(په‌روه‌رده به‌نموونه)
سه‌ربه‌ست قادر
وه‌ك چۆن هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ به‌ندن به بڕبڕه‌ی پشته‌وه و تا ڕێك ڕاوه‌ستاوی بڕبڕه هه‌موو ئه‌ندامه‌كان قیت و قنج ده‌وه‌ستن، ئاوا تاك، خێزان، كۆمه‌ڵگه و مرۆڤایه‌تی پێوه‌ستن به په‌روه‌رده‌وه.
په‌روه‌رده شاده‌مار و دڵی پێشكه‌وتن و سه‌قامگیرییه، بنه‌مای به‌رهه‌مهێنانی ڕۆشنبیری و بووژانه‌وه‌یه، بۆیه ناكرێ و نابێ هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك یان ده‌وڵه‌تێك به‌بێ بوونی په‌روه‌رده‌یه‌كی بنیاتنه‌رانه‌ی پێگه‌یه‌نه‌ر، دابمه‌زرێ و به‌رده‌وامی به مانه‌وه و گه‌شه‌كردن بدات. ئه‌مه وای كردووه له هه‌موو دنیادا په‌روه‌رده بایه‌خێكی گرنگ و به‌رچاوی پێ بدرێت و به‌چاوی ڕووناككهرهوهی داهاتوو تێی بڕوانرێت.
وه‌ك ده‌بینین هه‌موو وڵاتان یه‌كێك له زه‌به‌لاحترین وه‌زاره‌ته‌كانیان وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یه، چونكه لای هه‌مووان ئاشكرایه كه په‌روه‌رده واته جیهانبینی، ڕۆشنبیری، ئازادی، خۆشگوزه‌رانی و گه‌شه و پێگه‌یشتوویی. له‌مه‌ش گرنگتر له زۆر له وڵاتانی پێشكه‌وتوودا په‌روه‌رده جگه له‌وه‌ی له وه‌زاره‌ته هه‌ره باڵاكانه، مووچه‌ی په‌روه‌رده‌كارانیش له سه‌رووی هه‌موو مووچهكانهوهیه، چونكه ئه‌وان له په‌روه‌رده‌ی ڕاسته‌قینه و ئه‌ركه‌كانی به‌رانبه‌ر به تاك و كۆمه‌ڵگه تێده‌گه‌ن.
ناوی ئه‌م وه‌زاره‌ته له كوردستاندا به‌هۆی (و)ی لێكده‌ره‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه به (فێركردن)، واته كاری ئه‌م وه‌زاره‌ته بریتییه له (په‌روه‌رده و فێركردن)، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی په‌روه‌رده پێش فێركردنه، لێره‌دا ده‌بێ زۆر به رژدی بپرسین ئایا ڕاسته له كوردستاندا په‌روه‌رده پێش فێركردنه؟
هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر به‌درێژایی مێژووی ئه‌م وه‌زاره‌ته بگه‌ڕێی بۆ چركه‌یه‌كیش ئه‌م وه‌زاره‌ته په‌روه‌رده نه‌بووه، ئه‌وه‌ی هه‌یه و بووه ده‌كرێ ناوی بنێین وه‌زاره‌تی فێركردن، چونكه هیچ فڕێكی به په‌روه‌رده‌وه نییه. خۆ ئه‌گه‌ر ده‌گوترێ وا نییه؟ كێ پێی خۆشه به‌درێژایی ساڵانی كاركردنی ئه‌م وه‌زاره‌ته ته‌نیا وانه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی بدۆزێته‌وه له پێڕه‌و و پرۆگرامه‌كانی خوێندنی كوردستاندا به‌هه‌موو ئاست و قۆناغه‌كانیه‌وه.
ئێمه له كاتێكدا ده‌ڵێین وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و له‌سه‌ر به‌رگی په‌رتووكه‌كان ده‌نووسرێت په‌روه‌رده و فێركردن، پێویسته وانه‌كانی خوێندنی خوێندكار به‌پێی قۆناغه‌كانی خوێندن و به‌پێی ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی تێیدایه، بئاخنرێ به وانه‌ی په‌روه‌رده‌یی. واته هیچ نه‌بێت له هه‌موو 10 بابه‌ت، لای كه‌می چواری په‌روه‌رده‌یی بێت، چونكه تاك هێنده‌ی پێویستی به په‌روه‌رده‌یه به‌پێی گه‌وره‌بوون و هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و لاشه‌ی، ئه‌وه‌نده پێویستی به‌و هه‌موو زانسته وشكه سواوه نییه.
