عومه‌ر چنگیانی
به‌ر له 10 ساڵ و چوار مانگ زیاتر له ئه‌مڕۆ، به هاوئاهه‌نگییه‌كی زۆر جوان و ڕێك‌وپێك له 15 و 16ی شوباتی 2009دا ده‌زگه‌ی موكریانی و زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و ئابانتی توركی "له‌ژێر ناونیشانی "با به‌یه‌كه‌وه به‌دوای ئاشتی و ئاینده‌دا بگه‌ڕێین" كۆنفڕاس، یان كۆمبوونێكی به‌رین و به‌رفره‌یان ساز دا بۆ كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تیی ڕۆشنبیر و خاوه‌ن قه‌ڵه‌م و بگره تا ئه‌ندازه‌یه‌ك سیاسی له هۆڵی مامۆستا سه‌عد لێره له هه‌ولێر، منیش یه‌كێك بووم له هاوبه‌شی كاران و ئه‌وه‌ی من ئه‌وكات لێی تێگه‌یشتم، سه‌ره‌تایه‌كی باش بوو بۆ گوێ له یه‌كتر گرتن له نێوان ئێمه‌ی هاوبه‌شیكار له باشووری كوردستان و ئه‌وانی هاتوو له توركیا كه بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ زۆر به چڕی كۆ بووینه‌وه و به‌هۆی وه‌رگێڕه‌وه لێكحاڵی ده‌بووین. ڕێژه‌ی میوانه به‌ڕێزه‌كان نزیكی 100 كه‌س ده‌بوون و زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی هه‌ردوولا خاوه‌ن قه‌ڵه‌م و بگره لێره هه‌ندێك كه‌سایه‌تی نزیك له سه‌رچاوه‌ی بڕیاردان بوون له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. وێڕای كوردستان تیڤی و كه‌ناڵی كوردستانیی تر، چه‌ندان كه‌ناڵی توركی ڕاسته‌وخۆ دانیشتنه‌كانیان ده‌گواسته‌وه، قسه‌ی زۆر توند له به‌رانبه‌ر یه‌كتر كرا و لێكحاڵیبوون و ئه‌ته‌كێتی سیاسی زۆر و پێكه‌نینی ڕاست و سیاسی و وێنه و كارتی یه‌كترناسین گۆڕینه‌وه و پێوه‌ندی زۆر هه‌بوو، به كرده‌وه‌یش شتی باشی لێ كه‌وته‌وه.
له‌دوای ئه‌و ڕۆژه‌وه كه‌سێكی وه‌ك من له‌كاتی سه‌ردانیكردنم بۆ توركیا، هه‌ستم به‌زۆر گۆڕانكاری كرد و حكوومه‌تی توركیایش كرانه‌وه‌یه‌كی باشی پێوه بینرا و تروسكایی هیوایه‌كی باش ده‌ركه‌وت و گه‌شبینی ده‌خوێنرایه‌وه، له ئاستی خۆمه‌وه وام چاوه‌ڕوان ده‌كرد كه چیتر قۆناغی ڕابردوو ناگه‌ڕێته‌وه و ئه‌و به‌ره‌و ئاشته‌وایی چوونه‌ی نێوان خوشك و برا كورده‌كانمان له توركیا و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، جارێكی تر ناكه‌وێته‌وه ژێر فشار، وه‌لێ زۆر به‌داخه‌وه ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ ئه‌و لێكحاڵیبوون و به‌ره‌و ئاشتی سه‌رانسه‌رییه‌ی ناو توركیا به‌ره‌و داخزان چوو، بگره له‌گه‌ڵ ئێمه‌یش له باشووری كوردستان نه‌خاسمه له‌دوای گشتپرسییه‌كه‌ی ئێمه له 25ی ئه‌یلوولی 2017 له باشووری كوردستان، ده‌مارگیری و گرژی نێوانمان زۆر شتی گۆڕی و كردار و زمانی گوتاری توركیا له‌گه‌ڵ ئێمه له‌وه ده‌رچوو كه هه‌ر سیاسییه‌كان تێی بگه‌ن، بگره گه‌یشته ئه‌و ئاسته نزمه‌ی زۆر له‌و كه‌سانه‌ی كه له ئه‌وروپاوه به‌ڕێی توركیا ده‌هاتنه‌وه كوردستان، دوای ناپاكییه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 له‌كاتی هاتنه‌وه‌یان له ڕێی فڕۆكه‌خانه‌كانی توركیا و سنووره‌وه ئاسته‌نگیان بۆ دروست ده‌كرا، له‌كاتێكدا كه توركیا له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كیشیدا له هه‌موو وڵاته‌كانی ده‌وروبه‌ری ئێمه زیاتر دیموكراسیی تێدا هه‌بوو و هه‌یه. ئیتر قۆناغی سه‌خت هاتنه پێش و توركیا له‌ناوخۆیدا گۆڕانكاری گه‌وره و نائاسایی هاتنه پێش.
