باز ئه‌حمه‌د
هه‌موو تاكێكی نیشتمانپه‌روه‌ر خه‌م و خه‌ونی ئەوەی هه‌یه، به‌ر له‌وه‌ی ژینكردنی كۆتایی پێ بێت، به چاوی خۆی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به ناوی كوردستان ببینێت، زۆرجار به‌هۆی بێزاركردن و سوكایه‌تی وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان به هاووڵاتییانی كورد، هه‌مووان هه‌ست به نیگه‌رانییه‌كی زۆر ده‌كه‌ین، به‌ڵام بەشێک لەو كوردانه‌ی له دوای ڕاپه‌ڕین یان به دیاریکراوی له دوای 2003 كه پاره‌یه‌كی زۆر ڕژایه كوردستانه‌وه و بوون به ملیۆنێر و به ته‌واوی زه‌نگین بوون، هیچ ئیمانێكیان به‌و ئارمانجه نه‌ماوه و به ده‌رزه‌ن ده‌فته‌ره دۆلار ده‌خه‌نه خزمه‌تی وڵاتێكی تری بیانی، تا مافی مانه‌وه و نیشته‌جێبوون و پاسپۆرتی ئه‌و وڵاته به‌ده‌ست بهێنن.
ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه ده‌یكه‌ن كه دوای 2003 به گه‌نده‌ڵی و دەستەوارە/سه‌فقه‌ی ژێر به ژێر توانیان پاره‌یه‌كی زۆر كۆ بكه‌نه‌وه، پێچه‌وانه‌ی هاووڵاتییانی هه‌موو گه‌لێكی گۆی زه‌وییه، مێژوو و ڕابردوو و ئێسته‌ی زۆربه‌ی گه‌لانی دنیا بخوێنه‌وه، له كاتی ته‌نگژه و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌دا خه‌ڵكی سه‌رمایه‌دار كۆمه‌كی گه‌له‌كه‌یان كردووه و ئازاری هاووڵاتییانیان به‌هی خۆیان زانیوه، به‌ڵام ته‌نیا له كوردستان ئه‌مه بوونی هه‌یه، كاتێك كه وڵات بودجه‌ی هه‌بێ و له ڕووی ئابوورییه‌وه پێشكه‌وتوو بێ، هه‌مووان خۆیان به خاوه‌نی ده‌زانن، كاتێكیش تووشی ته‌نگژه دەبێ، هه‌ر یه‌كه و په‌له‌یه‌تی سه‌رمایه‌كه‌ی له كوردستان بكات به پاره‌ی کاش و له ڕێی وه‌به‌رهێنانه‌وه له وڵاتێكی تر، كار بۆ ده‌ستخستنی مافی مانه‌وه و پاسپۆرتی وڵاتێكی تر ده‌كات، ئه‌مه‌یش له ڕووی ئابوورییه‌وه كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه، چونكه چوونه ده‌ره‌وه‌ی پاره له هه‌ر هه‌رێم و وڵات و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، سه‌ره‌نجام كێشه‌ی قورسی دارایی و ئابووری به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ڕووی هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی نیشتمانییه‌وه كارێكی نه‌شیاو و نه‌گونجاوه.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه به دیاریکراوی باسی بكه‌م، ڕووتێكردنی به لێشاوی خه‌ڵكی كوردستانه بە كڕینی پاسپۆرت و مافی مانه‌وه له كۆماری دۆمینیكان كه یه‌كێكه له وڵاتانی ئه‌مه‌ریكای لاتین، ئه‌م كاره له وڵاتانی تری وه‌ك دوورگه‌ی ماڵتا بەهەمانشێوە و به فره‌وانی ده‌كرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی زانیاری وردم له‌سه‌ر ئه‌و جۆره مامه‌ڵه‌یه له‌سه‌ر دۆمینیكان كۆ كردووه‌ته‌وه، ده‌مه‌وێ تیشك بخه‌مه سه‌ر ئه‌و دیارده نانیشتمانییه.