ئه‌مین بۆتانى
سه‌ره‌تاى ههڕهتۆكهى چه‌پایه‌تیم بوو كه دواتر (راست)یش دهرنهكهوتم! له كۆتای هه‌شتاكان ده‌مه‌قاڵێ له نێوان ئێمه‌مانان (گه‌نجانى نه‌ته‌وه‌خوازى چه‌پ و راست) و براده‌رانى پێرفێكت چه‌پ رووى ده‌دا، هه‌مان شت ده‌رهه‌ق به پێرفێكت مسوڵمانه‌كانیش هه‌بوو، من پێم وابوو تا كورد حه‌ز و ئاره‌زووه نه‌ته‌وه‌یییه‌كانى تێر نه‌بن، ناتوانێ بیر له ئهنتهرناسیۆنالبوون بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر بیشیكات شتێكی باش ناكات! بێجگه له‌وه هه‌میشه پێم وابوو (نازانم ئێسته!) گه‌لان جیاوازن له یه‌كترى وه‌ك چۆن خاك و ئاو و هه‌واى نیشتمانهكانیشیان جیاوازه، من ده‌مگوت كورد ئهتنیكێكى جیاوازه له عه‌ره‌ب، به‌ڵام نه‌ك به مانا هیتلهرییهكهى. ئه‌و براده‌رانه‌م كه له پێڕه‌وانى رێكخراوه چه‌په‌كان بوون، پێیان وابوو هه‌موومان براین و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانى دنیا كوڕ و كچی یه‌ك دایك و باوكن و یه‌ك سه‌نگه‌ر و خه‌بات كۆیان ده‌كاته‌وه.
له قۆناغى یه‌كه‌مى كۆلێژ بووم له زانكۆى به‌غدا، نایشارمه‌وه هه‌ندێ جار حه‌زم ده‌كرد بڕواى ئه‌و براده‌رانه ئه‌زموون بكه‌م و راسته‌وخۆ تاقى بكه‌مه‌وه، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌وه‌ى له ناخه‌وه هه‌ستم به بوون و حهقانیهتى ئه‌و جهدهلییهته نه‌فره‌تییه ده‌كرد پێی ده‌ڵێن جیاوازیی چینایه‌تى، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ساردی ده‌كردمه‌وه لایه‌نه هزرییه‌كه نه‌بوو، به‌ڵكو په‌راوێزخستنى جیاوازییه‌كی تر بوو له‌لایه‌ن پێرفێكت چه‌په‌كانه‌وه كه ئه‌ویش جیاوازی نه‌ته‌وایه‌تى بوو.
من ده‌مویست له ده‌ره‌وه‌ى كتێب و تیۆر و ئایدیا و فه‌لسه‌فه واقیعی جیاوازییه‌كان ببینم و جیاوازییه‌ك ئه‌ویتر نه‌سڕێته‌وه و كه‌مبایه‌خ و پاسیڤى نه‌كات. هۆى ئه‌و مه‌یله‌ى خۆم و شێوه‌ى بیركرنهوهكهى خۆم بۆ پێوهستبوونم به شیعر و ئه‌ده‌ب ده‌گه‌ڕێنمه‌وه، بێجگه له‌و ژیانه هه‌ژار و كوله‌مه‌رگییه‌ی تا ماوم به هیچ به‌هایه‌ك نایگۆڕمه‌وه، چونكه ئاشنابوونم به مه‌عریفه‌ى شیعر راسته‌وخۆ ئایدیۆلۆجیاى له‌به‌رچاوم خستبوو، بۆیه له ژیانم شه‌یداى هیچ ئایدیۆلۆجیایه‌ك نه‌بووم به ماناى ته‌حه‌زوب و به‌رگریكردنى كوێرانه له پره‌نسیپی سیاسی و هزرى. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێم وابوو (با ئێسته‌یشى له‌گه‌ڵدا بێ) كورد هه‌ر رێچكه و رێباز و ئایدیا و فه‌لسه‌فه‌یه‌ك بگرێته به‌ر پێویسته كوردبوون له سه‌رووى هه‌ر ئیعتیبارێك دابنێ ئینجا ره‌چاو و ره‌وایی به‌هاكانى دی. له‌وانه‌یه ئه‌و تێڕوانینه‌م له دنیابینی پێرفێكتهكان (شیوعی و ره‌وت و ئیخوانه‌كانه)ه‌وه هاتبێ كه ته‌نانه‌ت باسكردنی نه‌ته‌وه‌خوازی و كوردبوون و مافى سه‌ربه‌خۆیی میلهتانیان وه‌ك عه‌یبه سه‌یر ده‌كرد.
