بارزان محه‌مه‌د عه‌لی- ماسته‌ر له مێژووی هاوچه‌رخ
به‌شی هه‌شته‌م :
له ئه‌نجامی درێژه‌كێشان و توندبوونی ململانێی ناوخۆی به‌عس و درێژه‌كێشانی جه‌نگ له دژی گه‌لی كورد، هه‌لێكی له‌بار بۆ عه‌بدولسه‌لام عارف ره‌خسا، تا له 18/ 11/ 1963 له‌رێی كوده‌تایه‌كه‌وه كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی به‌عسییه‌كان بهێنێت و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌ت بخاته ژێر ركێفی خۆیه‌وه.
هه‌ر له دوای كۆنترۆڵكردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن عه‌بدولسه‌لام عارف له یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی رۆژنامه‌گه‌ریدا بۆ گرێدانی ئاشتبوونه‌وه له‌گه‌لأ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی كورد، رای گه‌یاند: "له‌گه‌لأ برا كورده‌كانمان له‌م وڵاته به هاوبه‌شی ژیاوین و په‌نا به‌خوا تا دوایی هه‌ر به‌و شێوه‌یه له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژین".
له كانوونی یه‌كه‌می 1963دا عه‌بدولسه‌لام عارف به نیازی وتوێژكردن پێوه‌ندیی به سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی كورد كرد. دواتر گفتوگۆی هه‌ردوولا ده‌ستی پێ كرد و له 10ی شوباتی 1964 له‌سه‌ر ئاگربه‌ست رێككه‌وتن، به‌ڵام ئاگربه‌ستی نێوان شۆڕشی كورد و حكوومه‌تی عێراق به‌رده‌وام نه‌بوو، له ساڵی 1965 جارێكی تر له ئه‌نجامی به بنبه‌ست گه‌یشتنی وتووێژه‌كانی سه‌ركردایه‌تی كورد و حكوومه‌تی عێراق، شه‌ڕی نێوانیان هه‌ڵگیرسایه‌وه، چونكه له‌و ماوه‌یه‌ی رابردوودا حكوومه‌ت هیچ هه‌نگاوێكی یاسایی و رامیاری راسته‌قینه‌ی به ئاراسته‌ی ددانپێدانان و به‌دیهێنانی لایه‌نی كه‌می ئامانج و داخوازییه‌كانی كورد، نه‌نا.
كاتێكیش له پێنجی نیسانی 1965 سوپای عێراق هێرشێكی سه‌ربازی به‌رفراوانی له سنووری زاخۆوه تا خانه‌قین كرده سه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان، له ئه‌نجامی به‌ره‌نگاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و شه‌ڕی ئێزیدییه‌كان دژی سوپا، زۆرینه‌ی كورده‌كانی ناو هێزی سه‌ربازیی هێرشبه‌ر، سوپای عێراقیان به‌جێهێشت و هاتنه ناو شۆڕشی كوردستان، بۆیه حكوومه‌تی عێراقی بۆ داوای یارمه‌تی و رزگاركردنی هێزه سه‌ربازییه‌كه‌ی له‌و ته‌نگژه چاوه‌ڕوان نه‌كراوه، په‌نای برده به‌ر توركیا و ئێران، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی حكوومه‌تی توركیا به‌رانبه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی شۆڕشی كورد كه‌م بكاته‌وه، دوو جار نامه‌ی ئاراسته‌ی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی توركیا كرد له‌وانه‌ش سلێمان دیمیریل، به‌ڵام ئه‌وان بێ ئه‌وه‌ی نامه‌كان بكه‌نه‌وه، ده‌یاننارده‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێیان وابوو وه‌رگرتن و كردنه‌وه‌ی نامه‌كانیش دداننانه به بوونی كورددا.
له سه‌ره‌تای مانگی نیسان تا 12ی ئایاری 1966 حكوومه‌تی عێراق نه‌خشه‌یه‌كی فراوانی بۆ ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی ساز كرد. بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییه‌ش پێوه‌ندی كرد به ده‌وڵه‌تی توركیا و په‌یمانی لێ وه‌رگرتن كه رێگری له په‌ڕینه‌وه‌ی پێشمه‌رگه به‌ره‌و خاكی توركیا بكات، له به‌رانبه‌ردا مه‌لا مسته‌فا بارزانی جارێكی تر هه‌وڵی دا ده‌رگه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ توركیا بكاته‌وه و پێوه‌ندی به دیپلۆماته توركه‌كانه‌وه بكات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له كۆتایی ساڵی 1966 (موحسین دزه‌یی) كه ئه‌ندامێكی كارای ناو پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، توانی له رێی بازرگانێكی شاری كه‌ركووك به ناوی (عیزه‌دین قۆجه) چاوی به باڵوێزی توركیا (بها‌و كارتای) له شاری به‌غدا له گه‌ڕه‌كی سه‌عدوون بكه‌وێت.
