بۆمبارانكردنی ھەرێمی كوردستان و شتی تریش

PM:04:48:07/07/2019 ‌

بۆمبارانكردنی سنوورەكانی ھەرێمی كوردستان كە لەلایەن دوو دەوڵەتی زلھێز لە ناوچەكە ئەنجام دەدرێن، ئەویش تا ئاستێك ئێران و بەشێوەیەكی بەردەوامیش توركیا. ئەو بۆمبارانكردنە بەردەوامانە ھۆكارەكەی ڕوون و ئاشكرایە و دەتوانم بڵێم تا پەكەكە چالاكییەكانی ڕانەگرێت، بۆردمانەكان بەردەوام دەبن. ھەر كەسێكیش پێی وابێ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كەمتەرخەمە، ڕاست دەكات. بەڵام چۆن؟

دەبێ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی خاك و ھاووڵاتییانی، كۆدەنگییەك لەسەر نەھێشتنی چالاكییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەو ھەرێمە دروست بكات بە ھەموو لایەنەكانەوە، چونكە ھەرێم لە بارودۆخێكی زۆر ناسكی سیاسی و ئابووریدایە. لە دوای گرژی و ئاڵۆزییەكانی ساڵانی ڕابردوو، وەك ڕیفراندۆم و بەدوایدا ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و مانەوەی كاریگەرییەكانی تا ئێستەیش، بۆیە خەریكە ھەرێم دەچێتە ناو قۆناغێكی تازەی پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و وڵاتەكانی ناوچەكە. 

جگە لەمەیش، ئەگەر سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك كۆمارە كوردەكەیش پێیان وایە عێراقێكی یەكپارچە ھەیە، پێویستە بە ھێز و كاریگەرییەوە بێنە ناو كێشە و گرفتەكان. توانای ڕووبەڕووبوونەوەیان بۆ ھەر ئەگەرێكی خوازراو و نەخوازراو نیشان بدەن. 

بۆ پارتی كرێكارانیش ئەگەر پێی وایە بە خەباتی چەكداری دەتوانێ لەگەڵ دەوڵەتێكی گەورەی سەربازی وەك توركیا بگاتە ئەنجام، با چالاكی و شەڕەكانی بباتە دەرەوەی سنوورەكانی ھەرێم. ئەوەندەی من دەوروبەری شاری دیاربەكرم بینیبێت، خاوەنی دەشتاییەكی زۆر و پڕە لەو بەردە گەورانەی كە كەشتییەكەی نووح لەگەڵ خۆی ھێنان! بەلای منەوە ھەڵەترین بژاردەیشیان لەگەڵ توركیا، خەباتی چەكدارییە، چونكە ھەموومان دەزانین توركیا خاوەنی ھێزێكی زەبەلاحە و پێگەی تایبەتی لەناو "ناتۆ"دا هەیە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە خاوەنی سوپایەكی تۆكمە و كارامەیە لەگەڵ ھەبوونی تەكنەلۆجیای سەربازی. بە زیادبوونی ھەر ژمارەیەكیش لەسەر ساڵەكانی ژیان، ئەو وڵاتە لەرووی سەربازییەوە بەرەوپێش دەچێت، ئەمەش ڕاستییەكی حاشا ھەڵنەگرە.

وەك دیارە دەمێكە خەباتی چەكداری لە لایەن ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان ڕەت كراوەتەوە و دەزانێ چارەسەرە ڕیشەییەكان بەمشێوەیە ناكرێت. 

دوورخستنەوەی ئاگر ئەگەر لە یەك بستی خاكی ھەرێمی كوردستانیش بێت، ئەركێكی ئەخلاقی و بەرپرسیارانەیە، چونكە ھەرێمی كوردستان لە ھەر كات و ساتێكی پێویستدا دەستی یارمەتی و ھاوئاھەنگی بۆ ھەر پارچەیەك دەباتە پێشەوە، بەتایبەتیش لە ڕووی دیپلۆماسی و میدیاییەوە، زەوینەیەكی لەبار و كەم سانسۆری لە ناوخۆ بۆ پارچەكانی تری كوردستان ڕەخساندووە.
جا قسەوباسی ھێرشكردن و لایەنگری، ئامانج و ستراتیجیی پشت ھەر بابەت و رووداوێكن دوای روودانیان. مشتومڕی یەكەم خولەكیش لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكانەوە دەست پێ دەكات، بێسەروبەرییەكی لە ڕادەبەدەر دروست دەكەن و من پێم وایە ئەو  تۆڕانە گەورەترین كێشەی وڵاتانی سێیەم و پەراوێزە لە دنیادا.

بەڵگەش بۆ تەواوی قسەكانم، ھێرشی بێ بنەما و ناڕاستە كە بەردەوام لەو دەڤەرانەی خۆمان ئەنجام دەدرێن. لەسەر ھەر شتێك كە پێوەندی بە ژیانی تاك و كۆمەڵەوە ھەیە، وەك دەڵێن فیشەك بە تاریكییەوە دەنێن. گرنگترین ھەوڵەكانیشیان ئاراستەكردنی جەماوەرە بە ھەموو تایبەتمەندییەكانیەوە، بۆ ئەو بابەتانەی باسی ڕۆژ دروست دەكەن، بەشێكی تریان بۆ ماوەیەكی زیاتر یان كاتێكی تر دەمێننەوە، بەو ڕیتم و سیاسەتەی كاری بۆ دەكەن. توێژێكی جەماوەریش بەبێ ئەوەی خاوەنی بڕیاری دەروونی و جەستەیی خۆیان بن، لە بەرانبەر ئەو پرس و بابەتانەی لە كۆمەڵگە دەتەقنەوە، لەگەڵ عامێ، دەچنە شامێ! 

لەگەڵ پێچەوانەبوونی 100%ی بابەتەكانیش، دەستەوەستان دەوەستن و توانای ھیچ بڕیارێكی ڕاست و دروستیان نییە.

ھەر بەپێی ئەو زانیارییە ڕۆژنامەوانی و زانستییانەی لەسەر ڕاگەیاندن خوێندوومە، ھەروەھا ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییانەی بەكارھێنانی باش و خراپی ئامرازەكانی ڕاگەیاندن دەستنیشان دەكەن، وەك ڕۆژی ڕووناك لەبەر چاومانە و دەزانین داھاتووی ئەو پەیامانە بە ئاقارێكی خراپدا دەڕوات. 

سەرەنجام كۆمەڵگەیەكی تەقلیدی و ناتەندروستی وا بونیاد دەنێ، بەجۆرێك "با" ڕوو لەھەر جێیەك بكات، وەك پووشكە دەیانفڕێنێت.