ئیسلام و بیری توندڕۆیی

AM:10:20:09/09/2018 ‌
سەربەست قادر

ئیسلام كۆتا ئاین و بەرنامەی ئاسمانی، كۆكراوە و تەواوكەری ئاینەكانی پێش خۆی. ئیسلام وەك ئاین و بەرنامەیەكی خوایی بۆ مرۆڤ هاتووەتە ناردن تا هۆكار بێت بۆ ڕزگاركردنی لە كۆیلایەتی بەهەموو جۆرەكانیەوە، بۆ بەرپاكردنی ئاشتی و سەپاندنی داد و یەكسانی، تا ئەوەی مرۆڤ سوودی لێ وەربگرێت بۆ كاری چاكسازی لە هەموو بوارەكانی بیروباوەڕ و كاروباری كۆمەڵایەتی مافی مرۆڤ.
توندڕۆیی كردارێكی دزێو و یاساغە و لە ڕوانگەی ئاینەوە هەمیشە دووپات لە لێدووركەوتنەوەی كراوە. بە هەوێن و هۆكاری دەیان گیروگرفتی مرۆیی دادەنرێت. هەمیشە سەرجەم یاسا ئاسمانی و زەوینییەكان بانگەشەی ڕیشەكێشكردنی دەكەن.
توندڕۆیی مێژوویەكی دیاریكراوی نییە و پێوەست نییە بە ئاین و بیروباوەڕ و كۆمەڵگە و كەسایەتییەكی تایبەتەوە، بەڵكو كردەیەكی پێوەست بە مرۆڤە و لەگەڵ گەشەی مرۆڤدا گەشە دەكات، ئەگەر بەری پێ نەگیرێ و دەستەمۆ نەكرێ، كارەساتی گەورەی مرۆیی و ژینگەی دەخوڵقێنێت.
لە سەرەكیترین ئەركی ئاینە ئاسمانییەكان و یاسا مرۆیییەكان، بەرگرتنە لە كوشتار و چەوساندنەوە و خراپەكاری و دەستەبەری ئازادی و دادپەروەری و دووركەوتنەوە لە هەر ڕەفتارێكی وا كە زیان بە بەرژەوەندییەكانی مرۆڤ و گیانلەبەرانی تر بگەیەنێت، بۆیە هەمیشە ئاین و یاسا مرۆیییەكان دووپات لەسەر یەكسانی مرۆڤ و دووركەوتنەوە لە بەكۆیلەكردن و ئەشكەنجەدانی ناڕەوا دەكەنەوە.
توندڕۆیی بەهەموو جۆرەكانیەوە ئەوكاتە بە یەكجاری دەبێت بە كردەوەیەكی ترسناك و وێرانكەر، كە تێكەڵ بە بیروباوەڕ و هەستی مرۆڤ بێت و مرۆڤی لەسەر گۆش و پەروەردە بكرێت. چونكە ئەوكات مرۆڤ هەموو كارێك دەكات لەپێناو سەرخستنی بیروباوەڕەكەیدا، بێ گوێدانە هیچ بنەمایەكی ڕەوشتی و مرۆیی.
وەك لە پێشەوە ئاماژەمان پێ كرد، توندوتیژی و توندڕۆیی پێوەست نین بەهیچ ئاین و بیروباوەڕ و كۆمەڵگەیەكەوە، بۆیە بەپێی پەروەردە لە تاكێكەوە بۆ تاكێكی تر، لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی تر، لە ژینگەیەكەوە بۆ ژینگەیەكی تر و تەنانەت لە سەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی تر دەگۆڕێت.
لەلایەكی تریشەوە مەرج نییە توندوتیژی تەنیا لەڕێی ئاین و بیروباوەڕە ئاسمانی و نائاسمانییەكانەوە ڕوو بدات، بەڵكو هەندێك و بگرە زۆرجاریش سروشتی مرۆڤ یاخۆ ئەو ژینگە و بارە دەروونی و گرێ دەروونییانەی مرۆڤی لەسەر پەروەردە دەبن، هۆی هێنانە ئارای دەیان پشێوی و جەنگی گەورەن، ئەمەش لە مێژوودا بابەتێكی پشتڕاست و سەلمێنراوە.