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ستم كه‌وتوون، له ماوه‌ی هه‌شت مانگی ڕابردوو، واته چاره‌كی كۆتایی 2019 و نیوه‌ی یه‌كه‌می 2020، نزیكه‌ی 500 هاووڵاتی له هه‌رێمی كوردستانه‌وه مامه‌ڵه‌یان كردووه، تا به ناوی وه‌به‌رهێنان پاسپۆرت و مافی مانه‌وه‌ی وڵاتی دۆمینیكان به‌ده‌ست بهێنن، كاتێك ئه‌و زانیارییانه‌م ده‌ست كه‌وت و بیرم له‌وه كرده‌وه كه ئێسته له 2019 و 2020 كه هه‌ڕه‌شه‌ی تێكچوونی ئاسایشی كوردستان نه‌ماوه، به به‌راورد به ساڵی 2014 و كاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش، ئه‌و ژماره زۆره‌ی خه‌ڵك پاره ده‌به‌نه ئه‌و وڵاته، ئاخۆ ده‌بێ له 2014ه‌وه تا ئێسته چه‌ند كه‌س ئه‌و مامه‌ڵه‌یان كردبێت و چه‌ند هه‌زار ده‌فته‌ره دۆلار كوردستانی به‌ره‌و دۆمینیكان جێهێشتبێت؟.
ئه‌گه‌ر وردتری بكه‌ینه‌وه له ڕووی ئابوورییه‌وه، مامه‌ڵه‌كردن بۆ وه‌رگرتنی پاسپۆرت و مافی نیشته‌جێبوونی كۆماری دۆمینیكان بۆ هه‌ر كه‌سێك 130 هه‌زار دۆلاری تێ ده‌چێ، له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی 20 هه‌زار دۆلاری تر كه له بواری باج و گومرگ بۆ هەمان مەبەست خه‌رجیه‌تی، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێویسته كه‌سی داواكار وه‌ك وه‌به‌رهێنه‌ر مامه‌ڵه بكات و داهاتی مانگانه‌ی له 24 هه‌زار دۆلار كه‌متر نه‌بێت و مامه‌ڵه‌ی هاتن و ده‌رچوونی شه‌ش مانگی پێش واده‌ی پێشكه‌شكردنی مافی مانه‌وه له دۆمینیكان ئاشكرا بكات، هاوکات پاره‌یه‌كی زۆر و زه‌به‌لاح له‌سه‌ر هه‌ژماره بانكییه‌كه‌ی هه‌بێت.
با گریمانه‌ی ئەوە بكه‌ین كه هه‌ر هاووڵاتییه‌ك 150 هه‌زار دۆلار واته 15 ده‌فته‌ر دۆلار تێچوویه‌تی تا مافی مانه‌وه و پاسپۆرتی دۆمینیكان به‌ده‌ست بخات، ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕه پاره‌یه جارانی 500 كه‌س بكه‌ین، ده‌كاته 75 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، ده‌رچوونی ئه‌و پاره زۆره له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه له ماوه‌ی هه‌شت مانگدا له كوردستانه‌وه بۆ دۆمینیكان، كارێكی زۆر ترسناكه و كاتێك لیستی ناوه‌كانم بینی، تووشی سه‌رسڕمانێكی زۆر بووم.
ئاخر قورسه له‌و جۆره مرۆڤانه بگه‌یت كه به ته‌واوی دووڕوو و دووفاقن، له نێو كۆڕ و مه‌جلیسدا زۆرینه‌يان دووپات له نیشتمانپه‌روه‌ری و چاكسازی ده‌كه‌نه‌وه و به كارێكی گرنگی ده‌زانن، جا مرۆڤ له هه‌ر حزبێكی سیاسی بێ، یان هاووڵاتییه‌كی بێ ده‌ره‌تان و بێلایه‌ن، هه‌میشه ده‌یه‌وێ نادادی له وڵاته‌كه‌ی نه‌مێنێت، به دڵنیاییه‌وه ئه‌وانه‌یش له‌مشێوه‌یه‌ن، ڕه‌نگه له كۆڕ و مه‌جلیسه‌كان سه‌رتۆپی ئه‌و باسانه بگرن، كه‌چی له ژێره‌وه به سەتان هەزار دۆلار ده‌نێرنه وڵاتێك کە هه‌زاران میل له كوردستانه‌وه دووره و ئابووری ئه‌و وڵاته به‌هێز ده‌كه‌ن و كوردستان له ڕووی دارایییه‌وه هه‌ژارتر ده‌كه‌ن، كه‌چی له ڕوویش نیشتمانپه‌روه‌ری عه‌یاره 24ن و لافیش به‌سه‌ر خه‌ڵكدا لێ ده‌ده‌ن.
