سەرۆك بارزانی بووەتە فۆبیا بۆ ناحەزانی كورد

PM:02:44:08/06/2022 ‌
سەتان ساڵە بارزانییەكان بە بنەماڵە و خاك و وزە و هێز و بیروباوەڕیانەوە، دژی جەور و ستەمی داگیركەر و دوژمنانی كورد و كوردستان دەوەستنەوە و كار بۆ سەرخستنی دۆزی ڕەوای گەلێك دەكەن كە شایستەترین گەلی سەر زەوییە. 

ئێستە سەرۆك بارزانی ڕابەری دۆزی گەلی كوردە لە هەر چوار پارچەی كوردستان و لە دنیادا، هەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وا سەیری دەكات، هەم كوردی دنیا ئومێدیان پێیەتی، ئەویش بێ وچان بەهەموو وزە و توانای خۆی هەر لە سەرەتای پێشمەرگایەتییەوە كە زیاتر لە 60 ساڵە، خزمەت دەكات و كاری گەورە و مێژوویی بۆ كورد دەكات و رێك خۆی بەو بەرپرسیارە یەكەمە دەزانێت كە خەڵك لێی چاوەڕوانن، بەرهەمەكەیشی ئەوەیە كە لەوەتەی مێژوو باسی دەكات، كورد و كوردستان هیچ كات وەك ئێستە سەرفراز و مەزن و خاوەن قەوارە و كاریگەریی و خۆشگوزەران نەبووە.

دەبێت هەموو ناحەزانی كورد ئەوە بزانن سەرۆك بارزانی سیمبول و هێمای نەتەوەییە و كوردستان و بارزانی دوانەیەكن لێك دانەبڕاون و پێكەوە هێز و وزە لە یەكتر وەردەگرن، هەرئەوەیشە وایكردووە رۆژ بە رۆژ پێگەی كوردستان بەرزتر دەبێتەوە و قورسایی دۆزەكە كاریگەرتر دەبێ.   

لە ڕابردوودا زۆرجار هێرشی ناڕەوا كراوەتە سەر كەسایەتی و مێژووی بارزانی، جا چ لەلایەن تاكەكەس یاخۆ حزب و  وڵاتانەوە بێت، بەڵام بابەتەكە هەموو لای كورد روونە بۆ دژایەتیی گەلێكی 50 ملیۆنییە كە تاكەكەسێك نوێنەرایەتییەكی راستەقینەی دەكات و دوژمنیش هەر ئەو دەكاتە ئامانج. لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی و كەسایەتیی ئەو، هەرگیز پەنای بۆ هێرش نەبردووە بۆ سەر هیچ كەس و لایەنێك، لەبەرئەوەی خاوەنی دۆزێكی رەوایە و خۆی ناهێنێتە ئەو ئاستەی كە بە وردە بابەتەوە سەرقاڵ بێت و بابەتە گەورەكانی بكەونە پەراوێزەوە.  

لە ڕابردوودا بەهەموو ڕێیەك دژایەتی سەرۆك بارزانی كراوە، بەڵام هەموو هەوڵەكان نەزۆك و پووچەڵن، بۆیە بەمدواییە هەریەك لە ئێران و توركیا لە بێدەسەڵاتی و دەستەوەستانیان بەرانبەر دۆزی كورد كە خەوی لێ زڕاندوون، پەنایان بردووەتە بەر دراما و فیلم بۆ ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوە، بەڵام یەك رستە هەیە زۆر گرنگە بیزانن بۆ ئەوەی چیتر پارە و تواناكانیان لەو بوارەدا بەفیڕۆ نەدەن، ئەویش ئەوەیە بارزانی لەناو دڵی میلەتەكەیدایە و تا دوژمن دژایەتی زیاتر بكات، ئەم لە دڵی میلەتدا زیاتر باڵا دەكات و خۆشەویستتر دەبێت. 

كەواتە لەبری بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە فیلم و دراما هەڵبەستراوە پڕ پیشەسازیی درۆیە، فەرموون كۆتایی بەو دڵەڕاوكێیە بێنن و رێی ئەقڵ و لۆجیك بگرنەبەر بە چارەسەركردنی دۆزی كورد لە وڵاتەكانتاندا، بۆ ئەوەیش لە كۆتادا هەر دەبێت بێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ بارزانی، بەڵام تا پەلە بكەن باشتر خزمەتی وڵاتەكانتان دەكەن و وزەیەكی زۆرتریش بۆ خۆتان دەگەڕێننەوە، چونكە مێژوو سەلماندوویەتی كورد بە دژایەتیی لە ناوەوە بەهێز دەبێت و هەرگیز جگە لە دانوستان و تێگەیشتن لە مافەكانی، هیچ رێیەكی تر نییە سازشی پێ بكات.