سه‌ربه‌ست قادر
په‌روه‌رده چه‌ندی له‌سه‌ر بگوترێ و بنووسرێ هێشتا له پێینیدایه. به‌وپێیه‌ی مرۆڤایه‌تی چه‌نده پێش بكه‌وێت و ڕۆژگاری تاریك و ڕوونی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕێت، ناتوانێ خۆی له پێویستی به په‌روه‌رده ببوێرێت.
په‌روه‌رده له‌مڕۆدا وه‌ك ئاو و خۆراك وایه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی و ڕۆژ دوای ڕۆژیش ئه‌م پێویستی و گرنگییه‌ی په‌روه‌رده له هه‌ڵكشان و زیادبووندایه.
وه‌ك به‌رچاو و ئاشكرایه له‌هه‌ر وڵاتێك په‌روه‌رده پێشكه‌وتوو بێت و گرنگی زیاتری پێ بدرێت، ئه‌وه هۆكار و نیشانه‌ی پێشكه‌وتنی ئه‌و وڵاته‌یه، چونكه په‌روه‌رده بنه‌ما و كۆڵه‌كه‌ی پێكه‌وه‌به‌ستن و بنیاتنانی تاك و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ی ئاودراوه به ڕۆشنبیری و داهێنانی سوودبه‌خش.
له وڵاتانی پێشكه‌وتوودا بودجه و سامانێكی زۆر له بواری په‌روه‌رده‌دا خه‌رج ده‌كرێت و زۆرترین گرنگی به‌م بواره ده‌درێت، چونكه ئه‌وان ده‌زانن هۆكاری هه‌موو پێشكه‌وتنه‌كان و دابینكردنی ژیانێكی ئاسووده و ژینگه‌ی پاك و دووركه‌وتنه‌وه له ئاژاوه و پێشكه‌وتنی بواره جۆراوجۆره‌كانی زانست و ڕۆشنبیری، له‌م ڕێیه‌وه ده‌بێت و به‌دواكه‌وتنی ئه‌م بواره سه‌رجه‌م ئه‌و بوارانه‌ی كه باس كران تووشی نشوستی و كه‌می ده‌بن.
لێره‌دا ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌و گرنگی پێدان و پێوه‌رانه‌ی كه باس كران باسی په‌روه‌رده بكه‌ین له كوردستاندا، ده‌بینین په‌روه‌رده له‌م وڵاته‌دا زۆر قۆناغ ماوه بیبڕێت و زۆر ته‌نگوچه‌ڵه‌مه و هه‌وراز و نشێو ماوه تێیپه‌ڕێنێت.
وه‌ك ئاماژه‌مان پێ كرد پێشكه‌وتنی ساڵ له دوای ساڵی په‌روه‌رده، نیشانه‌ی پێشكه‌وتن و زیندوویی سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ر وڵاتێكه و پێچه‌وانه‌كه‌شی ڕاسته.
ده‌ی به‌م پێیه سیستمی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم كه له‌وپه‌ڕی دواكه‌وتوویی و ناته‌واویدایه، نیشانه‌ی دواكه‌وتوویی و خراپی به‌ڕێوه‌بردنه له‌م وڵاته‌دا.
له وڵاتانی پێشكه‌وتوودا ساڵانه پێڕه‌و و به‌رنامه‌ی خوێندن هه‌میشه له نوێبوونه‌وه‌دایه و ساڵانه به‌نوێترین زانست و داهێنانه تازه‌كان پڕ ده‌كرێنه‌وه، كه‌چی لێره هه‌ر ساڵه و جۆره به‌رنامه و پێڕه‌وێك تاقی ده‌كرێنه‌وه و هیچیشیان له‌گه‌ڵ بارودۆخ و ئاستی وشیاری كۆمه‌ڵگه ناگونجێن، ئه‌مه‌ش بێ بیركردنه‌وه له ده‌رئه‌نجامی ئه‌و هه‌موو گۆڕانكارییه بێ بنه‌مایه‌ی له‌سه‌ر حیسابی زانست ده‌كرێن و ئه‌وه‌ی گرنگی پێ نادرێت له بواره‌كه‌دا لایه‌نه زانستی و ڕۆشنبیرییهكهیه، بێ‌ئاگا له ده‌رئه‌نجامه خراپه‌كانی كه له یه‌كه‌م هه‌نگاویدا خۆی له بێ شكۆكردن و به‌گرنگ سه‌یرنه‌كردنی په‌روه‌رده‌دا ده‌بینێته‌وه.
