ڕێبه‌ر جاف
كارمه‌ندی كاروباری سیاسی و پێوه‌ندییه‌كان / ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ڕاوێژكاری ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی تایبه‌ت به چه‌كداماڵین.
دوو ساڵ بوو جه‌نگه هه‌شت ساڵییه‌كه‌ی ئێران – عێراق چه‌خماخه‌ی ده‌دا كه له ٢٥ نۆڤێمبه‌ری ١٩٨٢، دایكم و باوكم به ته‌نگه‌تاوی خۆیان گه‌یانده نه‌خۆشخانه، چونكه دایكم له ئان و كاتی ئه‌وه‌دا بوو یه‌كه‌م منداڵی ببێت، ئه‌ویش من بووم. شار له دۆخی ته‌نگژه‌دا بوو، هاتن و چوون به توندی قه‌ده‌غه بوو، له هه‌موو لایه‌كه‌وه ته‌قوتۆق بوو. موعجیزه بوو دایكم و باوكم به سه‌لامه‌تی گه‌یشتنه نه‌خۆشخانه! هه‌ردووكیان ئاماده بوون و ژیانی خۆیانیان خسته مه‌ترسی بۆ ئه‌وه‌ی من ڕزگار بكه‌ن و دڵنیا بن كه ده‌ژیم. له سه‌عاتی 07:20ی سپێده، من بووم. بۆیان گێڕامه‌وه كه له‌بری بیستنی موزیكێكی نه‌رم و له جیاتی ده‌نگی لایلایه‌ی دایكم، یه‌كه‌م ده‌نگێ كه بیستم، پاش ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م قۆناغی ژیانی خۆمم ده‌رباز كرد و هاتمه ناو ئه‌م دنیایه، ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبا بوو!
به درێژایی نۆ ساڵی سه‌ره‌تای ژیانم، به‌رده‌وام گوێم له ده‌نگی زه‌نگی وشیاركه‌ره‌وه‌ی بۆردمانی فڕۆكه ده‌بوو، زه‌نگێك بوو هاواری لێ ده‌كردین تا خێرا خۆمان حه‌شار بده‌ین. له یادمه هه‌موو ڕۆژێك، به هه‌ڵه‌داوان ده‌چووینه ناو ژێرزه‌وینی ماڵی باپیرم تا خۆمان له مردن بشارینه‌وه. منی منداڵ له‌و سه‌رده‌مان، سه‌رم له‌و ژێرزه‌وینه سوڕ ده‌ما! چونكه به تێگه‌یشتنی منی زارۆك، مرۆڤ پاش ئه‌وه‌ی ده‌مرێت، ئینجا ده‌یبه‌نه ناو ژێرزه‌وین، كه‌چی ئه‌م ژێرزه‌وینه‌ی ماڵی باپیرم بووه‌ته ئارامترین شوێن تا تێیدا بمێنینه‌وه.