دزه‌یی بۆچوونه‌كانی بارزانی له‌باره‌ی پێوه‌ندییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیا خسته ڕوو، له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌شدا بها‌و كارتای په‌یمانی گه‌یاندنی ئه‌م بۆچوونانه‌ی بارزانی بۆ حكوومه‌تی توركیا دا.
له ساڵی 1967یشدا بارزانی له هه‌وڵێكی تردا بۆ هێوركردنه‌وه و نه‌رمی نواندنی توركیا ده‌رهه‌ق به هاوكێشه سیاسییه‌كانی عێراق، نامه‌یه‌كی بۆ سه‌رۆك كۆمار جه‌وده‌ت سۆنای (28 ئادار 1966- 28 ئادار 1973) له رێی (عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی) نارد، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك به شێوازی جارانیان نامه‌كه‌یان هه‌ر به پێچراوی بۆ بارزانی نارده‌وه. له به‌رانبه‌ردا نووسه‌رێك له گوتارێكدا به ناونیشانی (قروسكه‌ی كوردانی سوور) له گۆڤاری (ئۆتكنی پان تۆران)ی له حوزه‌یرانی 1967 به زمانێكی توند نووسیویه‌تی، "ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ به زمانه پاشكه‌وتووه چوار پێنج هه‌زار وشه‌ییه‌كه‌یان قسه بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ وڵاتێك بۆ خۆیان دامه‌زرێنن و بڵاوكراوه‌یان هه‌بێ، ئه‌وا با بڕۆن بۆ شوێنێكی تر، له‌وانه‌یه (له شاره‌كانی خۆیاندا) له سه‌دا سه‌دی زۆرینه پێك ده‌هێنن، به‌ڵام خه‌ونبینین به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكه‌وه له خاكی توركیادا، وه‌ك خه‌ونبینینی یۆنانییه‌كانه به دامه‌زراندنی بیزانسه‌وه، وه‌ك خه‌ونبینینی ئه‌رمه‌نییه‌كانه به دامه‌زراندنی ئه‌رمه‌نستانی گه‌وره، بۆ كوێ ده‌ڕۆن با بڕۆن، بۆ ئێران بۆ پاكستان بۆ هیند بۆ لای بارزانی، با بڕۆن داوا له رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ن كه له ئه‌فریقادا شوێنێكیان بۆ بدۆزێته‌وه، ئێوه له خزمه‌تی ناسیۆنالیزمی كوردان، زمانی جیا و قوتابخانه و به‌رنامه‌ی رادیۆیی و چاپه‌مه‌نی و بڵاوكراوه‌ی تایبه‌ت به خۆتان له ئێمه ده‌وێت، بۆ دامه‌زراندنی حكوومه‌تی خۆتان كۆبوونه‌وه‌ی نهێنی ده‌كه‌ن، بارزانی به رێبه‌ری خۆتان ده‌زانن، له توركیاوه چه‌كی بۆ ده‌نێرن، له كۆڕ و كۆبوونه‌وه تایبه‌تییه‌كانتاندا شیعری كوردی بۆ منداڵه‌كانتان ده‌خوێننه‌وه.
نووسه‌ری وتاره‌كه له كۆتادا نووسیویه‌تی، "ئه‌و رۆژه‌ی بۆ پارچه پارچه‌كردنی توركیا شۆڕش به‌رپا بكه‌ن، ده‌بینن كه ئێمه چین! ده‌بینن!".
له سۆنگه‌ی په‌ره‌دان به به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی و ئابوورییه‌كانی خۆی له ناوچه‌كه و رێگرتن له هه‌ر ئه‌گه‌رێكی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی كوردانی ناو سنووره‌كه‌ی، سه‌ركه‌وتنه‌كانی شۆڕشی كوردستان له ساڵی 1969 توركیای خستبووه بارێكی شڵه‌ژاو، وای لێ كرد له هاوكێشه‌یه‌كی دژه كورددا هاوكاری وڵاتانی به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵات و عێراق بكات، له پیاده‌كردنی ئه‌و سیاسه‌ته‌شدا، ئه‌و فڕۆكانه‌ی له ئه‌ڵمانیای رۆژهه‌ڵاته‌وه بۆمبای ناپاڵمیان بۆ به‌غدا ده‌گواسته‌وه، رێی نیشتنه‌وه‌یان له توركیا پێ درا.
به بۆچوونی توێژه‌ران، چه‌ند هۆكارێك له پشت ده‌ستێوه‌ردانی توركیا له باشووری كوردستان و به پیره‌وه‌چوونی پیلانی عێراق بۆ له ناوبردنی شۆڕشی كورده‌وه هه‌بوون، یه‌كێك بریتی بوو له‌و شه‌پۆله نه‌ته‌وایه‌تییه‌ی كه له باشووری كوردستانه‌وه به‌ره‌و باكور هه‌ڵده‌كشا، له ئه‌نجامدا توێژی ده‌سته‌بژێری كورد له توركیا ده‌یانویست به وێنه‌ی كورد له باشوور، بوونی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان له ده‌ستووری توركیا بسه‌لمێنن و مافی هاووڵاتی له توركیادا بۆ كورد به ده‌ست بهێنن.
بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد له باشووری كوردستان به هۆكارێكی تر داده‌نێن بۆ ده‌ستێوه‌ردانی توركیا له باشووری كوردستان، چونكه به‌لای توركیاوه ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سیما سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردانه، هاوكات به‌هۆی كه‌سێتیی مسته‌فا بارزانی كه له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت گه‌ڕابووه‌وه، هه‌روه‌ها شێوه‌ی پرۆگرامی پارتی دیموكراتی كوردستان كه به رواڵه‌ت كۆمۆنیستی بوو، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی وای به‌م شۆڕشه به‌خشیبوو كه له‌لایه‌ن یه‌كێتی سۆڤیه‌ته‌وه پشتگیری ده‌كرێت، سه‌رباری ئه‌مانه روانگه‌یه‌كی تری توركیا بۆ شۆڕشه‌كه، پێوه‌ندییه خۆڕسكه‌كانی شۆڕشی كورد بوو له‌گه‌ڵ باكوری كوردستان.
ئه‌مه مه‌ترسییه‌ك بوو توركیا هه‌ر له یه‌كه‌م رۆژی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشه‌كه‌وه ترسی لێی هه‌بوو كه به دووری نه‌ده‌زانی سه‌ركرده‌ی ئه‌م شۆڕشه مه‌لا مسته‌فای بارزانی وه‌ك له ناوه‌كه‌یدا تایبه‌تمه‌ندی ئاینی پێوه دیاره، به وێنه‌ی شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران 1925، هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره بێت بۆ سه‌ر رژێمی توركیا.
ئه‌م هۆكارانه به‌رده‌وام توركیایان هان ده‌دا تا چالاكی كورد له توركیا و عێراق كپ بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بووه به‌ربه‌ست له به‌رده‌م ئه‌م پیلانه‌دا سۆڤیه‌ت بوو، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی توركیا به پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا و ئینگلیز و وڵاتانی هه‌رێمی بڕیاری دژایه‌تی شۆڕشی كوردی دا له كوردستان، سۆڤیه‌ت له‌گه‌ڵ ئاشكرابوونی ئه‌م بڕیاره ناڕه‌زایی خۆی ده‌ربڕی، ئه‌م خواسته‌ی سۆڤیه‌ت له به‌رژه‌وه‌ندی كوردی باشوور و باكوری كوردستاندا بوو . چونكه له ناوه‌ڕۆكدا پرۆسه‌ی هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی دیجله هاوكاری سه‌ربازی وڵاتانی هه‌رێمی و رۆژئاوا بوو دژی كورد.
ئه‌مه هۆكاری سه‌ره‌كی بوو كه سۆڤیه‌ت توركیا و ئێران و سووریا له ده‌ستخستنه ناو كاروباری باشووری كوردستان ئاگادار بكاته‌وه، هه‌روه‌ها رای گه‌یاند كه ده‌ستێوه‌ردانی هه‌ر هێزێكی ناوچه‌یی له رووی سه‌ربازییه‌وه بۆ باشووری كوردستان، ده‌رئه‌نجامی سیاسیی خراپی ده‌بێت و چه‌ندان ده‌وڵه‌ت به‌ر هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ون، له‌وانه یه‌كێتی سۆڤیه‌ت.
ئه‌مه په‌یامێكی سۆڤیه‌تی بوو كه توركیا و ئێرانی ئاگادار كرده‌وه كه ده‌وڵه‌تی عێراق دوای ئه‌وه‌ی له پاكتی به‌غدا پاشه‌كشه‌ی كردووه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وابه‌سته‌ی هاوپه‌یمانیه‌تی ناوچه‌یی نوێی نییه، بۆیه ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی سه‌نتۆ له كاروباری وڵاتێكی تر كه ئه‌ندام نییه له سه‌نتۆدا، كارێكی مه‌ترسیداره.
له دوای ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی نه‌كاته مه‌یدانێكی جه‌نگ له نێوان بلۆكی رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات، توركیا بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌ستی له كاروباری باشووری كوردستان و شۆڕشی كورد كێشایه‌وه، به‌ڵكو ته‌نیا كارێك كردی سه‌ركوتكردنی كوردی ناوخۆی توركیا و به هێزكردنی سنووره‌كانی بوو به رووی شۆڕشی كوردیدا، ئه‌مه‌ش ئه‌نجامێكی كاریگه‌ری جه‌نگی سارد بوو له‌سه‌ر پێوه‌ندییه سیاسییه‌كانی نێوان توركیا و عێراق و كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر باشووری كوردستان .