پەڕجووی كابینەی نۆ

AM:10:39:18/07/2021 ‌
دوو ساڵە هەرچی ڕووداوێكی سروشتی و دەستكرد ڕوو دەدەن، بە زیان و بارگرژی بۆ كوردستان و ناوچەكە تەواو دەبێت، چانسی ئەو دوو ساڵەیش بەر كابینەی نۆ كەوت. بەڵام ژیری و هزرتیژی سەرۆكی حكوومەت، پەڕچووی خوڵقاند و بەگژ هەموو ئەو مەترسی و پلانگێڕی و تەنگژانە وەستایەوە.

ئەم كابینەیە كەوتە زەمەنی كۆرۆنا، كودەتا، درۆن، پشێوی ناوخۆیی، دەرەكی و چەندان قەیران گرفتی تریش. لەلایەك وەستانی ژیان و كەرەنتین و كەوتنی ئابووری لە هەموو وڵاتانی زەوی. لەلایەك ستەمی بەغدا و نەناردنی قووتی خەڵك. لەلایەك شەڕ پێفرۆشتن و دروستكردنی ئاستەنگ لەلایەن تەواوی نەیارەكانی دژ بە حكوومەت، داگیركاری پەكەكە و دروستكردنی پشێوی و دووڕوویی لایەنەكان لە حكوومەت.

لە هەمووی ناخۆشتر وەك چۆن پەكەكە خاكی هەرێم بەكار دێنێ بۆ دژایەتی نەیارەكانی و بووەتە سەرئێشە و گرفت، ئاواش هەریەك لە وڵاتانی زلهێز و دەوروبەر، عێراق و هەرێم بەكار دێنن بۆ ململانێكانیان و ماوەیەكە بەدرۆن وەڵامی یەكتر دەدەنەوە، لەو ناوەندەشدا هەرێم بووەتە قوربانی.

من نازانم ئایا كوردستان بۆ دەبێ ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێكانی وڵاتان و لایەنەكان، تا پشێوی دروست ببێت و كوردستان دۆخی تێكبچێت، مەگەر ئەمە بەدبەختی نییە.

گرفتێكی تر كە ڕووبەڕووی سەرۆكی حكوومەت و حزبەكەی دەبێتەوە، تۆمەتباركردنیانە بە دروستكردنی تەنگژە لەناو لایەنەكان و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی هەندێ حزب كە لە دروستبوونیانەوە هەر ناكۆك و بێسەروبەر و ناتەبا بوون. بێ ئاگا لەوەی كە سەرۆكی حكوومەت و حزبەكەی زۆر گەورەتر لە حزب و كەس و كوردستان بیر دەكەنەوە، ئەوان سەرقاڵی دروستكردنی دنیایەكی ترن بۆ خەڵكی كوردستان، دەستەبەركردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێم و ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی كورد بە دنیا و زۆر شتی گەورەتر.

سەرۆكی حكوومەت سەرقاڵی كەس و شتگەلی بچووك نییە


چما ئەوەندە بێ كارن، تەماشای هەندێ ڕووداو یان حزبی بچووك و خەڵكی لابەلا و شتی بێ كەڵك بكەن، نەخێر سەرۆكی حكوومەت سەرقاڵی كەس و شتگەلی بچووك نییە.  نەخێر چیتر دەبێ ئەو ئیرهابە هزرییە بشكێت و سەرۆكی حكوومەت و حزبەكەی ئەوەندە بێ كار نین، بواری شتگەلی بچووكی وەك دەستوەردان لە كاروباری شارێك یان حزبێكی بچووك یان كەسێكی بێ ناونیشانیان هەبێت.

بۆیە سەرۆكی حكوومەت كار بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایستەتر و ئارامتر و باشتر دەكات بۆ كوردستان و خەڵكەكەی، سەرەڕای ئەو هەموو تەنگژە و ئاژاوەیەی كە دروست بووە، بەڵام كابینەكە بەردەوامە لە پڕۆژە و كارەكانی و كاروانەكە لەسەر كەس ناوەستێت، هیچ قەیران و ئاستەنگێكی ناوخۆیی و دەرەكی نایوەستێنێت و سەقامگیری و دۆخی تەناهی تێكنەچووە، بگرە بە هێزتر بووە لە جاران و كابینەكە بەردەوامە لە خزمەت. ئەو پیاوە خۆی شكێنەر و چارەسەركەری تەنگژەكانە و دەبێ پشتی پێ ببەستین و هاوكاری بین.