ژێرزه‌وینه‌كه تژی مرۆڤ بوو. هه‌موو ئه‌و دراوسێیانه‌ی كه ژێرزه‌وینیان له ماڵێ‌دا نه‌بوو، بۆ حه‌شاردانی خۆیان، ڕوویان له ماڵی باپیرم ده‌كرد تا له‌ناو ئه‌و ژێرزه‌وینه‌دا بزر ببن. دۆخه‌كه گه‌له‌ك ترسناك بوو، ژاوه‌ژاو و ده‌نگه ده‌نگ و هه‌راوهۆریا دنیایان ده‌ته‌نی، لێ له‌وه دڵنیا ده‌بووینه‌وه كه ئه‌گه‌ر بمرین، هه‌موو وێكڕا ده‌مرین و پێكه‌وه مه‌رگ ده‌ده‌ین! بۆردمانه‌كان به‌رده‌وام بوون و هه‌ر جارێكیش كه ده‌ته‌قییه‌وه هه‌موو گه‌ڕه‌كی ده‌هه‌ژانده‌وه. هه‌ر كه‌ڕه‌تێكیش ڕووناكییه‌كی پرشنگداری زه‌به‌لاح شاری ڕه‌وشه‌ن ده‌كرده‌وه و به ناو درزی شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌كانی ماڵه‌كه‌ماندا خۆی ده‌پاڵاوت و دزه‌ی ده‌كرده ژوورێ، وریای ده‌كردینه‌وه كه ده‌نگێكی گه‌وره‌ی كاسكه‌ری به دوادا دێت. هه‌ندێ جاریش ڕووناكییه‌كه هه‌نده پرشنگدار ده‌بوو، وای لێ ده‌كردم كه له ناخی تاریكایی هه‌مان ئه‌و ژێرزه‌وینه‌ی لێی ده‌ترسام و ڕقم لێی ده‌بووه‌وه، هه‌ست به ئاسووده‌یی بكه‌م. ده‌نگه‌كه هه‌نده گه‌وره بوو وای ده‌كرد كپی و بێ ده‌نگی ببێته میلۆدیایه‌كی شادی و به گوێچكه‌مدا تێپه‌ڕێت. له پڕێكدا تارماییه‌كی ڕه‌ش ئه‌و سپییاتییه‌ی داده‌پۆشی كه ڕه‌نگه په‌سنده‌كه‌ی من بوو، بۆیه ڕه‌نگی سپیم پێ په‌سند بوو، چونكه هێمای ئاشتی بوو و ئیتر سێبه‌ره‌كه‌ی خۆم بووه باشترین دۆست و هاوه‌ڵم.
له ساڵی ١٩٨٨، بیستمان شاری هه‌ڵه‌بجه كیمیاباران كرا. ته‌نیا چه‌ند خوله‌كێكی خایاند تا پێنج هه‌زار منداڵ و باوك و برا و خوشك و داپیر و باپیر و دراوسێكان، به‌و گازه ژاراوییه قڕ بكرێن. زۆریان له عێلی (جاف) بوون. وا مه‌زه‌نده ده‌كرا كه شه‌ڕی حكوومه‌تی عیراقێ له‌گه‌ڵ ئێرانێ بوو، به‌ڵام كه زانیمان ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی عێراق ئاراسته‌ی فڕۆكه جه‌نگییه ژاراوییه‌كانی له كورد كردووه، باوكم و باپیرم ده‌ستیان كرد به‌وه‌ی نایلۆنیان له په‌نجه‌ره‌كان دا و كه‌لێنه‌كانیان به ئیسفه‌نج گرتن و هه‌موو درزه‌كانی كولانكه بچووكه‌كه و ده‌رگه ئاسنه‌كه‌ی ژێرزه‌وینیان پڕ كردنه‌وه. ده‌یانویست هه‌موو ئه‌گه‌رێكی داچۆڕانی كه‌مترین ئاستی گازی كیمیایی بۆ ناو ژێرزه‌وینه‌كه نه‌هێڵن. خۆشبه‌ختانه هه‌ولێر گازپڕژ نه‌كرا.
تازه شه‌ڕی ئێران – عێراق وه‌ستابوو كه ڕژیمه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن كوێتی غه‌زوو كرد و شه‌ڕێكی تر به‌رپا بوو و شه‌ڕی كه‌نداو قه‌وما. خه‌ونه‌كانی منداڵیم به ژیانێكی ئاشتی و ئارامی، دیسان تێك‌شكان. كه ئه‌و شه‌ڕه به گه‌مارۆی ئابووری سه‌ر عێراقێ ته‌واو بوو، حكوومه‌ت ده‌ستی به بۆردمانی هه‌رێمی كوردی كرد و ملیۆنان كه‌سی شاربه‌ده‌ر كرد. خێزانه‌كه‌ی منیش له‌و شاربه‌ده‌ركراوانه بوون.