جووه‌كان كاتێك ئیسرائیل له سه‌روبه‌ندی دامه‌زراندنی بوو له هه‌موو دنیاوه پاره‌یان بۆ كۆ ده‌كرده‌وه و لای ئێمه‌یش هه‌مووان پاره له كوردستان ده‌به‌نه ده‌ره‌وه، خه‌ریكه دۆمینیكان و ئابوورییه‌كه‌ی زۆر به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌به‌ن، بە بیركردنه‌وه‌ی زۆرتر له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه، خه‌یاڵی ئه‌وه‌م كرد، تۆ بڵێی كۆماری كوردستان له دۆمینیكان دابمه‌زرێ؟ وا كورده‌كان به لێشاو پاره‌ی بۆ ڕه‌وانه ده‌كه‌ن و ئه‌زموونی جووه‌كان دووباره ده‌كه‌نه‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه وه‌ڵامه‌كه‌ی نه‌رێیە، به خۆزگه و خه‌یاڵ هیچ نایه‌ته دی، له‌به‌رئە‌وه تێگه‌یشتم كه كوردستان له هه‌زاران لاوه سته‌می لێ ده‌كرێ و هه‌ر كه‌س خۆی له ڕووی سامانه‌وه له هه‌رێمه‌كه قه‌ڵه‌و ده‌كات و تێی ده‌ته‌قێنێ و ده‌چێ خزمه‌تی وڵاتێكی بیانی ده‌كات و مانگانه هه‌زاران دۆلار تەنیا باج به‌و وڵاته نوێیه ده‌دات، بەڵام ئه‌گه‌ر له كوردستانیش بڕیار بێ مانگی دۆلارێك وه‌ك باج بداته حكوومه‌ت، قیامه‌ت دروست ده‌كات و هه‌ڵمه‌ت و هێرش دژی یاسا و ده‌سه‌ڵات ده‌ست پێ ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر به ڕاستی له هه‌موو ڕووه‌كانتانه‌وه نیشتمانپه‌روه‌رن، ئه‌وه‌تا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی داوه‌ته پرۆسه‌ی چاكسازی و ده‌یه‌وێ سه‌رچاوه‌كانی داهاتیش فره‌جۆر بكات، له‌جیاتی ئەوەی هه‌ر خه‌می خۆتان بێ، فه‌رموون به‌و پاره زۆره پرۆژه‌یه‌ك له سێكته‌رێك ده‌ست پێ بكه‌ن، به‌م كاره هه‌م نیشتمانپه‌روه‌ری خۆتان ده‌سه‌لمێنن، هه‌م چاكسازی حكوومه‌ت خێراتر دەبێت و مرۆڤ دڵخۆش دەبێ کە خاوەن پارەکان هاوشانی حکوومەت کە چاکسازی دەکات، ئەمانیش کەرتی تایبەت دەبووژێننەوە و هەلی کار دەڕەخسێنن، بەوەیش به‌شدار ده‌بن له ڕێكخستنه‌وه و هه‌ستانه‌وه‌ی كوردستان و به‌و پاره زۆره‌ی لە کوردستان پەیدایان کرد و ئێستە بە دۆمینیكییه‌كانی ده‌ده‌ن، له ڕێی دروستكردنی پرۆژه له كه‌رته‌كان، هه‌م كچ و كوڕی ئه‌م كوردستانە ده‌خه‌نه سه‌ركار و هه‌میش له كه‌لێنێكه‌وه هاوكار ده‌بن بۆ به‌هێزبوونی كوردستان و ئەوکات هەموو کەسیش چاوی لەوە نابێت دابمەزرێت و نزیک دەبینەوە لە خۆبژێوی و سووڕانه‌وه‌ی پاره له ناوخۆی وڵات، نه‌ك دووربردنی بۆ هه‌زاران میل.
