وێستگه‌ی راپه‌ڕین

 هه‌رمن ئه‌حمه‌د

 كه‌ باس له‌ وێستگه‌ ده‌كرێت، راسته‌وخۆ بیرمان به‌ره‌و وێستگه‌ی پاس، یان شه‌مه‌نده‌فه‌ر و گواستنه‌وه‌ په‌ل ده‌كشێ. ده‌كرێ وێستگه‌ وه‌ستان بێت بۆ سه‌یركردن و شیكاری له‌ هه‌ر دیارده‌ و وشه‌یه‌ك له‌ سه‌رده‌م و كاتێكدا ببێته‌ وێردی سه‌ر زمانی زۆر له‌ هاووڵاتییان كه‌ گوزارشت له‌ پێكه‌نین، گریان و ئازاریان بكات. ئه‌مه‌ش به‌ ئاسانی له‌ رسته‌ و ده‌سته‌واژه‌ و زمانی ژیانی رۆژانه‌یان خۆی ده‌بینێته‌وه‌. 

وێستگه‌ی ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، زۆرترین و قورسترین ئازاره‌كانی خه‌ڵكی باشووری كوردستان له‌خۆ ده‌گرێت، سه‌رچاوه‌كه‌شی له‌و دیاردانه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت كه‌ له‌ هه‌شتاكاندا رژێمی به‌عس شالاوی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌نفالی گه‌رمیان و بارزانییه‌كان و ده‌یان ناوچه‌ی تری كوردستانی ده‌ست پێ كرد. سێ دیارده‌ی ناشیرین و پڕ له‌ ئازار، ئه‌وه‌یش بووه‌ هۆی ره‌شه‌كوژی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و بازرگانیكردن به‌ په‌رێزی پاكی ژنانی كورد و ماڵوێرانكردنیان و ده‌ربه‌ده‌ركردنیان كه‌ ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدا بێت شوێنه‌واره‌كه‌ی به‌ ژیانی زۆرینه‌مانه‌وه‌ دیاره‌. 

وێستگه‌ی راپه‌ڕین، ده‌سپێكی نه‌وه‌ته‌كان وه‌چه‌رخانێكی مێژوویی شۆڕشی باشووری كوردستان راپه‌ڕینی سه‌رانسه‌ری له‌دایك بوو، ئه‌وه‌یش به‌یداخی كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار له‌ به‌رزایییه‌كانی حه‌مرین هه‌ڵكرا. ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له‌ كوردستان كۆتای هات و ئه‌مه‌ش به‌رگێكی تری به‌ به‌ر نه‌ته‌وه‌ و نیشتماندا كرد و بووین به‌ خاوه‌نی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان. 

وێستگه‌ی شنگال، دوای ده‌یان ساڵ ئارامی و هێمنی باڵی به‌سه‌ر كوردستان كێشا و تا ئاستێك خه‌ڵكی به‌ ژیانی خۆیانه‌وه‌ سه‌رقاڵ بوون، وڵات به‌ره‌و ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانی هه‌نگاوی ده‌نا. به‌ڵام ئه‌مه‌ زۆری نه‌خایاند و رێكخراوی تیرۆرستی داعش سه‌ری هه‌ڵدا و رووی له‌ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد و به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ په‌لاماری شنگالیان دا و برینه‌كانی ئه‌نفال و كیمیابارانیان لا زیندوو كردینه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی به‌عس له‌ رابردوو به‌سه‌ری هێنابووین, داعش له‌سه‌ر كوردانی ئێزیدی دووباره‌ی كرده‌وه‌. 