ئه‌وه په‌روه‌رده‌یه ده‌توانێ تاك پێ بگه‌یه‌نێت، كۆمه‌ڵگه دروست بكات و پێش بخات و مرۆڤی ڕۆشنبیر دروست بكات، نه‌ك ئه‌و هه‌موو وانه و بابه‌ته سواوه كۆنه بێ كه‌ڵكانه‌ی ساڵه‌هایه له كوردستاندا وه‌ك تووتی مێشك و ده‌ماغی منداڵه‌كانی پێ ده‌ئاخنرێت و ده‌گوترێته‌وه و جگه له فێربوونی خوێندنه‌وه و نووسین، نه‌توانراوه تاكێكی ڕاسته‌قینه‌ی داهێنه‌ری پێ په‌روه‌رده بكرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵكه‌وتبێ ساڵێك له ساڵان كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێك له كوردستاندا له‌ڕێی ئه‌و پێڕه‌و و پرۆگرامه دووباره و چه‌ند باره‌یه‌وه بووبن به خاوه‌ن بیرۆكه و توانای داهێنانیان هه‌بووبێت، گومانی تێدا نییه نه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و نه حكوومه‌تیش نه‌یانتوانیوه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ بڕه‌خسێنن یه‌ك له سه‌دی ئه‌وه‌ی فێری بووه بیخاته خزمه‌ت كۆمه‌ڵگه و مرۆڤایه‌تی.
له سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌وه، په‌روه‌رده تا ئێسته‌یش نه‌یتوانیوه ئاشته‌وایی بخاته نێوان مامۆستا و خوێندكار، نه‌یتوانیوه تاك و خێزان له‌و هه‌موو گرفته ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆییانه بپارێزێت كه ڕۆژانه ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه و وه‌ك نه‌زان به‌رانبه‌ری ده‌وه‌ستن و مامه‌ڵه‌یه‌كی نادروستی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن.
په‌روه‌رده هێشتا نه‌یتوانیوه ئه‌و قۆناغه ببڕێت كه ئه‌ركی دروستكردنی تاك، وشیاری، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی، گه‌شه و ده‌یان ده‌رد و گرفتی تری پێ بسپێردرێت، كه به‌هه‌موویانه‌وه به‌رده‌وام به‌رۆكی كۆمه‌ڵگه‌یان گرتووه و به‌ره‌و داڕمان و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانی ده‌به‌ن.
گرنگه پێش كۆتایی ئه‌م بابه‌ته قسه له‌سه‌ر خاڵێك بكه‌م، ئه‌ویش په‌روه‌رده و ڕۆڵی خراپی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌یه له نابووتكردنی زمانی دایكدا.
هه‌ر به ڕاستی جێی سه‌رسوڕمان و داخه، وه‌زاره‌تێك كه له جومگه سه‌ره‌كییه‌كانی پێكهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌موكوڕی و خراپییهكانیدا، به‌و ئاسته خه‌ریكی نابووتكردن و ناشیرینكردنی زمانی دایك بێت، تا وه‌ك نه‌یتوانیوه له ڕێی په‌روه‌رده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه تاكێكی به‌هێزی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و بڕیار و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی دروست بكات، ئاواش ساڵانه به به‌رچاوی ده‌یان هه‌زار مامۆستا و خوێندكار و هاووڵاتیی كوردزمانه‌وه هه‌ڵده‌كوتێته سه‌ر زمانه‌كه‌ی خۆی، كه ئێسته ده‌توانین بڵێین تاكه ناسنامه‌یه به كوردی مابێته‌وه.
هیچ جێی سه‌رسوڕمان و لهخۆدامان نییه كه ده‌بینین ساڵانه چه‌ندان بڕیاری دژ به زمانی كوردی له‌لایه‌ن ئه‌م وه‌زاره‌ته‌وه ده‌رده‌كرێت، كه ئه‌وه‌ی خزمه‌ت بێت به‌تاك و كۆمه‌ڵگه و زمان و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی ناكات، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه به‌هه‌موویانه‌وه ده‌چنه چوارچێوه‌ی ئاسانكاری و ده‌بنه ڕێخۆشكه‌ر تا هه‌ر كه‌س بیه‌وێ به‌وپه‌ڕی نه‌زانییه‌وه تانه و ته‌شه‌ر له زمانه‌كه‌ی خۆی بدات و ته‌نانه‌ت پێشی عه‌یب بێت به‌راوردی بكات به زمانه‌كانی دراوسێی یان هه‌ر زمانێكی جیهانی.
