كۆمه‌ڵ له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا باجی هه‌ڵه ستراتیجییه‌كه‌ی ده‌دات؟
شه‌قام و جه‌ماوه‌ریی ئیسلامی له كۆمه‌ڵ تووڕه‌ن
كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان له ساڵی ٢٠٠١، له ئه‌نجامی ئینشیقاقێكی عه‌لی باپیر دامه‌زرا كه ئه‌وكات به (باڵه توندڕه‌وه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی) ده‌ناسران به‌رانبه‌ر ماڵی مه‌لا عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز كه میانڕه‌و بوون، عه‌لی باپیر كه ئه‌وكات پێی وابوو رابه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ته‌نیا بۆ بنه‌ماڵه‌یه‌ك قۆرخ كراوه، گه‌نده‌ڵی و پاوانخوازیی دووركه‌وتنه‌وه له شه‌ریعه‌ت هه‌یه و شوورا و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات پێڕه‌و ناكریت، بۆیه ئه‌وه‌ی پێی هه‌زم نه‌كرا و له بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئینشیقاقی كرد.
كۆمه‌ڵ له ساتی دامه‌زراندنیه‌وه، ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی بریتی بوون له‌و كه‌سانه‌ی كه له ئینشیقاقه‌كه‌دا هاتنه ناو كۆمه‌ڵ، هه‌روه‌ها كه‌سانی توندئاژۆ و باگراوه‌ند جیهادی و كۆمه‌ڵێكی تر له خه‌ڵكی ئاسایی كه باكگراوندی ئیسلامی‌یان هه‌بوو.
له ساتی دامه‌زراندیه‌وه ئه‌م حزبه "عه‌لی باپیر" ئه‌میریه‌تی و ئێسته‌ش سه‌رۆكیه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های هه‌یه، له هه‌موو كۆنگره‌كاندا ڕكابه‌ری نه‌بووه و خۆی بۆ پۆسته‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌ته‌وه و ده‌ستبه‌رداری كه‌سی یه‌كه‌می حزب نه‌بووه، خزم و زاوا و كه‌سانی ده‌وروبه‌ری پۆسی باڵایان وه‌رگرتووه، بۆ نموونه عه‌بدولستار مه‌جید زاوای عه‌لی باپیر له كۆنگره ده‌نگی یه‌كه‌می هێنا، له كابینه‌ی پێشوو یه‌ك وه‌زیر درایه كۆمه‌ڵ ئه‌ویش هه‌ر عه‌بدولستار مه‌جید وه‌ریگرت، ئێسته‌ش سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵه له په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌روه‌ها سه‌رقاڵی پێگه‌یاندنی كوڕه‌كانیشیه‌تی بۆ جێگره‌وه‌ی خۆی و هه‌روه‌ها له ناو ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ته‌نیا كه‌سه كه موقه‌ده‌س و بڤه و كاریزمایه و به‌هیچ شیوه‌یه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤی نییه.
مانگی دووی ئه‌مساڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی كۆنگره‌ی چواره‌می خۆی به‌ست، تێیدا دووباره ئه‌م زاته خۆی هه‌ڵبژارد و لێ له كاتی كاندیدكردنیدا وه‌ك هه‌ندێك هاوڕێم له‌ناو كۆنگره‌كه‌دا ئاماژه‌یان پێ دا، چه‌ند ڕسته‌یه‌كی گوتووه له باره‌ی خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی، گوتوویه‌تی "حه‌ز ده‌كه‌م كه‌سێكی تر ئه‌و ئه‌ركه بگرێته ئه‌ستۆ و من ده‌ستم ئاوه‌ڵاتر ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی كۆنگره هه‌ڵمبژێرنه‌وه به ئه‌میری خۆیان، ئه‌وا دڵیان ناشكێنم). دواجار كه گوتراوه دواین بڕیاری خۆت بده گوتزویه‌تی: "به‌رپرسیارێتی من لێی ڕاناكه‌م و بۆیشی ڕاناكه‌م"، بۆیه بۆ جاری چواره‌م به كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كه هه‌ڵبژێرایه‌وه، به‌ڵام له بری ئه‌میر، ئه‌مجاره نازناوی سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی له یه‌خه‌ی درا.
