه‌كردنه فراوانه‌ی ته‌واوی جۆره‌كانی توندوتیژی له ئێسته‌ی كوردستاندا كه ڕۆژ دوای ڕۆژ گوێبیستی كاره‌سات و خراپه‌كاری و جۆری نوێی تاوان ده‌بین، تا ئه‌و ئاسته‌ی مرۆڤ له بیستنی هه‌ندێكیان تووشی سه‌رسوڕمان ده‌بێت.
به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م زنجیره وتاره تایبه‌ت ده‌كه‌م به كاریگه‌ری ڕاگه‌یاندن له‌سه‌ر په‌روه‌رده و بیر و هزری منداڵ و قۆناغی منداڵی، به‌و پێیه‌ی كاریگه‌ری ڕاگه‌یاندن به تایبه‌ت له‌مڕۆدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌رچاوی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و قۆناغه‌ی په‌روه‌رده، هه‌مان قۆناغیشه كه كه‌سایه‌تیی له‌سه‌ر بنیاد ده‌نرێ، بۆیه هه‌ركاتێك په‌روه‌رده له‌و قۆناغه‌دا نه‌گه‌یشته ئاستی پێویست و منداڵ چاره‌نووسی درایه ده‌ست ته‌كنه‌لۆجیا و داهێنراوه نوێیه‌كان، هاوسه‌نگی تێكده‌چێت و كه‌سایه‌تییه‌كی له‌رزۆكی لێ بنیاد ده‌نرێت.
به‌و پێیه‌ی ڕه‌وشی ڕاگه‌یاندن له‌مڕۆی كوردستاندا له‌وپه‌ڕی ناپه‌روه‌رده‌ی و دوور له یاسا و ڕێسا كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی و كولتووری و ته‌نانه‌ت هه‌سته ژیرییه‌كانیشه، گومانی تێدا نییه كاریگه‌ر و ڕێخۆشكه‌رێكی گه‌وره و به‌رفراوانه له‌سه‌ر په‌روه‌رده و كه‌سایه‌تی منداڵ، به‌تایبه‌ت له یه‌كه‌مین شه‌ش ساڵی ته‌مه‌ندا، وه‌ك ده‌زانین ئه‌و شه‌ش ساڵه‌ی ته‌مه‌نی منداڵ له ماڵه‌وه و له‌ژێر چاودێری دایك و باوكدا په‌روه‌رده ده‌كرێت، به‌ڵام به‌هۆی پشتبه‌ستنی ته‌واوی دایك و باوك به تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕاگه‌یاندن به بیستراو و بینراوه‌وه، كه‌مترین كات ته‌رخان ده‌كه‌ن بۆ منداڵ و په‌روه‌رده‌كردنی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست. ماوه‌ته‌وه سه‌رباری ئه‌مه و دیارده‌ی سه‌رسوڕهێنه‌رتر و ترسناكتر له‌مه، خێزانه‌كان به‌تایبه‌ت دایك و باوك بۆ پشوودانی خۆیان و كه‌متر سه‌رقاڵبوون به ڕێنیشاندان و په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كانیانه‌وه، په‌نا ده‌به‌نه به‌ر سوودوه‌رگرتن له ڕاگه‌یاندن و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی.
بێگومان هه‌ریه‌ك له‌مانه وه‌ك كورد ده‌ڵێت (ماری ژێر كا)ن. ڕه‌نگه كاریگه‌رییان به ڕۆژ و دوو ڕۆژ ده‌رنه‌كه‌وێت و بۆ ساته‌كانی سه‌ره‌تای منداڵ ئاسایی و شادیهاوه‌ر بێت، پاش ماوه‌یه‌ك ده‌بینین ئه‌و منداڵانه ده‌یان خووڕه‌وشت و دیارده‌ی قێزه‌ون فێر ده‌بن و ده‌بنه خاوه‌ن په‌روه‌رده‌یه‌كی فشۆڵی نائاسایی، چونكه ڕاگه‌یاندن به‌شێوه‌یه‌كی هێمن و له‌سه‌رخۆ به‌نجی مێشك و هه‌ست و كه‌سایه‌تی مرۆڤ ده‌كات و پێویستی به زۆرلێكردن و یاسا به‌ندكردن نییه.