وێستگه‌ی كه‌ركووك، هه‌رگیز چاوه‌ڕێ نه‌ده‌كرا كه‌ركووك له‌ ده‌ست بده‌ین و ته‌واوی هاوكێشه‌كان به‌م ئاسانییه‌ له‌ شاره‌كه‌دا بگۆڕێن و خه‌ونی سه‌دان ساڵه‌ی كورد له‌ گۆڕ بنرێت، ئه‌وه‌یش به‌ داگیركردنی كه‌ركووك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق، هه‌روه‌ها هێنانه‌ خواره‌وه‌ی ئاڵای كوردستان له‌ هه‌موو شوێنێكی كه‌ركووك و شكاندنی په‌یكه‌ری پێشمه‌رگه‌ و سووكایه‌تیكردن به‌ پیرۆزییه‌كانی كورد له‌ شاره‌كه‌. به‌ده‌ر له‌ مانه‌یش, ئه‌وه‌ی له‌ خورماتوو رووی دا قه‌تلوعامكردنی كورد و ده‌ربه‌ده‌ركردن و ته‌عریبكردنی بوو له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ بووه‌ هۆی ئاواره‌كردنی سه‌دان هه‌زار خێزانی كورد له‌ ناوچه‌كه‌دا. ئه‌مانه‌ هه‌مووی وێستگه‌ی تاڵ و شیرینن كه‌ هه‌رگیز له‌یاد ناكرێن و كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ده‌روونی هه‌ر تاكێكمان هه‌یه‌، به‌جۆرێك خه‌ڵكێكی زۆر دووچاری شڵه‌ژان و بارێكی خراپی ده‌روونی هاتووه‌. 

له‌ راستیدا ده‌بوو به‌ تێپه‌ڕبوونی كات به‌رپرسانی كورد له‌ باشووری كوردستان زیاتر ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی خۆیان به‌ ئه‌نجام بگه‌یاندایه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م وێستگه‌ مێژوویییانه‌ به‌زوویی كوژانه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی شێوازی كاركردنی به‌رپرسان به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا ده‌بێت زیاتر چاوه‌ڕێی هه‌ڵدێر و لێكترازانی زیاتر بن، چونكه‌ ناته‌بایی و ناكۆكی ناوماڵی كورد ده‌رفه‌تی داوه‌ته‌ دوژمنان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی هه‌له‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بیقۆزنه‌وه‌, دواجار باجه‌كه‌ له‌سه‌ر شانی گه‌ل ده‌بێت، بێ ئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیی له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی به‌رپرسان هه‌بێت، بۆیه‌ گرنگه‌ به‌ رژدی شان بده‌نه‌ به‌ر ئه‌ركه‌ گرنگه‌كان و كۆتا به‌ ناكۆكییه‌كان بێنن و یه‌كگرتووانه‌ تێبكۆشن بۆ ئه‌وه‌ی هیوا بۆ خه‌ڵكی كوردستان بگه‌ڕێننه‌وه‌ كه‌ ئێسته‌ پڕن له‌ بێهیوای و له‌ لووتكه‌ی تووڕه‌بوون، له‌وپه‌ڕی ژیانی سه‌خت و گوزه‌راندان كه‌ به‌هۆی ته‌نگژه‌ی دارایی دووچاری بوونه‌. 

پێویسته‌ به‌ كرده‌یی حكوومه‌ت هه‌نگاو بنێت و كۆتا به‌ یه‌كتر تۆمه‌تباركردن بێنن بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كده‌نگی دروست بێت، تا پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق خۆیان به‌ باشی ئاماده‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ به‌هێزیی بچنه‌ ناو دانیشتن و گفتوگۆ سیاسییه‌كانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ یه‌كجاریش بێت پێویسته‌ لایه‌نه‌كان، كۆتا به‌ موزایه‌ده‌ی سیاسی بێنن به‌ تایبه‌تی له‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ كه‌ به‌ یه‌كجاری خه‌ڵكی باشووری كوردستانی هه‌راسان و سه‌رگه‌ردان كردووه‌، نابێت بیرمان بچێت به‌هاری راپه‌ڕینی سه‌رانسه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له‌ ژێر چه‌تری یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی شۆڕش كرا و به‌رهه‌مێكی مه‌زنی هه‌بوو، با ئه‌م به‌هاره‌ نركه‌ و ناڵه‌ی تێكه‌ڵ بكات و له‌گه‌ڵ یادی راپه‌ڕینی 1991 بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی یه‌كڕیزی نیشتمانی، تاكه‌ گه‌ره‌نتییه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نه‌یاران و ده‌ربازبوون له‌م دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ی ئێسته‌ كورد له‌ باشووری كوردستان رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه‌.


AM:09:35:12/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 441 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