نابووتكردنی زمانی دایك

AM:09:40:04/08/2019 ‌

(نووسەر و دەزگەكانی چاپ بەنموونە)
 بەشی چوارەم

زمان لە ئەگەرە چەسپاوەكانی ژیانكردنە، پێوەست و بەندە بە كۆمەڵگەوە، وەك كۆمەڵگەیش پێوەست و بەندە بە زمانەوە. ئەم هاوكێشە تێهەڵكێشە وا لە زمان دەكات هەمیشە لە بەردەم كارلێك و كارتێكردندا بێت. زمان لەگەڵ ژیانی مرۆڤدا دەژی، بەو هۆیەی پێوەستە بە ژیانی مرۆڤەوە و بوون و مردنیشی پێوەستە بە بوون و گەشەكردن و ژیانی مرۆڤەوە.

لە سێ وتاری ڕابردوودا لەسەر هەندێك لە كارتێكەرەكانی زمان دواین. لەم بەشی چوارەمەدا باس لە كاریگەری و كارلێكی نووسەر و دەزگەكانی چاپ دەكەین لەگەڵ زماندا.

نووسەر و دەزگەكانی چاپ وەك هەریەك لە پەروەردە، ڕاگەیاندن…. تد، كارتێكەر و كاریگەرن بەسەر زمانەوە. نووسەر پێش هەموو شتێك دوای داڕشتنی هەر بیرۆكەیەك لەگەڵ زماندا هەڵسوكەوت دەكات، كارلێك و یاریی لەگەڵ دانە دانەی وشە و دەستەواژە و ڕستەكانی زماندا دەكات. بۆیە وا پێویست دەكات نووسەر چەندە لەو بوارەی كاری تێدا دەكات شارەزایە، لەوە زیاتر لە زمان و كایە پێوەست و پێوەندیدارەكان بە زمانەوە شارەزا بێت، چونكە كاریگەرترین ئامراز بەدەست نووسەرەوە زمانە، بۆ ئەوەی بتوانێ بەوپەڕی توانا و سەلیقەوە بیرۆكەكانی بگەیەنێتە خوێنەر.

جیا لە نووسەر، وەرگێڕ زیاتر لەهەر كەسێك كاریان بە زمان دەبێت و لەسەریان پێویستە شارەزای كونج و كەلەبەرەكانی زمانی ئەو بابەتە بن كە وەریدەگێڕن یان ئەو زمانەی بۆی وەردەگێڕن.

زمانی نووسەر و وەرگێڕ هەندێك جار دەبێتە بنەما و كۆڵەكەی زمانی گەل، دیالێكتیك یان شێوەزارێك دەكاتە زمانی نەتەوە، دەیكاتە ڕاستە شەقامی ڕووناكی نەوەكانی دوای خۆی، تا پێڕەوی لێ بكەن و لەسەری بڕۆن. ئەم كاریگەری و كارلێككردنە لە نووسەر و وەرگێڕێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگۆڕێت.

هەیانە دەبنە چرا و كونجە تاریكەكانی زمان ڕووناك دەكەنەوە، هەیشیانە دەبنە بەڵا و وەك ژەهر ڕۆ دەچنە قوڕگی زمان و نەتەوەوە. ئێمەی نەتەوەی كورد كە خاوەنی یەك لە زمانە خاوێنەكانی ئێستەی دنیاین، وردە وردە نووسەر و وەرگێڕ و دەزگەكانی چاپمان لە جیاتی خزمەتكردن بە زمان و كولتوور و نەتەوە، خەریكە دەبنە خۆركە و زمانی كوردی بەرەو نابووتكردن دەبەن.

بەشێك لە نووسەر و وەرگێڕەكان زمانێك بەكار دێنن هەرچەندە كوردییە، بەڵام هەر زمانەكە خۆی پێویستی بە شیكردنەوە و وەرگێڕانێكی دووبارە هەیە، ئاخر هێندە بە ناشارەزایی و بێ سەلیقە زمان بەكار دێنن، هیچ چێژ و تەزوویەك بە خوێنەر نابەخشن. یا ئەو زمانەی پێی دەنووسن یان وەردەگێڕن، هێندە بارگاوییە بە زمانی بێگانە، بە ئاسانی مێشك و دەروونی خوێنەر سووكنایی نایە لێیان و خوێنەر ناگەیەننە قووڵایی واتا، تا بتوانێ پێ بەپێ لەگەڵ هزر و بیری نووسەردا بڕوات و خەیاڵەكانی تێكەڵ بە خەیاڵی نووسەر بكات.