كه له 27ی حوزه‌یرانی 2019 واته دوای 10 ساڵ و چوار مانگ و 11 ڕۆژ له‌لایه‌ن زانكۆی لبنانی فڕه‌نسییه‌وه بانگهێشت كرام بۆ ئاماده بوون له یه‌كێك له هۆڵه‌كانی هوتێل شیراتۆن له هه‌ولێر بۆ هاوبه‌شیكردن له‌و وۆركشۆپه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی به هاوئاهه‌نگی زانكۆی لبنانی فڕه‌نسی و سه‌نته‌ری ئۆرسامی توركی سازیان كرد له ژێر ناونیشانی "توركیا، هه‌رێمی كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ئارام"، له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شیكردنه‌كه‌ی پێشوو، حه‌زی بێ سنوورم له ئاشته‌وایی و لێكحاڵیبوون و برایه‌تی گه‌لان و مرۆڤدۆستی، تا ئه‌ندازه‌یه‌كیش ڕێزم بۆ توركیا كه ئه‌وه بۆ چه‌ندان ساڵه بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی هاتوچۆی ده‌كه‌م و ده‌یان دۆست و ناسیاوی هه‌مه‌ڕه‌نگه‌م له‌وێ هه‌یه، بێ سێ و دوو لێ‌كردن ئاماده‌بوونی خۆمم ڕاگه‌یاند و به هه‌مان حه‌زی پێشووه‌وه زیاتریش ئاماده بووم، كه هاوبه‌شیكارانی هه‌ردوولا ڕێژه‌یان زۆر له‌وه‌ی پێش 10 ساڵ كه‌متر و جۆری هاوبه‌شیكارانی به به‌راورد به‌وانه‌ی ئه‌وكات، جیاوازیی زۆری ئاست و پێگه هه‌بوو له نێوانمان، وه‌ك فه‌رمییش ته‌نیا سه‌ركونسوڵگه‌ری توركیا له هه‌ولێر هاوبه‌ش بوو و به چه‌ند وشه‌یه‌ك سه‌ره‌تا قسه‌ی خۆی كرد و هه‌ر له گوته‌كانی به‌ڕێزیانه‌وه، ئاستی وۆركشۆپه‌كه ده‌خوێنرایه‌وه كه خۆیان له‌وه به‌دوور گرت ناوی هه‌رێمی كوردستان بهێنن كه به‌پێی ده‌ستووری عێراقی هه‌رێمه‌كه وای ناوه، ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه به‌پێی یاسای توركیا قه‌ده‌غه‌بێ وا بگوترێت.
به‌ڵێ دوای دانیشتنی یه‌كه‌م و قسه‌كردنی چوار پڕۆفیسۆری تورك، كه سه‌رانسه‌ری قسه‌كانیان له عه‌قڵێكی باڵاده‌ستیی و "ویسایه"وه هه‌ڵده‌قوڵا، له‌وه ده‌چوو ئه‌و به‌ڕێزانه یان زۆر بێ ئاگابن له‌وه‌ی كه پێشتر پێوه‌ندییه‌كان چۆن قۆناغی باشی بڕیوه، یان خۆ والێكردن بوو بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ئێمه‌ی هاوبه‌شیكاران، كه زۆر به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانم نه‌ده‌كرد، له هه‌ندێك دكتۆری ئه‌ندام په‌رله‌مانی كوردستان‌م بیست كه داوای له‌و ڕۆشنبیرانه یان توركیا كرد ببنه براگه‌وره و بێن ئه‌وان ڕزگاربكه‌ن. به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه ئازادییه و بۆچوونی جیاوازه، ئه‌وه‌بوو بۆ ماوه‌ی پێنج خوله‌ك تێچێنێكم هه‌بوو كه ده‌قه‌كه‌یه‌م له‌لا پارێزراوه به ده‌نگ، لێره‌دا پوخته‌كه‌ی ده‌خه‌مه‌وه به‌ردیدی ئێوه‌ی به‌ڕێز كه وێڕای به‌خێرهێنانی میوانه‌كان له توركیاوه بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌م بۆ قسه‌یه‌كی "جه‌واهیر لال نه‌هرۆ"ی باوكی "ئه‌ندێرا گاندی" كرد كه وه‌ك له كتێبی "لمحات