له‌باره‌ی گۆڕینی ناوی ئه‌میر به سه‌رۆك "ڕه‌نگه ته‌نیا حه‌زێكی غه‌ریزی خۆی بێت بۆ وشه‌ی سه‌رۆك"، چونكه ئه‌میر ناوێكی ناجۆره و كۆنه و زیاتر باكگڕاوندێكی توندڕه‌وی هه‌یه و بۆ ئێسته‌ی ئه‌و گونجاو نییه.
به‌ڵام له‌باره‌ی لێكردنه‌وه و ته‌رككردنی وشه‌ی (ئیسلامی)یه‌وه، كۆمه‌ڵ پێی وایه به نه‌مانی ئه‌م وشه‌یه، زیاتر پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری فراوان ده‌بێت و له‌ڕووی ڕێكخستن و ئۆرگانییه‌وه گه‌شه ده‌كات، لایه‌نگر و ده‌نگده‌ر و هه‌واداری زۆر ده‌بێت.
ڕه‌نگه كۆمه‌ڵ وای بیر كردبێته‌وه كه ته‌رابوونی ده‌نگه ناڕازیی و ئۆپۆزسیۆنه‌كان و ئه‌وانه‌ی كه ئومێدیان به بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و حزبه ئیسلامییه‌كانی تر نه‌ماوه، خه‌ڵكی ئاسایی كه باكگراوندیی ئیسلامیان نییه یان زویرن له حزبه ده‌سه‌ڵاتدار و بێ ده‌سه‌ڵاته‌كان، به لێكردنه‌وه‌ی وشه‌ی ئیسلام له خۆی، سه‌رجه‌م ئه‌م جه‌ماوه‌ره كۆ بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده بوو و پێشبینییه‌كی چه‌وته بۆ كۆمه‌ڵگای ئێسته‌ی كوردستان و بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ته‌ڵه‌یه‌كی دانراوه و به كۆمه‌ڵدا ده‌ته‌قێته‌وه.
ئه‌م هه‌نگاوه پێشینه‌ی هه‌یه و پێشتر ئه‌زموونی حزبه ئیسلامییه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی كه گۆڕانكارییان له ناو و ناونیشانیان كردووه، زیاتر مه‌یلی خۆیان به‌ره‌و دیموكراسی و مه‌ده‌نی بردووه، ده‌ره‌نجام ئه‌وانیش تووشی هه‌ره‌سی فیكری و جه‌ماوه‌ری و ئۆرگانی هاتوون وه‌ك له میسر و تونس و مه‌غریب و عێراق.
هه‌ڵبه‌ت به‌لابردنی وشه‌ی (ئیسلامی) چیتر خه‌ڵكی ئیماندار ئه‌و هه‌ست و سۆزه ئاینییه‌ی نامێنێت بۆیان، وه‌ك ئیماندارێك هه‌ست به نامۆی ده‌كات به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی، چونكه ئه‌وه‌ی ده‌نگی به كۆمه‌ڵ داوه و لایه‌نگریه‌تی، ده‌نگدان و پاڵپشتیكردنی كۆمه‌ڵی وه‌ك عیباده‌ت و ته‌قوا و ئه‌ركی ئاینی هه‌ژمار كردووه، هه‌رگیز كه‌سێكی نوێژنه‌كه‌ر و بیروباوه‌ڕ له‌ق له ناو كۆمه‌ڵدا جێی نییه و هه‌ڵناكات له‌گه‌ڵیاندا و دوو ڕێی هه‌یه، یان ڕاده‌ستبوون یان ماڵئاوایی، ئیتر چۆن چاوه‌ڕی ده‌كه‌ن خه‌ڵكه نامولته‌زیمه‌كه بچێته پاڵیان بۆ هه‌ڵبژاردن.