كوڕێكى خه‌ڵكى به‌سره كه له پۆله‌كه‌مان بوو، (ئه‌بو شه‌هاب)ى به‌سراوى بوو به هاوڕێم، جارێكیان سه‌ردانى كردم له‌و ژووره‌ى من و چه‌ند هاوڕێیه‌كی كوردم له هوتێلێكی بابولموعه‌زه‌م به كرێمان گرتبوو باسى زۆر شتمان كرد، متمانه له نێوانمان زۆر پته‌و بوو، كار گه‌یشته ئه‌وه‌ى ئه‌و كوڕه عه‌ره‌به بهسراوییه به په‌رۆشه‌وه باسی گه‌ڕانه‌وه‌ى (مه‌لا مسته‌فا بارزانى)مان بۆ بكات كه له‌كاتى هاتنه‌وه‌ى له یه‌كێتیى سۆڤیه‌تى جاران له ساڵی 1958 چۆن گه‌یشتووه‌ته به‌سره و چۆن ئاپۆراى خه‌ڵكی ئه‌وێ به گه‌رمى و حورمه‌ته‌وه پێشوازییان لێ كردووه، من سه‌یرم لێ ده‌هات، كه‌سێكی شۆڤینی نه‌بووم و نیم، به‌ڵام ئه‌و عه‌ره‌بانه چۆن پێشوازییان له رابه‌رى شۆڕشی كوردستان كردووه، دواتر تێگه‌یشتم كه نه‌ك هه‌ر ماف، به‌ڵكو رێزگرتنیش ده‌سه‌نرێ و نادرێ!.
ئه‌و ساتانه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌بو شه‌هاب به‌سراوى له نادى و رێڕه‌وه‌كانى كۆلێژى یاسا قسه‌مان ده‌كرد، هیچ ترس و به‌ربه‌ستێك له نێوانماندا نه‌بوو وه‌ك له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كانى تر هه‌مانبوو، رۆژێكیان ئه‌بو شه‌هاب له به‌سره گه‌ڕایه‌وه و خورماى بۆ هێنابووین، ئێمه‌ش سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى ته‌نانه‌ت له به‌رانبه‌ر خورماشدا هه‌مانبوو، به‌ڵام به‌ده‌م قسه و دانیشتنه‌وه خواردمان.
منیش سه‌فه‌رێكیان له گه‌ڕانه‌وه‌مدا بۆ هه‌ولێر، گوتم با منیش شتێك له‌گه‌ڵ خۆم بۆ ئه‌بو شه‌هاب ببه‌م، له دڵى خۆمدا گوتم ئه‌و سیمبولى خۆراكێكى بیابانى بۆ هێنام، باشتر وایه منیش له به‌روبوومى شاخى كوردستانى بۆ ببه‌م، نه‌مكرده نامه‌ردى و گوێزم بۆ كڕى له‌و گوێزانهى بارى بكه‌یت و خڕه‌ى نه‌یه‌ت.