من تأریخ العالم" هاتووه و له دوای باسی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك ده‌ڵێ: "به‌م شێوه مسته‌فا كه‌مال، زۆر به‌بێ به‌زه‌ییانه به‌ربووه گیانی كورده‌كان و چه‌ند دادگایه‌كی به‌ناوی دادگای "سه‌ربه‌خۆیی" تایبه‌تی بۆ ڕێكخستن، بۆ مه‌حكومكردنی هه‌زاران كورد، ئه‌وه‌بوو هه‌ردوو سه‌ركرده شێخ سه‌عیدی پیران و دكتۆر فوئاد و زۆری تریانی ئیعدام كرد، ئه‌و سه‌ركردانه‌ی كه گیانیان سپارد و خوازیاری ڕزگاری كوردستان له مێشك و دڵیان‌دا ته‌واو نه‌بوو و نه پچڕایه‌وه، ئیتر به‌م چه‌شنه ده‌بینین ئه‌و توركانه‌ی كه شه‌ڕیان كرد بۆ ئازادی كه‌وتنه پێشێلكردنی ئه‌و كوردانه‌ی داوای ئازادییان ده‌كرد، چه‌ند سه‌یره داخوازی نه‌ته‌وه‌گه‌ری و به‌رهه‌ڵستی له نیشتمان هه‌روا به‌زوویی بگۆڕێ بۆ هێرش بردنه‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی داوای ئازادی ده‌كه‌ن!"1".
ئه‌وه نیشانه‌ی بێ متمانه‌یی هه‌موو كاتی ئێمه و ئه‌وان بووه، داوام كرد وه‌ڵامێك ببیستم كه نه‌مبیست، جگه له‌وه نه‌بێت كه ئه‌و به‌ڕێزانه قسه‌كانی ئێمه‌یان به ده‌مارگیری و توندئاژۆیی وه‌سف كرد.
هێشتا دنیا كۆتایی نه‌هاتووه:
پێم وایه جارێكی تریش ڕۆشنبیر و خاوه‌ن هزر و قه‌ڵه‌م و بگره ڕۆژنامه‌نووسان، له به‌رده‌ممان ده‌رگه كراوه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵێن دۆخه‌كه به‌ره‌و خراپتر بڕوا، بگره ده‌كرێ له كاره‌كانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بایه‌خدانی زیاتر به‌و چالاكییانه لێره‌وله‌وێ بدرێت و هه‌موو كارئاسانییه‌كیش بكرێت به‌و هیوای لێكحاڵیبوونه‌كان زۆرتر بن كه هه‌ردوولا هه‌میشه ئه‌وه‌مان له‌بیر بێت، ڕه‌نگه تینوویه‌تی زۆری توركیا بۆ سووته‌مه‌نی له كورستانه‌وه باشتر دابین بكرێت تا شوێنێكی تر، زه‌وینه‌ی دۆستایه‌تی و ئاشته‌وایی بێ مه‌ڵامه‌تتره له زه‌وینه‌ی لێك هه‌ڵپژان و ده‌مارگیری و وێرانكاری كه هه‌ردوولامان چاك ده‌زانین خاڵه هاوبه‌شه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولامان زۆرترن له خاڵه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان، سه‌رده‌می به وه‌سیبوونی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان ده‌وڵه‌تێك به‌سه‌ر نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تێكی تره‌وه هه‌م تێپه‌ڕیوه و هه‌م زۆریش ئاسان نییه.
په‌ڕاوێزه‌كان:
(1)بنواڕه "لمحات من تأریخ العالم"، لاپه‌ڕه/260، منشورات المكتب التجاری .
تێبینی:
كاتی خۆیشی له لاپه‌ڕه چواری ژماره 1380ی ڕۆژنامه‌ی خه‌باتی 8 ی 3 ی 2004دا ئاماژه‌م بۆ ئه‌م گوته‌یه‌ی نه‌هرۆ كردووه له ناو نووسینێكمدا له‌ژێر سه‌ردێڕی "ئه‌گه‌ر تا ئه‌مڕۆ (جه‌واهیر لال نه‌هرۆ) بمایه، چی ده‌گوت به‌هه‌ندێ له براده‌رانی ئۆپۆزسیۆنی ئه‌وسای عێراقی و ئه‌نجوومه‌نی حوكمـی ئێسته؟".