بۆیه خه‌یاڵی گۆڕانكاریی و ریفۆرم و كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ده‌نگه ناڕازییه ئیسلامی و غه‌یره ئیسلامییه‌كان و له‌ژێر چه‌تری كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی، نه‌زۆكه و هه‌مووان ده‌زانن كه ئه‌وانه‌ی سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حزبه ده‌كه‌ن، هه‌مان كه‌سانی ئاینی و جیهادیی ڕه‌وتی ئیسلامی سیاسین له كوردستان.
هه‌ر كه له كۆنگره‌دا بانگه‌وازیان بۆ لابردنی وشه‌ی (ئیسلامی) كرد له كۆمه‌ڵ، ڕاسته‌وخۆ شه‌پۆلێكی ناڕه‌زایی ته‌واوی جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵك و شه‌قام و سۆشیال میدیای هه‌ژاند، بۆیه شه‌قامی ئیسلامی خۆیان هه‌ڵگرتووه تا له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا تۆڵه‌ی خۆیان له كۆمه‌ڵ بكه‌نه‌وه، به‌رانبه‌ر ئه‌و خیانه‌ته‌ی له كۆنگره‌دا لێیان كرا، چونكه خه‌ڵك هه‌رگیز چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێ نه‌ده‌كرا ده‌ست بۆ ئه‌و پیرۆزییه ببات، بۆیه كۆمه‌ڵ مه‌رگی خۆی مسۆگه‌ر كرد بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌كانی داهاتوو. جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵكی ئاسایی مسوڵمان و باكگراوند ئیسلامی به دوای جێگره‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێن، ڕه‌نگه یان ئیعتیكاف بكه‌ن و نه‌چنه ده‌نگدان، یان په‌نا ببه‌نه به‌ر پاڵپشتیكردنی ره‌وته ئیسلامییه‌كانی تر.
ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه چه‌ند كه‌سی دیار و سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ، هه‌رزوو له په‌رچه‌كرداردا هه‌ڵوێستی خۆیان له میدیاكان دژی ئه‌وه ڕاگه‌یاند كه لێكردنه‌وه‌ی وشه‌ی (ئیسلامی) كارێكی هه‌ڵه‌یه و لێی زیانمه‌ند ده‌بین..
ڕه‌خنه‌یه‌كی قورسی تر كه له ئه‌ندامانی كۆنگره ده‌گیرێت ئه‌وه‌یه، ئه‌وان ئازایه‌تی ئه‌وه‌یان تێدا نه‌بوو بڵێن وشه‌ی (ئیسلامی) له ئه‌میر گرنگتر و پیرۆزتره، بۆیه ئه‌میر ده‌كه‌ین به سه‌رۆك، به‌ڵام (ئیسلامی) نابێت ده‌ستكاری بكرێت و وه‌ك خۆی با بمێنێته‌وه.
بۆیه تا گه‌یشتن به هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، خۆری كۆمه‌ڵ به‌ره‌و ئاوابوون ده‌ڕوا و چیتر ئه‌و هێزه كاریگه‌ره نییه لای جه‌ماوه‌ری ئیسلامی و غه‌یر ئیسلامی، له‌و دوڕیانی ئیسلام و دژه‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه، بۆیه باشترین جێگره‌وه بۆ كۆمه‌ڵ ئه‌وه‌بوو خۆی ناو بنێت (كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی ئیسلامی كوردستان)، له كۆنگره‌ی پێنجه‌میشدا به دڵنیاییه‌وه وشه‌ی (ئیسلامی) ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ناوی حزبه‌كه‌یان و هه‌ڵه قورسه‌كه چاك ده‌كه‌نه‌وه.