كاتێ گه‌ڕامه‌وه به‌غدا ئه‌بو شه‌هابم میوان كرد بۆ ژوورهكهى خۆمان، ئه‌و ساڵانه هاوڕێ عه‌ره‌به‌كانمان له‌به‌رئه‌وه‌ى عێراق گه‌مارۆی ئابووری نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر بوو، زۆر نانى نوردووى ره‌قى كوردی‌یان له‌گه‌ڵدا به‌ش كردین و بێجگه له‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ى جگه‌ره گران بوو ده‌بوو تووتنى خۆشناوه‌تى و لۆلانیش له‌گه‌ڵ خۆماندا ببه‌ین بۆ به‌غدا و بۆشیان بپێچینه‌وه، چونكه (برا) عه‌ره‌به‌كان نه‌یانده‌زانى جگه‌ره بپێچنه‌وه و ته‌نیا ده‌یانزانى عه‌یب نه‌بێ مژی لێ بده‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌بو شه‌هاب كه‌وتینه ده‌مه‌ته‌قێ و هه‌موو جارێكیش باس ده‌هاته سه‌ر مه‌لا مسته‌فا بارزانى و خاكى كوردستان و ئاڵاى كورد چه‌ق و پێوه‌رى به‌یه‌ك گه‌یشتن و لێكدابڕانمان بوون له‌هه‌ر گفتوگۆ و باس و خواسێكى نێوانمان، ئه‌بو شه‌هاب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بوو كورد ده‌بێ سته‌مى لێ نه‌كرێ و نه‌چه‌وسێنرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌بو شه‌هابه عه‌ره‌به كه قسه ده‌هاته سه‌ر جیۆگرافیا و خاك و ئاڵاى كوردستان، یه‌كسه‌ر رێڕه‌وى دانیشتنه‌كه‌مان و بگره هاوڕێیه‌تیشمان ده‌گۆڕا و خراپ لێى سارد ده‌بوومه‌وه، هه‌ر كه ده‌یگوت ئێوه‌ى كورد شایسته‌ى هه‌موو شتێكى باشن، به‌ڵام ئه‌و خاكه‌ى له‌سه‌رى ده‌ژین هى عێراقه، بێزم له‌و عه‌قڵییه‌ته ده‌بووه‌وه وای كردووه ئه‌و ئه‌بو شه‌هابه به‌مجۆره بیر بكاته‌وه، ئیتر وازمان له قسه هێنا و به ناچارى گوێزه‌كانم بۆ هێنا، ماوه‌یه‌ك یاریمان به گوێز كرد و دواتر ئه‌بو شه‌هاب لێى پرسیم: ئه‌مین ئه‌م گوێزانه چۆن ده‌خورێن، ده‌زانى زۆر ره‌قن؟.
له وه‌ڵامدا گوتم، ئه‌بو شه‌هاب ئه‌لوه‌رد، ئه‌مه میوه‌ى شاخه‌كانى كوردستانه، شاخیش میوه‌كانى له‌خۆى ده‌چن، خواردنى گوێز رێك پێچه‌وانه‌ى خواردنى خورمایه، تاقه جیاوازییه‌كى گرنگ له نێوان گوێز و خورمادا هه‌بێ ئه‌وه‌یه خورما له‌كاتى خواردندا فریوت ده‌دا و به‌م شیرینییه‌ى به ده‌وریدا ههڵتدهخهڵهتێنێ، زۆرجار منداڵ بووم ئه‌م خورما فێڵبازه ناوكێكى ره‌قى ده‌رخوارد داوم، له‌و بڕوایه‌دام منداڵی كورد نییه ناوكى خورماى قووت نه‌دابێ! بۆیه هه‌میشه لێى ده‌ترسم ئه‌گه‌رچى ده‌ره‌وه‌ى شیرینه، ئه‌بو شه‌هاب به‌ڵام میوه چیایییهكهى ئێمه زۆر ساده و ساویلكه‌یه و هه‌رچى رهقییهكى هه‌بێ به ده‌ره‌وه‌یه و هه‌رگیز فێڵت لێ ناكات، ده‌توانى (یاریى) پێ بكه‌ى و بیشكێنى و دواجار هه‌ناوه خۆشهكهشى ده‌ربێنى و بیخۆى.
من ئه‌و بابه‌ته‌م له ساڵى (1993) به‌ناوى (ثلجنا من دفئكم یا أحبائی) له ژماره سفری رۆژنامه‌ى (مؤتمر)ى ئۆپۆزسیۆنى عێراقی بڵاو كرده‌وه، ئێسته‌یش دواى 25 ساڵ هه‌مان بیرۆكه‌م به مێشكدا هات، له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌بینم دواى چه‌ندان ساڵ خورما وه‌ك خۆى ههناوێكى ره‌قی هه‌یه و گوێزیش هه‌ر هه‌ناوه خۆشه‌كه‌ى خۆى به شكاندن ده‌گۆڕێته‌وه، هاوسه‌نگه‌رانى كورد له شاخ و سه‌رده‌مى ئۆپۆزسیۆن به جۆرێك بوون و هه‌ر كه گه‌یشتنه به‌غدا و چاویان به خورماكه‌ى ئه‌بو شه‌هاب كه‌وته‌وه، هه‌موو شتێكیان له‌بیر كرد و كه‌وتنه‌وه سه‌روگوێلاكى گوێزى داماو.