یەكێتی و چەواشەكاری

AM:11:39:08/07/2021 ‌

ئەو گوشارەی لەسەر كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم هەیە، بە دەگمەن لەسەر هیچ حكوومەت و كابینەیەك هەبووە، وەك دەبینین زۆرینەی لایەنەكانی ناوخۆ و لایەنی دەرەكیش بوونەتە هۆی بارگرانی و دروستبوونی تەنگژە بۆی.

یەكێتی بە مەبەست دەیەوێ ئاستەنگ و گرێوگۆڵ دروست بكات بۆ ئەم كابینەیە، چونكە پێی وایە سەركەوتن و ئەدای باشی حكوومەت، سەركەوتن و سەرفرازی پارتییە نەك هی هەمووان، ئەوان بەو عەقڵەوە بیر دەكەنەوە، بەڵام لەناو خەڵك ئەو ڕاستییە ڕوون بووەتەوە و بەتەواوی بێزراو و ناشیرین بووە كە یەكێتی رۆڵی پێ دەبینێت و كەس نازانێ لە حكوومەتە یان دوژمنە، تەنیا دەزانین هۆكاری نائارامی ژیانی خەڵكە و هەر بەو مەبەستەیش یاری دەكات. 

یەكێتی مانگانە داهاتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، وەك خۆی ناخاتەوە سەر خەزێنەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و هەر رۆژە و پاساوێكی بۆ دەهێنێتەوە. دوا قسەیان ئەوەیە گوایە بەشێك لەو داهاتەی نایگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی حكوومەت، لە سنووری دەسەڵاتی خۆیاندا پڕۆژەی پێ دەكەن، بەڵام بەپێی زانیاری و داتای بەردەستی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، دەركەوتووە یەكێتـی لە كۆی سەرجەم پڕۆژەكانی سلێمانی كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە رەزامەندی لەسەر دراوە، تەنیا 2%ی جێبەجێ كردووە، بەشێكی زۆری پڕۆژە تەواونەكراوەكانیش كە بۆ جاری دووەم حكوومەت پارەی بۆ تەرخان دەكات، دیسان پارەكانیان دیار نییە.

ئەو پڕۆژانەی لە سلێمانیدا كراون جیا لەوانەی كەرتی تایبەت، خەڵك هیچ پڕۆژەیەكی وای لە یەكێتی نەبینیوە كە بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتییان و لە خزمەت خەڵكی سلێمانیدا بێت. بۆیە هەنووكە تەنیا ئەو پڕۆژانە دیارن كە سەرۆكی كابینەی نۆی خۆی بەردی بناغەی بۆ دانان و رێوڕەسمی دەستپێكردنی بۆ ئەنجامدان‌، وەك شەقامی 100 مەتری و سایلۆی سلێمانی و رێی سلێمانی-كەلار، ئەوانە پڕۆژەی ستراتیجی و گرنگن و هەلی كار دەڕەخسێنن.

یەكێتی هەم پارەی سلێمانی دەخوات، هەم پڕۆژەی پێ ئەنجام نادات، هەمیش نایخاتەوە سەر بودجەی حكوومەت و داوای چارەسەركردنی دواكەوتنی مووچەی و دۆخی داراییش دەكات، وەك ئەوەی خەڵك مەڕ بێت و بەو گاڵتەجاڕییەیان باوەڕ بكات، لە كاتێكدا زۆرینەی سنووری سلێمانی دەزانن كە بەقەد بودجەی هەرێم تەنیا دەدزن لە سنوورەكە و قاچاخچێتی و نەوت و داهاتی سلێمانی، پێم وایە هەر 10% داهات دەدەنەوە حكوومەت، ئەوەتا دوو مانگە ئەویش لەكاتی خۆیدا نادەن بۆ ئەوەی یاری بە قووتی خەڵك بكەن.

