هێزی پارتی

AM:09:53:09/10/2021 ‌
هەمووان دەزانین هەر شۆڕش و ڕاپەڕین یان پارت و گرووپێك دروست ببێت، لە ئەنجامی لێكەوتە و كاردانەوەیەكە كە پێویست بووە بۆ ئەوكاتە. لای هەمووان ڕوونە كاتی دامەزراندنی پارتی چەند پێویست و گرنگ بووە بۆ كورد، كە پارتێك دروست ببێت بەرگری لە خاك و نیشتمان بكات و مافی كورد وەربگرێت، شۆڕش و بەرخودان بەرپا بكات لەپێناو گەیشتنی كورد بە ئامانجەكانی.

بەڵام جگە لە پارتی، بێگومان هیچ حزبێكی تر زەروورەتی مێژوویی و لە ئەنجامی پێداویستی و داواكاریی خەڵكی كوردستان، دانەمەزراوە. هەر حزبێك كە لە مێژوو و هۆكاری دامەزراندن و دروستبوونی بڕوانی، دەبینی پێویست و خواستی خەڵكی كوردستانی لەسەر نەبووە و لە ئەنجامی هۆكاری كەسی یان ڕكابەرایەتی و كاردانەوەی ڕووداوێك، یان ناكۆكی و دوژمنایەتی هەر سەركردەیەك و فەرماندەیەك، گرووپێك یان حزبێك لەگەڵ یەكتر، دروستی كردووە بۆ ئەوەی خۆی ببێتە كەسی یەكەم و بگاتە دەسەڵات و بەرژەوەندییەكانی.

بۆیە دەڵێم مادام پارتی پێویستی مێژوو و خواستی خەڵك لە كاتێكی لەبار و گونجاودا دروستی كردووە، جێگرەوە و هەڵقوڵاوی كوردستانییان بووە، بێ شك هیچ حزبێكیش هەنووكە هێندەی پارتی تۆكمە و پتەو و ڕاوەستاو و پێویست نییە بۆ كوردستان.

هێز و مەزنی پارتی سنووری نییە، چونكە پارتی حزب و گرووپ و كۆمەڵە كەسێكی دیاریكراو نییە وەك لە پێناسەی حزبدا هاتووە، بەڵكو هێزێكی دەروونی و ڕۆحی و جەستەییە و هزر و باوەڕ و پەڕجوویەكە كە لە ناخدا دەڕوێت، ئیتر نە مەرز دەناسێت، نە ئاین و نە نەتەوە، نە وڵات و نە زمان و نە ڕەگەز، بەڵكو بێ جیاوازی جێی هەمووانی تێدا بووەتەوە لە هەموو چین و توێژ و زمان و ئاین و نەتەوەیەك.

هەروەها لایەنگر و ئەندامانیشی جیاوازن لە هی تەواوی حزب و لایەكانی تر، هیچ كاتێك ناتوانن دەستبەرداری ئەو ڕێباز و باوەڕە ببن، ناتوانی بەهیچ جۆر و ڕێیەك بە مادە و شتگەلی دنیایی و پارە فریویان بدەی، بەڵكو هیچ كات دوودڵی و ڕاڕایی نایگرێت لەسەر پەیام و باوەڕەكەی. بۆیە هەرگیز وەك مادە و بانك لە حزبەكەی ناڕوانێت و بە مەرامەوە كار و چالاكی بكات، جیاواز لە لایەنگرانی حزبەكانی تر كە تا مادە و پارە نەبینن، ناوكەونە جووڵە.

بۆیە هێزی پارتی ئەو جەماوەرە دڵسۆز و ماندوونەناسەیە كە دوای ٧٥ ساڵ، هەمیشە گەشە و نما دەكات و باڵاتر دەبێت. بۆیە دەڵێم  دوای ٧٥ ساڵ، پێویستە لێكۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر ئەو بابەتە بكرێت كە بۆ دوای ئەوەندە ساڵە، ئەم حزبە هەر گەشە و زیادبوون و بەهێزبووندایە و زیاتر دەچێتە قووڵایی ناخی خەڵكی كوردستان 

هیچ هێزیك نییە شان لە شانی بدات


هەنووكە هێز و مەزنی پارتی لە تۆكمەیی و یەكدەنگیی و كۆكیدایە، هیچ هێزیك نییە شان لە شانی بدات لە هەموو بوارەكاندا، خاوەنی دۆسیەی ڕاستەقینەی گەلەكەیەتی و خاوەنی متمانەی خەڵكی كوردستانە، یەكەمین حزبی گەورەی عێراق و ناوچەكەیە، هەوڵ دەدات دەوڵەتێك بۆ كورد دروست بكات و كورد بگەیەنێت بە ئامانجی سەتان ساڵەی خۆی.

پارتی زۆر گەورەتر بیر دەكاتەوە و دەوڵەتساز و حوكمڕانە، كاری زۆر گەورەتری لە پێشە و ململانێ لەگەڵ ئەم حزب و ئەو حزب و فڵان و فیسار كوردی ناكات، بەڵكو كێبەركێ خۆی دەباتە بەغدا و لە ئاستی عێراقدا چاوی لە سەركەوتنە.

پارتی حزبێكی خاوەن پێگە و ڕەگوڕیشەی قووڵی ناو جەماوەرەكەیەتی، حزبی دایكە و گەورەترین و دێرینترین حزبی كوردستانە، پارتی بۆ كورد پێویستییە، پارتییە كە بتوانێ خاوەندارێتیی كوردستان و دۆزەكەی بكات. بۆیە چاوەڕوانی دەكرێت پارتی سەركەوتنی گەورە تۆمار بكات، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو لووتكە هەنگاو بنێت.