عێراقمان به‌جێهێشت و و به‌ره‌و ئێران ڕۆیشتین و ته‌نیا كۆششمان بۆ ئه‌وه بوو كه له‌سه‌ر ئه‌و شاخه به‌رز و به‌سته‌ڵه‌كه‌نه‌دا زیندوو بمێنینه‌وه، چونكه هیچمان نه‌بوو نه بیخۆین و نه بیخۆینه‌وه. خوشكه ساوایه‌كه‌م هێنده وشكه‌وه بوو، تا وای لێ هاتبوو ده‌تگوت مردن ته‌نیا چاوقوچانێك لێیه‌وه دووره.
دایكه به هیمه‌ت و نه‌ترسه‌كه‌م ده‌ستی كرد له ده‌وروبه‌ری ڕێ قوڕه‌كه‌وه، به‌فری پاقژی كۆ ده‌كرده‌وه و له‌ناو له‌پیدا ده‌یتاوانده‌وه و ده‌یدڵۆپانده ناو ده‌می خوشكه ساوایه‌كه‌م، كاشكا وشك نه‌بێته‌وه و بژی! له‌و كاتدا خوشكه‌كه‌م وه‌ك په‌یكه‌رێكی ئێسكی لێ هات، به‌ڵام هه‌ر هه‌ناسه‌ی ده‌دا! له بیرمه، له پشته‌وه‌ی پیكابی، له بن چادر، سه‌ره‌دیقانێمان ده‌كرد، ده‌مانویست بزانین ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌بێت بڕه خواردنێكی پێ بێت و خێرمان پێ بكات. له‌بری ئه‌وه، دیتم دایكێكی گه‌نج به ناچاری په‌نجه‌ی خۆی بڕی و پاشان په‌نجه‌كه‌ی گوشی تا كه‌مێك خوێنی لێ چۆڕانده‌وه ناو زاری كۆرپه‌كه‌ی، خوازیار بوو جگه‌رگۆشه‌كه‌ی بژی! ئاخر دایكه‌كه خۆی برسی بوو، بۆیه دیار بوو كه شیر له مه‌مكیدا وشكی كردبوو. ئه‌وپه‌ڕی ئاواتم له‌و ده‌میدا ئه‌وه‌بوو خوشكه خنجیلانه‌كه‌م ببینم، دیسان، وه‌ك ڕۆحله‌به‌رێكی لێ بێته‌وه و دایكیشم ناچار نه‌بێت خۆی پێ فڕ بكات.
پاش چه‌ند ڕۆژێك مانه‌وه به‌و زستانه سه‌خته و له‌ناو ئه‌و ڕێ پڕ قوڕ و چڵپاوه و له‌و كێوه مه‌ترسیدارانه‌دا، پێمان كرا بگه‌ینه گوندێكی ئێرانی. خێزانێكی میهره‌بان به‌خێرهاتنی هه‌ر پێنجیان كردین. ده‌ری یه‌كێك له‌و دوو وه‌تاغه‌ی هه‌یانبوو بۆ ئێمه‌یان واڵا كرد. بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژان، خوشكه‌كه‌م له چه‌ند دڵۆپێك خۆشابی پرته‌قاڵ بترازێت، هیچی نه خوارد و نه خوارده‌وه. پاشان به‌سه‌ر نه‌ساغییه‌كه‌یدا زاڵ بوو، چاوی هه‌ڵێنا! ئومێدمان به ژیانی ئه‌و بووژایه‌وه. دایكم و باوكم زه‌رده‌خه‌نه‌یان به‌سه‌ر لێواندا هات.
دوای چه‌ند مانگێك له ئێران زانیمان دۆخه‌كه له كوردستانی عێراقدا ئارامه و (ئاسایی) بووه‌ته‌وه و ئیتر ئێمه‌ش به‌ره‌و ماڵ بووینه‌وه، تا سه‌رله‌نوێ ژیانێكی تازه له بنكڕدا ده‌ست پێ بكه‌ینه‌وه. منی په‌نابه‌ری منداڵ، هه‌موو ئاواتم ئه‌وه بوو دیسان بچمه‌وه به‌ر خوێندن. كتێبی نوێ و ده‌فته‌ر و خامه و پێڵاوی نوێم هه‌بێت. زۆری نه‌برد گه‌شامه‌وه كه دیتم كه‌ره‌سته‌ی قوتابخانه‌مان بۆ هاته ناو پۆله‌كه‌مان. وشه‌یه‌كی نوێ فێر بووم: (UNICEF – یونیسێف).