ڕاستیتان ده‌وێ خه‌ڵكی ئێمه هه‌مووان ڕوویان له حكوومه‌ته، ئه‌وه‌یش ڕوونه كه حكوومه‌ت وه‌ك باوكی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه، به‌ڵام من وا بیر دە‌كه‌مه‌وه، هه‌موو ئەو كێشانه‌ی له كوردستان هه‌ن، خه‌تاكه‌یان بۆ خه‌ڵك ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه خه‌ڵكه‌كه خۆی ئیمانی به وڵاته‌كه‌ی نییه و هه‌ر به دروشم پشتیوانیه‌تی، جا به‌و بۆنه‌یشەوە به باشی ده‌زانم، هاشتاگ هه‌ر بۆ ئه‌و پاره دروست نه‌كرێ كه دێته به‌رده‌ستی حكوومه‌ت، به‌ڵكو له هه‌موو شت پێویستتره دژی ئه‌و جۆره كه‌سانه هاشتاگ دروست بكرێ كه ملیۆنان دۆلار له كوردستان ده‌به‌نه ده‌ره‌وه، كه ئه‌مه بەپێی بەڵگەکانی بەردەستم نه كاری حكوومه‌ته نه حزب و نه هیچ ڕێكخراوێك، به‌ڵكو كاری كه‌سییه و پێوه‌ست نییه به هیچ لایه‌نێكه‌وه و ئەوانەی لەپڕ هەڵتۆقیون و کوردستانیان وەک ماڵی تاڵانی سەیر کردووە، ئەم داهاتە زۆرە دەبەنە دۆمینیکان.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، زۆر پێویستە حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به خێرایی سیستمی وڵات هه‌مووی بكات به كارتی بانكی و سیستمێكی بانكداری پێشكه‌وتوو دابمه‌زرێنێت، به‌مشێوه‌یه هه‌م ده‌زانرێ هه‌موو خه‌ڵك داهاتی چه‌نده و هه‌میش ڕێ له‌و دیارده نانیشتمانیانه ده‌گیرێت، له ئه‌وروپا به‌مشێوه‌یه هه‌موو گه‌نده‌ڵكار و تاوانباران ئاشكرا ده‌كرێن، كاتێك پاره‌یه‌كی زۆر و نائاسایی بچێته سه‌ر حسابی هه‌ر كه‌سێك ده‌سبه‌جێ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێ، له ترسی ئه‌وه كه‌س ناوێرێ، دزی و گه‌نده‌ڵی بكات، چونكه دواجار هه‌ر ئاشكرا ده‌بێ و به تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره حوكمی ده‌یان ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت. ئەوەش هەر بە مافی حکوومەت دەزانم بدات بەسەر ئەو ناپاکانەی بواری داراییدا و دەست بەسەر پارەکانیاندا بگرێت و داوا لە وڵاتان بکات ئەو پارانەی بۆ بگێڕنەوە، هەڵبەت دوای بە یاساییکردنی دۆسییەکانیان لە دادگای کوردستاندا، چونکە ئەو کەسەی 150 هەزار دۆلار ئاوا بێخەم بە پاسپۆرت بدات بەدڵنیاییەوە پێوەی ماندوو نەبووە و ملیۆنانی تری خەوتووی هەیە کە بە نایاسایی دەستی کەوتووە، ئاخر کەسێک بە ماندوێتی پارە پەیدا بکات چاوی لە یەک دۆلاریشە کە بەفیڕۆی نەدات، نەک ئەو بڕە زەبەلاحە و ئەو هەزاران کەسەی دەستیانکەوتووە.