توندڕۆیی وەك بابەتێكی ئاینی مێژوویەكی دیاریكراوی نییە، هەروەها پێوەست نەكراوە بە ئاینێك و كاتێكی دیاریكراوەوە، چونكە لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر ئاین و بیروباوەڕێكدا، بیری توندڕۆیی و ڕەگەزپەرستیش چەكەرە و گەشە دەكات و ئەوانەی بیری توندڕۆیی لە ناخیاندا دەقی گرتووە، بەسوودوەرگرتن لە كەشوهەوا ئاینییەكە بەرنامە و ڕەفتارە دزێوەكانی خۆیانی تێدا جێبەجێ دەكەن، بەم پێیەش دەبێ ددان بەو ڕاستییەدا بنێین كە توندڕۆیی یەكێك نییە لە سیما و مۆركەكانی ئاین، بەڵكو لە خوێنی مرۆڤدایە و سیفەتی هەڵگرانی ئاینەكەیە، بەمەش ئاین دەكەن بە قەڵغان و پەرژینی بیرە توندڕۆیییەكانی خۆیان.
 بیری توندڕۆیی لە گۆڕانكارییەكی بەردەوامدایە و بەپێی ئەوەی دەبینرێ و لە بەردەستدایە، لەم یەك دوو سەدە و دەیەی دواییدا، توندوتیژی بەسوودوەرگرتن لە ئاین و دەقە ئاینییەكان گەیشتووەتە لووتكە، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی ڕەوتە جیاجیاكانی ئیسلامی سیاسی كە زۆریان لە بەرژەوەندی چەند گرووپ و وڵاتێكی دیاریكراو كار دەكەن و ئاین بەتایبەت ئیسلامیان كردووەتە سەرچاوەی كارەكانیان، ئەمەش بەسوودوەرگرتن لەو دەق و یاسا و بنەمایانەی خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرن و لێكدانەوەی جۆراوجۆریان بۆ دەكرێت، كە ئەمە هۆكاری گەلێك جەنگ و كاولكارییە بەتایبەت لە ناوچە مسوڵماننشینەكاندا.
ئەم بیرە ئێستە بووەتە بیرێكی جیهانی و وەك لەكەیەك بەئاینی ئیسلامەوە نەخشی بەستووە و هۆی دووركەوتنەوەی خەڵكێكی زۆرە لەم ئاینە بەهۆی هەڵە تێگەیشتنەوە، لە كاتێكدا ئەم بیرە بیری هەڵگرانی ئاینەكەیە نەك مۆركی ئاینەكە، ئەمەش بەهۆی پێویستی و بەدەستهێنانی كۆمەڵێك بەرژەوەندی لەلایەن گرووپ و لایەنە توندڕۆكانەوە، كە سوود لە پیرۆزییە ئاینییەكان وەردەگیرێت بۆ لە خشتەبردنی چینێك لەو بڕوادارانەی گەنجن و هێشتا بیروبڕوایان بەتەواوی دانەمەزراوە و خستنەكاریان و بە كوشتدانیان لەپێناو بەرژەوەندییە دیاریكراوەكانی خۆیاندا، ئاسانترە.
بۆ ئەوەی باشتر ئاین و سەرچاوە ئاینییەكان بناسین و بیری توندڕۆیی جیا بكەینەوە لێیان و ئەوە بسەلمێنین كە ئاینە ئاسمانییەكان بەتەواوی پێچەوانەی ئەو بیرەن كە لەلایەن ئەم گرووپە توندڕۆیانەوە پێڕەو دەكرێن، چەند ئاكارێكی پێچەوانە دەخەینە ڕوو:
ـ ئاینە ئاسمانییەكان بەگشتی بانگەشەی چاكسازی كۆمەڵایەتی و یەكسانی و داد و ئازادی مرۆڤ و ئازادی بیروباوەڕ و پێشكەوتن و بەرگرتن لە كوشتار خراپەكاری دەكەن، بەڵام لە دیارترین سیماكانی گرووپە توندڕۆكان و هەڵگرانی ئەو بیروباوەڕە، كوشتاری بێسەروبەر و تێكدانی شارستانیی و دەربەدەركردن و ماڵوێرانی و بە كۆیلەكردن و ڕفاندنن كە هەموویان دژ بە بەها ئاینی و مرۆڤییەكانن.
سەرەڕای كوشتنی منداڵ و پیر و دیل و ژن و بەكارهێنانی شێوازی كوشتنی جۆراوجۆری نامرۆڤانە لە سووتاندن و سەربڕین و هەڵدێران، كە هەموویان یاساغ و قەدەغەن و سەلمێنەری ئەوەن كە بیرۆكەكان بیرۆكەی مرۆڤن نەك یاسا و ڕێسای لە ئاین وەرگیراوبن.
جێی داخە لەم چەند دەیەی دواییدا ئەم بیروباوەڕە لە ڕێی هەندێك كەسایەتی و چەند لایەن و گرووپێكەوە خزاوەتە ناو كۆمەڵگەی كوردەواری و بیروباوەڕی پوخت و ئایندۆستی گەلی كوردی خەوشدار كردووە، ئەو بیروباوەڕەی سەدان ساڵە كوردی لەسەر گۆش كراوە، ئێستە لە بەردەم مەترسییەكی گەورەی بەرەو توندوتیژی چووندایە.