وه‌ك له‌م چه‌ند ساڵه‌دا به‌رچاومان كه‌وت، چه‌ندان بڕیاری وه‌ك به ئینگلیزیكردنی پێڕه‌و و پرۆگرامه‌كانی خوێندنی ئاستی سه‌ره‌تایی و سه‌رپشكی له هه‌ژماركردنی نمره‌ی وانه‌ی كوردی بۆ به‌شه زانستییه‌كان و.. تد. جگه له دووباره و چه‌ندباره‌بوونه‌وه‌ی ده‌یان هه‌ڵه‌ی ڕێنووس و داڕشتن و.. تد له دانانی پرسیاره‌كاندا به‌تایبه‌ت له تاقیكردنه‌وه‌كانی ئه‌مساڵ كه ته‌نیا له تاقیكردنه‌وه‌ی زمانی كوردیدا له‌و 50 پرسیاره‌ی دانرابوو، ده‌یان هه‌ڵه‌ی ڕێنووس و داڕشتن و ته‌نانه‌ت زانستی زمانه‌وانی به‌رچاو ده‌كه‌وتن، له هه‌موویشی خراپتر وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و لیژنه‌كانی دانانی پرسیار خۆیان له‌و هه‌ڵانه بوارد وه‌ك ئه‌وه‌ی نه بایان دیبێ و نه بۆران.
وا ده‌رده‌كه‌وێ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده منداڵی كوردی به مشكی تاقیگه هاتبێته پێش چاو، بۆیه هه‌ر ماوه نا ماوه‌یه‌ك جۆره سیستم و پێڕه‌وێكی به‌سه‌ردا تاقی ده‌كاته‌وه و بێ به‌ده‌سته‌وه‌دانی هیچ ئه‌نجامێك دوای ماوه‌یه‌ك پاشه‌كشه‌ی لێ ده‌كات و ده‌چێته خزمه‌ت تاقیكردنه‌وه‌ی سیستمێكی تر. ئه‌مه‌یه سیاسه‌تی پێڕه‌وكراوی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بۆ نابووتكردنی زمانی كوردی و لاوازكردنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌ری.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه، ساڵانه له ده‌یان شوێنه‌وه ده‌نگی مامۆستایانی ناڕازی ده‌بیستین به‌ده‌ست ئه‌و بابه‌ته كۆن و بێ كه‌ڵكانه‌ی كه له په‌رتووكی قوتابخانه‌كاندا ده‌یان ساڵه ده‌خوێنرێن و پڕن له هه‌ڵه و كه‌موكوڕی. بێ ئاوڕلێدانه‌وه و چاككردن و به‌راوردكردنی به زانستی زمان و ڕێزمانی نوێ.
ئه‌وه‌ی سه‌یره ئه‌وه‌یه كه چۆن ده‌بێ ئه‌و لیژنانه‌ی ساڵانه به‌سه‌ر په‌رتووكی قوتابخانه‌كاندا ده‌چنه‌وه و لێی زیاد و كه‌م ده‌كه‌ن، ماوه نا ماوه‌یه‌ك به‌ناوی گۆڕینی میتۆده‌وه به‌رگی په‌رتووكه‌كان ده‌گۆڕن و هه‌مان ناوه‌ڕۆكی پڕ هه‌ڵه پێشكه‌ش به خوێندكار ده‌كه‌نه‌وه؟ ئایا ده‌كرێ تا ئه‌و ئاسته ئاگاداری ئه‌و هه‌موو گۆڕانكارییانه نه‌بن كه له زانستی زماندا هاتوونه‌ته كایه‌وه؟ یان باوه‌ڕیان به گه‌شه‌كردن و نوێبوونه‌وه‌ی زمان نییه؟ یاخۆ هه‌ر ئه‌و بابه‌ته كۆن و بێ كه‌ڵكانه به‌تاكی ئه‌م نیشتمانه ڕه‌وا ده‌بینن؟.
كه‌واته جێی خۆیه‌تی بۆ زیاتر گرنگیدان به زمانی كوردی و به‌تایبه‌ت له‌ڕێی په‌رتووكی قوتابخانه‌كانه‌وه، لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له كه‌سانی پسپۆڕ له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا هه‌ستن به دانانی پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانه‌كان تا بتوانن له‌و ڕێیه‌وه ئه‌و هه‌موو دژیه‌كییه‌ی له نێوان خوێندنی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵادا له قۆناغه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كاندا هه‌ن، كه‌می بكه‌نه‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆ داڕێژراو بیانگونجێنن.