له پێشدا وامزانی (یونیسێف) ناوی كه‌سێكه و ده‌توانم بیكه‌مه نزیكترین براده‌ری خۆم. له یادمه ده‌فته‌ر و قه‌ڵه‌م و قه‌ڵه‌متراشه نوێیه‌كان هه‌موویان شین ده‌چوونه‌وه و ده‌بریقانه‌وه و هه‌مووشیان (UNICEF)یان له‌سه‌ردا نووسرابوو. دوو ساڵی پاشتر، هه‌میشه په‌رۆشی چوونه قوتابخانه بووم. ده‌ستپێكی هه‌موو وه‌رزێكی خوێندن، منی ده‌كرده كامه‌رانترین منداڵ. به‌ڵام ته‌مه‌نی ئه‌و كامه‌رانی و ئه‌و ئومێده‌م كورت بوو، ئاشتی كوژرا!
ئه‌مجاره‌یان شه‌ڕێكی ناوخۆی خوێناوی هه‌ڵگیرسا و هه‌زاران كه‌سی شاربه‌ده‌ر كرد و ئێمه‌یان بۆ سه‌ر سفر برده‌وه! دایكم و باوكم، دیسان كۆششیان كرد تا پاشه‌ڕۆژیكی باشتر بۆ منداڵه‌كانیان فه‌راهه‌م بكه‌ن، ئیتر هیچیان بژارده‌یه‌كیان له پێشدا نه‌بوو جگه له‌وه‌ی دووباره، وڵات جێبهێڵنه‌وه.
له ١٩٩٧ له ئوردن بووینه په‌ناهه‌نده. هه‌رچه‌نده غه‌ریبی وڵاتی خۆمانمان ده‌كرد، به‌ڵام بێ وچان، چاومان له ماڵێكی تازه و ژیانێكی ئاسایی بڕیبوو. ساڵێكمان به ئاواره‌یی له عه‌مان و به پشتیوانی یونیسێف به‌ڕێ كرد.
به‌یانییه‌ك خۆشترین خه‌به‌ری هه‌موو ژیانی خۆمانمان بۆ هات. حكوومه‌تی كه‌نه‌دی خێزانه شه‌ش كه‌سییه‌كه‌ی ئێمه‌ی هه‌ڵبژاردووه تا بۆ كه‌نه‌دا كۆچ بكه‌ین!
له ١٣ی ئابی ١٩٩٨، وه‌ك تازه هاتوو، بۆ یه‌كه‌م جار پێمان له خاكی وینیپێگ Winnipeg دانا و ئه‌و سه‌فه‌ره‌مان كۆتایی پێ هات كه ژیانی هه‌موومانی گۆڕی. له‌و ڕۆژی به‌دواوه، دایكم و باوكم هه‌موو كۆششێكی خۆیان كرد تا بتوانن باشترینی ئه‌و ژیانه‌مان پێ ببه‌خشن كه پێیان ده‌كرێت و بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو ئه‌و باجانه‌یان دا كه له توانای خۆشیان پتر بوون. پێیان گوتین ئه‌م وڵاته تازه‌یه‌مان چه‌نده به‌هاداره. فێریان كردین ئه‌م وڵاته‌مان خۆش بوێت و ستایشی بكه‌ین و ڕێزی لێ بگرین، چونكه ئێمه‌ی له‌و دۆزه‌خه ڕزگار كرد كه كورد خۆی بۆ خۆی گرتییه‌وه.