مەترسییەكەش لەوكاتەدا زیاتر زەق و ترسهێنەرە كە توندڕۆیی ببێت بە كولتوور و دیاردە و لای چینی گەنج كە نەوەی داهاتوون، ببێتە كارێكی ئاسایی و نەتوانرێ بە جۆرێك وشیار بكرێنەوە كە بتوانن خۆیان لەو ڕەوت و گرووپانە بپارێزن وەك لەم چەند ساڵەدا بەرچاو دەكەوێت كە دەیان گەنج و تازە پێگەیشتووی كورد، پێوەندییان بەو گرووپە توندڕەوانەوە كردووە و زۆرینەشیان لەو پێناوەدا تێچوون و هیچ سوودێكیان بۆ بەرژەوەندی ئاینی و نەتەوایەتیش نەبووە. 
لە دیارترین سیماكانی گرووپە توندڕۆكان، دابەشبوونیانە بۆ چەندان گرووپ و لق و باڵی جیاواز و ناتەباییبوونیان پێكەوە و پێكدا هەڵشاخانیان تا ئاستی دژیەكبوونیان لە زۆر شوێن و كاتدا. جگە لە دژایەتیكردنی بیروباوەڕی پاكی باوباپیران كە هەڵقوڵاوی ئیسلامێكی ڕاستەقینە و دوور لە هەر كارێكی توندڕۆیییە.
وەك ئاشكرایە گەلی كورد یەكێكە لەو گەلە ڕۆژهەڵاتییانەی هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئیسلام بە ناوچەكەدا، ئاین و بیروباوەڕەكەی بەوپەڕی متمانە و پوختییەوە بەدوور لە هەر بەرژەوەندی و بەكارهێنانێكی لەپێناو گەیشتن بە مەرامە جۆراوجۆرەكاندا وەرگرت و كەوتە پارێزگاری و بڵاوكردنەوەی و بەوپەڕی لە خۆبردوویی و متمانەوە، خۆیان و سامانیان لە پێناودا بەخت كرد.
بەمەش دەكرێ بڵێین سەرچاوەی سەرەكی و پاكی بیری ئاینی لە نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە گوێزرایەوە كوردستان و ئیسلامێكی كوردی ڕاستەقینە هاتە ئاراوە كە ئاو درابوو بە تەبایی و پاكی و پێكەوەژیان و….تد.
هەرگیز لە مێژووی كورددا دێڕێك بەرچاو ناكەوێت كە بكرێتە بەڵگە بۆ توندوتیژبوونی كورد بەتایبەت لە لایەنی بیروباوەڕ و ئاینەوە، ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی هەموو ئەو گەل و نەتەوانەی كە لە دێرزەمانەوە لە ناوچەكەدا لەگەڵ كورددا ژیاون، تا ئێستەیشی لەگەڵدابێت بەوپەڕی ئاسوودەیی و پارێزراوییەوە دەژین و هەرگیز هیچ كۆمەڵ و نەتەوەیەكی ئاین جیاواز شكاتی حاڵی خۆی لە دەست كورد و ستەمی كورد نەكردووە، بگرە بەپێچەوانەوە هەمیشە كورد كەوتووەتە بەر تیر و كراوەتە ئامانجی بەدەستهێنانی بەرژەوەندی هێز و نەتەوە باڵاكانی ناوچەكە و زۆربەی جارەكانیش لەژێر پەردە و چارشێوی ئایندا ئەم كارە دژبە كورد كراوە.
ئەمەش بەهۆی ئەوەی زۆرینەی نەتەوە و گەلە ڕۆژهەڵاتییەكان باوەڕەكەیان بەبیری نەتەوایەتی موتوربە كردووە و لەم ڕێیەشەوە ئیسلامێكی ڕەگەزپەرستانەیان بۆ خۆیان دروست كردووە، لەڕێیەوە ڕەوایەتی ئەوەیان بەخۆیان داوە كە دەستدرێژی بكەنە سەر گەلانی ژێردەستەی وەك كورد و تەواوی ماف و ئازادییەكانیان لێ زەوت كردووە و هەموو ئەوانەی بۆ خۆیانی ڕەوا دەبینن، كەمترینیان بۆ گەلی كورد بەڕەوا نابینین.
بەپێچەوانەی ئەمانەوە، كورد بیرە نەتەوایەتییەكەی بە باوەڕێكی پاك و سادەی ئاینیی موتوربە كردووە، بۆیە هەرگیز ڕێی بەخۆی نەداوە غەدر و خیانەت لە كەس بكات و هەوڵی بەكارهێنانی ئاینی نەداوە لەپێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەكانی خۆیدا.