یەكێتی هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە بە چەواشە گۆش كراوە و بە چەواشەكاریش بەڕێوە دەچێت، ماوەیەكە وا خۆی پێشان دەدات وەك بڵێی تازە هاتووەتە دەسەڵات و تەنیا چەند مانگێكە لە حكوومەتدایە و هیچی بەدەست نەبووە لە رابردوودا. ئەی ئێوە نین لە ساڵی 1991وە تا ئێستە لە سلێمانی داتانكوتاوە و داگیرتان كردووە و هەناسەتان لە خەڵكیش بڕیوە؟ بەراورد بەوەی بۆ سلێمانیتان كردووە، لەگەڵ ئەوەی بۆ خۆتانتان كردووە، جیاوازیی زەوی و ئاسمانە و خەڵكی سلێمانی و دەڤەرەكەیش ئەو ڕاستییە باش دەزانن.

هەموو خەڵكی كوردستان بە یەكێتییەكانیشەوە، دەزانن پارە و داهاتی سلێمانی لە سەردەمەوە تا ئێستە هەر لای یەكێتییە


هەموو خەڵكی كوردستان بە یەكێتییەكانیشەوە، دەزانن پارە و داهاتی سلێمانی لە سەردەمەوە تا ئێستە هەر لای یەكێتییە و فلسێك و قڕانێكی نەداوە بە كەس، بەڵام پارتی تۆمەتبار دەكەن گوایە ئەویش داهات دەبات و نایگەڕێننەوە.

بۆ دیرۆك دەیڵێم، تەماشای هەولێر بكەن و تەماشای سلێمانی بكەن، تەماشای دهۆك بكەن و تەماشای هەڵەبجە بكەن، تەماشای زاخۆ بكەن و تەماشای گەرمیان بكەن، تەماشای سۆران بكەن و تەماشای راپەڕین بكەن، هەركەسێك بە یەك سەیركردن، جیاوازی سەركەوتوویی دەسەڵات و حوكمڕانی پارتی دەزانێت، هەر بە سەیركردنێكی تریش شكست و فاشیلی دەسەڵات و حوكمڕانی یەكێتی دەبینێت.

هۆكاری شكستی یەكێتی لەم سنوورە، ئەم پاشاگەردانی و فرە كوێخاییەیە و هەركەس لای خۆیەوە دەسەڵاتدارە و كەس ددان بەویتردا نانێت و حیساب بۆ یەكتر ناكەن، هەر كەس لای خۆیەوە هێز و چەك و پارە و كۆمپانیا و بەرژەوەندیی خۆی هەیە، بە ئاشكرا دەدزێ و دەبڕێ و قاچاخچێتی و چەتەیی دەكات و كەس پێی ناوێرێت، هەموو ئەم پارانە بەكار دێنن دژی خەڵكەكە و دواتر لەكاتی هەڵبژاردن و دەنگدان، بەشێكی كەمی ئەو پارە دزییە دەدەنەوە بە دەوروبەر و ئەندامانیان، بۆ ئەوەی دووبارە هەڵیانبژێرنەوە و  دەست بكەنەوە بە كاری خۆیان. ئەمە چارەنووسی داهاتی سلێمانی و زۆنەكەیە.

بۆیە ئەم چەواشەكاری و فریوەی سەر شاشەكانیان، دەبێ كۆتایی پێ بێت كە دەڵێن گوایە بە مەبەست ستەم لە سلێمانی دەكرێت، بەتایبەتیش پارتی و حكوومەت تۆماتبار دەكەن بە ئاشكرا و بێ شەرمانە ئەم قسەیە دەكەن، وەك خۆیان هیچ دەسەڵات و ڕۆڵێكیان نەبێت. ڕاستییەكەی ئەمانە هەر ئەوەندەی لێ دەزانن و خەڵكیش بە كەم دەزانن، بۆیە دەیانەوێ بە زمانی گەوجاندن مامەڵەیان لەگەڵ بكەن، بەڵام ئێستە میلەت هۆشیارە.