یه‌كێكی تر له هه‌ره سه‌ره‌كیترین هۆكاره‌كانی بێ شكۆكردن و نه‌هێشتنی متمانه‌ی خوێندكاران و هاووڵاتی له‌م وڵاته‌دا به‌رانبه‌ر به په‌روه‌رده، سه‌رهه‌ڵدان و دروستكردنی ئه‌و هه‌موو قوتابخانه كه‌سییه‌یه كه هه‌موویان له‌سه‌ر حیسابی هاووڵاتی بنیات ده‌نرێن و ده‌كه‌ونه كێبه‌ركێی قوتابخانه میرییه‌كان و بێگومان ده‌كه‌ونه پێشیشیه‌وه، چونكه ئه‌و خزمه‌تگوزاری و گرنگییه‌ی له‌وێ به خوێندكار ده‌درێت له قوتابخانه میرییهكاندا به‌رچاو ناكه‌وێت.
سه‌یر له‌وه‌دایه زۆرینه‌ی ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه له قوتابخانه‌كانی میریدا وانه ده‌ڵێنه‌وه و خزمه‌ت ده‌كه‌ن، له قوتابخانه كه‌سییه‌كانیشدا وانه ده‌ڵێنه‌وه، به‌ڵام به گوڕوتینێكی تره‌وه كه ئه‌گه‌ر كه‌سێك شاره‌زایان نه‌بێت، ڕه‌نگه گومانی وا ببات كه ئه‌م كه‌سانه خه‌ڵكی هه‌مان وڵات نه‌بن.
ئه‌مه‌ش هه‌مان دیارده‌یه كه له نه‌خۆشخانه و كه‌رتی ته‌ندروستیدا به‌دی ده‌كرێت، هه‌مان ئه‌و پزیشكه‌ی له نه‌خۆشخانه‌كاندا بهلالووتێكهوه وه‌ڵامی نه‌خۆش ده‌داته‌وه و له ڕۆژێكدا زیاتر له چه‌ند نه‌خۆشێك نابینێت و كه‌مترین گرنگییان پێ ده‌دات، له نۆڕینگه تایبه‌ته‌كاندا له‌به‌ر نه‌خۆش هه‌ڵده‌ستێ و وه‌ك میوانێكی زۆر به‌ڕێز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، له هه‌مان كاتیش‌دا زۆرترین ژماره‌ی نه‌خۆش ده‌بینێت!
هه‌ر ئه‌م گرنگینه‌دان و بێشكۆكردنهی په‌روه‌رده كه دوو لایه‌نه، حكوومه‌ت و مامۆستاكانیش تێیدا به‌رپرسیارن، هۆكارێكه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی بازاڕێكی بازرگانی بێسه‌روبه‌ری نرخی جۆراوجۆر كه ئه‌مانه هه‌مووی له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵك ساغ ده‌بنه‌وه.