ئه‌و گۆڕانه‌ی به‌سه‌ر ژیانی ئێمه‌دا هات و له هاووڵاتیی پله دووه‌می وڵاتی خۆمان بووینه هاووڵاتیی پله یه‌كی وڵاتی دووه‌ممان، تێی گه‌یاندین كه ئێمه چه‌نده به‌خته‌وه‌رین چونكه له خاكێكی دووره‌ده‌ستدا ده‌ژین، ئه‌ویش (كه‌نه‌دا)یه. هه‌ر له یه‌كه‌م چركه‌ی كه له ئاسمانێڕا بۆ جاری یه‌كه‌م ئاو و ئاسمانی كه‌نه‌دامان بینی و شه‌قاوی یه‌كه‌ممان له‌سه‌ر خاكی كه‌نه‌دا هاوێشت، تا ئیمڕۆ هه‌رگیز بره‌وی خۆشه‌ویستی ئه‌م وڵاته له لامان هه‌ڵوه‌سته‌ی نه‌كردووه.
باوك دایكم كه پێشتر یه‌كێكیان له زانكۆ وانه‌ی ده‌گوته‌وه و ئه‌وی تریان به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی بوو، به هه‌موو ئیشێكی ڕه‌وا قایل بوون تا بتوانن یارمه‌تی ئێمه بده‌ن و ئێمه‌ش باشترین ده‌ستكه‌وتمان هه‌بێت. هه‌ندێك چه‌شنه كاریان كرد كه هه‌رگیز پێشتر به هزریشیاندا نه‌ده‌هات بیكه‌ن، هه‌ر له كرێكاری كارخانه و پیتزا دروستكردنه‌وه تا ده‌گاته هاژوانی تاكسی و له دواییشدا هه‌ردووكیان چوونه‌وه به‌ر خوێندنی زانكۆ و یه‌كێكیان بووه وه‌رگێڕ و ئه‌وی تریان مامۆستای منداڵانی بچووك. ئه‌وان پاشه‌ڕۆژی خۆیانیان كرده باڵاگه‌ردان تا ئاینده‌ی ئێمه فه‌راهه‌م بكه‌ن. ماندوونه‌ناسیی ئه‌وان و ئه‌و بوارانه‌ی كه‌نه‌دا له ١٣ی ئابی ١٩٩٨ـه‌وه تا ئێسته بۆ خێزانی ئێمه‌ی ڕه‌خساندووه، ئه‌وانه به‌رده‌وام من و تاقه خوشك و برایه‌كانم هان ده‌ده‌ن تا هه‌میشه پاداشتی باوك و دایكم و كه‌نه‌دا و ئه‌وانه‌ش بده‌ینه‌وه كه ئێسته‌یان له ڕابردووی ئێمه ده‌كات.
ئه‌مڕۆش پاش 20 ساڵی ته‌واو له كۆچكردنمان، كاریگه‌ری ماندوو نه‌بوونی دایكم و باوكم گه‌شتی خێزانه‌كه‌م ده‌رسێكیان فێر كردم: ده‌بێت ئه‌وانه‌مان خۆش بوێت و ڕێزیان لێ بگرین كه یارمه‌تی ئێمه‌یان داوه و ئێمه‌یان پاراستووه، به‌ڵام با ئه‌وانه‌ش له‌وانه ڕه‌ت بده‌ین و بڵێین با ئه‌وه‌ی هه‌مانه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا دابه‌شی بكه‌ین كه پێویستیان به ئێمه هه‌یه.
ئه‌و ده‌مه‌ی تامه‌زرۆی فێربوون بووم، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان فێری كردم و ئه‌و ده‌مه‌ی بێ په‌نا و به‌ر هه‌ڕه‌شه بووین، ئێمه‌ی پاراست. ئه‌و كاتانه‌ی بێ ماڵ و حاڵ بووین، كه‌نه‌دا باڵی بۆ كردینه‌وه و بووه ماڵی ئێمه. ئه‌مڕۆش خه‌ریكه وه‌ك هاووڵاتییه‌كی كه‌نه‌دا كار بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌م، بۆیه به هه‌موو هزرێكمه‌وه، جگه له هه‌ردووكیان، ئه‌وانه‌شم خۆش ده‌وێت كه پێویستیان پێیانه.