ئێسته كه ڕۆژگاری پێشكه‌وتن و داهێنانه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانه، مرۆڤی كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تایی و تازه پێگه‌یشتووه‌كان نائاگایانه مامه‌ڵه و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌دا، به‌تایبه‌ت داهێنانی ئامێره‌كانی ڕاگه‌یاندن و به‌رفراوانبوونی كاری ڕاگه‌یاندن و خۆهه‌ڵقورتاندنی له هه‌موو كایه پێوه‌سته‌كاندا، ته‌نانه‌ت به ناخ و دڵ و ده‌روونی مرۆڤیشه‌وه، وای كردووه ڕێژه‌ی توندوتیژی ڕۆژ دوای ڕۆژ له به‌رزبوونه‌وه و هه‌ڵكشاندا بێت.
دیاره ڕاگه‌یاندنی ئه‌مڕۆ به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی له كوردستاندا ده‌بینرێ، چه‌ند هێنده‌ی بواره په‌روه‌رده‌یی و ڕه‌وشتییه‌كان ڕاگه‌یاندنێكی تێكده‌ری ڕووخێنه‌ره، له‌لایه‌كی تره‌وه تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی كه ته‌نیا ئه‌مانه به‌سن بۆ ته‌فروتوناكردنی هه‌رچی ڕه‌وشت و په‌روه‌رده و كولتوور و داونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌كی سانا و ساكار و بێ هیچ چاودێری و فلته‌رێك له‌ژێر ده‌ستی منداڵدان و ڕۆژانه منداڵی كورد چه‌ندان سه‌عات به‌دیار یاریی ئه‌لیكترۆنی، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌له‌ڤزیۆن و ئامێری تر به‌سه‌ر ده‌بات، به‌شی زۆری ئه‌وه‌ی لێیانه‌وه ده‌یبینێت بابه‌تی توندوتیژی و ترسناك و وێرانكه‌رن.
هه‌ر له كاری جادوویی بگره تا ده‌گاته فیلم كارتۆنی گه‌ردوونی و چه‌كی پێشكه‌وتوو و فیلمی ترسناك و خوێن و كوشتن، به‌كارهێنانی ده‌یان جۆری چه‌ك و چه‌قۆ و ئامێری شه‌ڕكردن جگه له بیستن، ئه‌زبه‌ركردنی چه‌ندان وشه و ده‌سته‌واژه‌ی ناجۆر و نه‌شیاو كه وا له منداڵ ده‌كه‌ن هه‌ر له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نیه‌وه بێئاگایانه بكه‌وێته ژێر كاریگه‌ری بیرۆكه‌ی توندوتیژییه‌وه، جا ئه‌م توندوتیژییه ئه‌گه‌ر له قۆناغه‌كانی دواتری ته‌مه‌نیدا ژینگه‌ی له‌بار و گونجاوی بۆ ڕه‌خسا كه له ئێسته‌ی كوردستاندا زۆر ڕه‌خساوه، ئه‌وا ده‌بێته ئاشووب و به‌ڵایه‌كی گه‌وره و له داهاتوودا پێش هه‌موو كه‌س به‌رۆكی خێزان و كۆمه‌ڵگه ده‌گرێته‌وه.
ئه‌و خێزان و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی بۆ خۆیان تۆوی توندوتیژی و داڕووخانی كه‌سایه‌تییان له هه‌ناوی نه‌وه‌كانی داهاتوودا چاندووه، بۆیه هه‌رگیز نابێ مرۆڤی كورد له بیستن و بینینی ئه‌و هه‌موو هه‌واڵه خه‌مهێنه‌رانه سه‌راسێ نه‌یگرێ، كه ڕۆژ نییه هه‌واڵی كوشتن، خۆسووتاندن، خۆخنكاندن، فڕێدان، ده‌ستدرێژی سێكسی، جیابوونه‌وه و ده‌یان كاره‌ساتی تر نه‌بیستین.
سه‌یر له‌وه‌دایه كۆمه‌ڵگه و تاكه‌كانی به زمان وشیارین و ئاگادارین له كاریگه‌ریی و ترسناكی ڕاگه‌یاندن و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كان و به هۆكاری هه‌موو ئه‌و مه‌رگه‌سات و كاره‌ساته‌یان ناو ده‌به‌ن، كه‌چی به‌هزر هێشتا مه‌له‌ی بێ ئاگایی له‌ناو ده‌ریای بێ بن و خنكێنه‌ری هه‌مان سۆشیال میدیا و ڕاگه‌یاندنه‌كاندا ده‌كه‌ین.