ده‌چیته هه‌ر په‌رتووكخانه و بازاڕێك، ده‌بینیت بۆ هه‌ر وانه و بابه‌تێك ده‌یان مه‌لزه‌مه‌ی جۆراوجۆری خاوه‌ن جیاواز له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت دانراون كه جیاوازیی زۆرینه‌یان ته‌نیا له به‌رگ و ناوی دانهرهكانیاندا خۆی ده‌بینێته‌وه! ئه‌مه له كاتێكدایه بۆ هه‌موو پۆلێك په‌رتووكی تایبه‌ت هه‌یه و به‌پێی ڕێنوێنی سه‌ر به‌رگی په‌رتووكه‌كان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی پسپۆڕی بابه‌ته‌كه‌وه دانراون، كه‌واته ده‌بێ بپرسین جگه‌له به كه‌م ته‌ماشاكردنی پێڕه‌و و به‌رنامه‌ی خوێندنی قوتابخانه‌كان، چی وا له مامۆستا ده‌كات هه‌ریه‌كه و به‌پێی میزاجی خۆی مه‌لزه‌مه‌یه‌ك دابنێت؟ ئایا ده‌بێت په‌رتووكی قوتابخانه‌كان هێنده له ئاستێكی نزمدا ئاماده كرابن؟
ئه‌گه‌ر له‌و ئاسته نزمه‌دا دانراون، كه‌واته وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و لایه‌نی پێوه‌ندیدار چاوه‌ڕوانی چین و بۆ گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی له بواره‌كه‌دا ناكه‌ن؟ ئه‌گه‌ر پێڕه‌و و پرۆگرامی قوتابخانه‌كانیش له ئاستی پێویستدان، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو مه‌لزه‌مانه له‌پای چی؟
له‌لایه‌كی تره‌وه كردنه‌وه‌ی سه‌دان خولی خێرای ساڵانه كه هه‌مان مامۆستایانی قوتابخانه‌كان بۆ هه‌مان خوێندكارانی خۆیانی ده‌كه‌نه‌وه، جێی سه‌رسوڕمانه، لێره‌دا ده‌بێ بپرسین ئه‌و مامۆستایه‌ی له ماوه‌ی ساڵێكدا نه‌توانێ به‌شی پێویست زانست و زانیاری له بابه‌تێكی دیاركراودا به خوێندكار بدات، چۆنه له خولێكی چه‌ند ڕۆژیدا به‌وپه‌ڕی سه‌ركه‌وتنه‌وه ئه‌و زانست و زانیارییه پێویسته ده‌گه‌یه‌نێت؟ ئه‌مه ڕاستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره و ساڵانه به‌شێكی زۆری خوێندكارانی پۆله جیاوازه‌كان، به‌شداری خولی به‌ناو به‌هێزكردن و فێربوون ده‌كه‌ن له به‌رانبه‌ر بڕێك پاره‌دا كه هه‌ندێك جار نرخی هه‌ندێ له‌و خولانه بۆ ته‌نیا خوێندكارێك ده‌چێته چه‌ند سه‌د هه‌زار دینار.
راستییه‌كه‌ی هه‌موو ئه‌مانه هۆی كوشنده و ناشیرینكهرن بۆ په‌روه‌رده و به‌رده‌وام له شكۆ و ڕێزی په‌روه‌رده كه‌م ده‌كه‌نه‌وه، باڵانسی قوتابخانه كه‌سی و خوله‌كانی به‌هێزكردن و هاوینه به‌رز ده‌كه‌نه‌وه. به‌پێچه‌وانه‌وه له به‌رانبه‌ردا له شكۆ و نرخی قوتابخانه‌ی میریی داده‌به‌زێنن.
به‌شێك له‌م جیاوازی و گرنگیپێدانه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه له‌م وڵاته‌دا هه‌موو كاڵاكان به‌پێی ئه‌و نرخه‌ی له‌سه‌ریان دانراوه، گرنگی و به‌هایان بۆ دیاری ده‌كرێت، به‌م پێیه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی قوتابخانه‌كانی میریی خوێندن و خزمه‌تگوزارییه‌كان تێیاندا بێ به‌رانبه‌ره، وه‌ك زۆربه‌ی شته‌كانی تر لای خه‌ڵك كه‌م به‌هان و ئه‌و خول و قوتابخانانه‌ی كه به پاره تێیاندا ده‌خوێنرێت، گرنگییه‌كی زیاتریان پێ ده‌درێت و ڕێز و به‌هایه‌كی زیاتریان هه‌یه لای خوێندكار و هاووڵاتی ته‌نانه‌ت مامۆستایان و حكوومه‌تیش.
بۆیه تا به‌ربه‌ستێك له به‌رده‌م ئه‌و زیاده‌ڕۆیی و به‌كه‌م سه‌یركردن و بهبازاڕكردنهی په‌روه‌رده‌دا دانه‌نرێت، خه‌ڵك وشیار نه‌كرێنه‌وه له پاراستنی هاوسه‌نگی له نێوان قوتابخانه میری و كه‌سییه‌كاندا و ڕێگری نه‌كرێت له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو مه‌لزه‌مه بێ ناوه‌ڕۆكانه و ده‌رده‌كانی تری بواره‌كه، ناكرێ چاوه‌ڕێی په‌روه‌رده‌یه‌كی گونجاو و سه‌ربه‌خۆ و داهێنه‌ر و پێگه‌یه‌نه‌ری تاكێكی ڕۆشنبیر و گۆشكراو به زانستی سه‌رده‌مییانه بین.