دیارە ڕۆڵی دەزگەكانی چاپیش كەمتر نییە لە نووسەر و وەرگێڕ، ئەوانیش بەشبەحاڵی خۆیان كاریگەری و قورساییان هەیە بەسەر زمانەوە. هەرچەندە ئەمان بەپێی كاری تایبەتی خۆیان وا دەردەكەوێت كەمتر لە نووسەر و وەرگێڕەكان سەروكاریان لەگەڵ زماندا بێت، بەڵام نابێ ئەوە لەیاد بكەین كە زۆر لە دەزگەكانی چاپ بەهەمانشێوەی نووسەر خاوەن كۆمەڵێك تایبەتمەندی و یاسا و ڕێسای خویانن، كە هەندێك جار نووسینی نووسەر و وەرگێڕەكانیش دەستكاری دەكەن و دەیانخەنە سەر ڕێنووس و ڕێبازی تایبەت بە خۆیان، جا مەرج نییە ئەو كارەی دەزگەكانی چاپ دەیكەن هەوڵدان بێت بۆ خزمەتی ڕێنووس و زمانەكە، بەڵكو زۆرجار تەنیا لەپێناو جیاكاری و جێبەجێكردنی سیاسەتی تایبەت بە دەزگەكەیاندا ئەم كارانە دەكەن. بەم كارەش دەبنە بارگرانییەكی ناقۆڵا بەسەر زمانەكەوە.

بیهێنە پێش چاوی خۆت ئەگەر نووسەرێك بەو جۆرەی باس كرا بنووسێت یان وەربگێڕێت و دەزگەیەكیش بەو شێوەی خۆی پێی خۆشە نووسراوەكەی بۆ چاپ بكات، دەبێ چ كارەساتێكی نازانستی و ناشیرینكەر بخەنە بازاڕ و كتێبخانەی كوردییەوە. خوێنەرێكی رژد و ورد دەتوانێ بە ئاسانی لە كتێبخانەی كوردیدا دەیان كتێبی چاپكراوی لەم جۆرە دەسنیشان بكات، كە هەر ئەمانەن دەبنە هۆكارێك بۆ نابووتكردنی زمان و وا دەكەن خوێنەر بەوپەڕی بێ متمانەیی و گرنگی پێنەدانەوە پشت لە خوێندنەوەی زۆر لە كتێبەكان بكەن.

هەر هەمان ئەو هۆكارانە وا دەكەن زۆر كەس بە نەزانیی متمانەی بە زمانەكەی خۆیشی نەمێنێت، چونكە پێی وایە زمانەكەی هێندە هەژار و لاوازە لە ئاستی بەرجەستەكردنی بیر و هزری نووسەر یان وەرگێڕەكاندا نییە، بۆیە بەو شێوە بەربڵاوە پەنا بۆ بەكارهێنانی وشە و دەستەواژەی بیانی دەبەن.

لێرەوە ڕۆڵی وەزارەتەكانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و ڕۆشنبیری دەست پێ دەكات، بەوەی پێویستە خاوەن دەستە و دامەزراوەی تایبەت بە كاروباری چاپ و زمان و ڕێنووس بن، تا ئەوەی هەر كەس و دەزگەیەك بە ئارەزووی خۆی دەست لە كاری نووسین و وەرگێڕان و چاپ نەدات، چونكە هەریەك لەم كارانە سواری تایبەتی خۆی پێویستە. وەك ناكرێ هەر كەس پێنووسی بەدەستەوە گرت كوێرانە بكەوێتە شێلان و شپرزەكردنی هەرچی دەكەوێتە بەردەستی.

دەزگەكانی چاپیش پێویستە سنوورێكیان بۆ دابنرێت بۆ كاری چاپەمەنی تا نەتوانن لەپێناو بەرژەوەندی دارایی خۆیان هەرچییان بەردەست كەوت، بەپەلە چاپی بكەن و وەك ژەهرێك بەناو زمان و بیری تاكەكانی كۆمەڵگەدا بڵاوی بكەنەوە.